سکرتێری کەمئەندامانی کوردستان: موچەی زیاتر لە 20 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت دەبڕدرێت

- 4/11/2019 10:35:00 AM 10102 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سکرتێری گشتی کەمئەندامان رایگەیاند، بەهۆی جێبەجێنەکردنی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە موچەی زیاتر لە 20 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت دەبڕێت.

سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی رێکخراوی یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، تا ئێستا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری نەداوە بۆ کەمکردنەوەی کە رێژەی کەمئەندامی ئەوکەسانەی فەرمانبەرن لە سەدا 70 بۆ لەسەدا  55، بۆئەوەی ژمارەیەکی زۆر خاوەنپێداویستی تایبەت موچەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی نوسراوەکەی کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران تا رەزامەندی لەسەر ئەو بڕیارە دەرببڕن، بەڵام تا ئێستا هیچ نیەتێک نییە بۆ جێبەجێکردنی بە هۆیەشەوە زیاتر لە 20 هەزار کەس موچەکانیان دەبڕێت.

سامان حسێن راشیگەیاند، "ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێنەکرێت هەفتەی داهاتو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندان ئەنجامدەدەین، داواش لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکەین هەڵوێست وەربگرن لە بەرامبەر ئەو بڕیارە تا موچەی هەزاران فەرمانبەر بگێڕدرێتەوە".

سکرتێری یەکێتی کەمئەندامان داوایەک لە سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دەکات و دەڵێت، "واز له شەڕى كورسی بهێنن فریاى ژیانى كەمئەندامان بكەون، ئەگەر خەمى خەڵكتانه و بەناوى خەڵكەوه له پەرلەمانن هەوڵی جددى بدەن بۆ گێڕانەوەى موچەى بەناهەق بڕاوى هەزاران كەمئەندام.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP