وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ناردنی موچەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە رونکردنەوە دەدات

- 4/10/2019 11:22:00 PM 46679 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، حکومەتی عێراق هیچ نوسراوێکی لەسەر ناردنی موچەی چوار مانگی پێشمەرگە بۆ هەرێم نەناردوە، تەنها رەزامەندی نیشانداوە لەسەر خەرجکردنى ئەو پارەیەى لە بودجەى عێراقدا بۆ هێزەکانى پێشمەرگە تەرخانکراوە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە خەندان-ی راگەیاند، لەمانگی رابردودا وەزیری دارایی عێراق داوایلێکردین، کە نوسراوی فەرمی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و بەرگری و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکەین بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە بودجەیەی لە وەزارەتی بەرگری عێراقدا بۆ موچەی پێشمەرگە دابینکراوە، دوای ناردی ئەو نوسراوە چەند نوسراوێک لەنێوان وەزارەتی بەرگری و داراییدا ئاڵوگۆڕکراوە بۆ خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە.
دوێنێ نوسراوێکمان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بە واتسئەپ بۆ هاتوە، کە باس لە خەرجکردنی بودجەی پێشمەرگە دەکات لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراقدا

 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە وتیشی، "دوێنێ نوسراوێکمان لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە بە واتسئەپ بۆ هاتوە، کە باس لە خەرجکردنی بودجەی پێشمەرگە دەکات لە بودجەی وەزارەتی بەرگری عێراقدا، کە لەمادەی ١٠ی یاسای بودجەدا هاتوە".

جەبار یاوەر دەشڵێت" ناوەڕۆکی نوسراوەکە باسلەوەدەکات، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزارەتی بەرگرییەوە گوازراوەتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی و لە مانگی کانونی دوەمی ئەمساڵەوە دەست بە خەرجکردنی بکەن تا کۆتایی ساڵی 2019 ، بەهیچ جۆرێک باس لە خەرجکردنی چوار موچە ناکات بەسەریەکەوە".
 
رونیشیکردەوە، "ئەو بڕە پارەیەش بۆ یەک ساڵ 816 ملیار دینارە و بۆ یەک مانگ 68 ملیار دینارە، کە لە نێوان وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق لەگەڵ ئەو بودجەیەی کە مانگانە دێت بۆ هەرێم دەنێردرێت، کە بەشی نیوەی موچەی هێزی پێشمەرگە ناکات، چونکە هێزەکانی پێشمەرگە مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 140 ملیار دینار هەیە.

سەبارەت بەوەی بۆچی بە واتس ئەپ نوسراوەکە هاتوە بە فەرمی نەهاتوە وتیشی، "بۆئەوەی ئێمە پەلەبکەین لە بەدواداچون و ئەنجامدانی پرۆسەکە".
لە هەفتەی داهاتودا نوێنەری ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراوی فەرمی ئەمینداری گشتی سەردانی بەغدا دەکات سەبارەت بە چۆنێتی خەرجکردنی پارەکە

 

دەربارەی ئەوەی کە ئایا حکومەتی عێراق چوار موچە بەسەریەکەوە بۆ پێشمەرگە دەنێرێت وتیشی، لە هەفتەی داهاتودا نوێنەرێکی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بە نوسراوی فەرمی ئەمینداری گشتی سەردانی بەغدا دەکات، بۆئەوەی سەردانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی بکات، ئەوکات دەزانین رێکارەکانی چۆنێتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە چۆنە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، سیستەمی پێدانی موچە لە هەرێم یەک سیستەمە، ئەو بڕە پارەیە دەدرێتە وەزارەتی دارایی هەرێم ئەو دابەشی دەکات، نەک وەزارەتی دارایی یاخود بەرگری عێراق موچەی پێشمەرگە دابەشبکات.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP