عێراق لە بەرامبەر وەرگرتنی بەندکراوانی داعشدا داوای چەندین ملیار دۆلار لە ئەمریکا دەکات

- 4/10/2019 10:58:00 PM 1332 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حکومەتی عێراق، داوا لە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکات لە بەرامبەر گەراندنەوەی سەدان بەندکراوی چەکدارانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق چەندین ملیار دۆلاری پێبدات.

بەگوێرەی راپۆرتێکی تەلەگرافی بریتانیا، هەفتەی رابردوو حکومەتی عێراق داواکارییەکی پێشکەش بە هێزی هاوپەیمانان کردوە، کە لە بەرامبەر گەڕانەوەی هەر سەربازێکدا و زیندانیکردنی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گرتوخانەی بەغدا بڕی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار وەربگرێت.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، داواکردنی ئەو بڕە پارەیە لەسەر بنەمای ئەو تێچوانەیە کە بۆ زیندانیانی داعش لە گرتوخانەی گوانتانامۆ لە ولایەتە یەکگرتووەکان خەرجدەکرێت.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق کە نەیوستوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە تەلەگرافی راگەیاندووە، ماوەی هەفتەیەکە ئەو داواکاریەیان پێشکەش کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان وەرنەگرتوەتەوە.

زیاتر لە هەزار چەکداری بیانی سەر بە گروپی تیرۆرستی داعش لە زیندانییەکانی سوریا لەلایەن هێزە کوردییەکانی سوریا دەستگیرکراون، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ وڵات کە هاوڵاتیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە داعش لە زیندانەکانی سوریا دەستگیرکراون، رەتیدەکەنەوە زیندانیەکانیان رادەست بکرێتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP