ئه‌ندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: بارزانی سەردانی سلێمانی دەکات
سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای پارتی: دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمان لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی بو

- 4/10/2019 9:40:00 PM 26321 جار خوێندراوەتەوە


خەندان-

ناكۆكییه‌كانی پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان له‌باره‌ی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ و كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانیش كه‌ تایبه‌ت بو به‌ ده‌نگدانی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر داوای نێچیرڤان بارزانی بۆ هه‌فته‌ی داهاتو دواخرا، بارزانی داوایكرد مۆڵه‌تی پێبدرێت تاوه‌كو دەرچەیەک بۆ داخوازیه‌كانی یەکێتی و رەزامەندی گۆڕان بدۆزێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای پارتی نزیك له‌ نێچیرڤان بارزانی به‌ خه‌ندان-ی وت، "بڕیاره‌ سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ شاندێكی پارتی سه‌ردانی گردی زه‌رگه‌ته‌ بكات و پێده‌چێت نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ بكات و له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆببێته‌وه‌".

خه‌ندان زانیویه‌تی، سه‌ردانی سبه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆلای گۆڕان به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی دەرچەیەکه‌ بۆ ئەوەی داخوازیه‌كانی یەکێتی به‌جێبهێنێت و رەزامەندی گۆڕانیش وه‌ربگرێت.

هێمن شێخانی: سەردانی سبه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستبونی لێکتێگەیشتنە لە نێوان لایەنەکاندا



هاوكات هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان زانیاریه‌كه‌ی بۆ خه‌ندان پشتڕاستكرده‌وه‌ و وتی، "ئەو سەردانەی سبه‌ی نێچیرڤان بارزانی بۆ دروستبونی لێکتێگەیشتنە لە نێوان لایەنەکاندا، بۆ ئەوەی ئەو وردە ناکۆکییانەی لە نێوان لایەنەكاندا هه‌یه‌ نەمێنێت". 

سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌

شێخانی وتیشی، "ئەم سەردانە چاوەڕواننەکراو بوە، ئێمە لە پەیوەندیدا دەبین ئامادەکاری دەکەین و بۆ ئەوەی بەرنامەی خۆمان دابڕێژین، ئەگەر هاتنی شاندی پارتی بۆ زیادکردنی جێگری سەرۆکی هەرێم بێت ئامادەکاری بکەین بۆ وەڵامدانەوەی ئەوان".

جڤاتی نیشتمانی به‌ زیادکردنی جێگری سەرۆکی هەرێم رازی نییه‌

 

له‌باره‌ی رازیبونی جڤاتی نیشتیمانی بۆ دانانی دو جێگر بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هێمن شێخانی ده‌ڵێت، "پێم وانییە جڤاتی نیشتمانی رەزامەندی بدات لەسەر زیادکردنی جێگری سەرۆکی هەرێم، لە ئێستاشدا هەر رێککەوتنێک بکرێت، دەبێت بچێتە ژێر چەتری رێکەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی".

نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد مۆڵه‌تی بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌

 

بڕیاربو کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشه‌ممه‌ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی، یەکێتی و گۆڕان کۆبونەوەکە دواخرا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرد مۆڵه‌تی بده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بدۆزێته‌وه‌.

ناکۆکیەکانی پارتی، یه‌كێتی و گۆڕان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە دروستبو کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان کە پێشتر رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردبو بۆ وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم ره‌تیكرده‌وه‌ بەدانانی دو جێگر رازیی ببێت.

كوێستان محه‌مه‌د: له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربون له‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم داوای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین

 


كوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ خه‌ندان-ی وت، "ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربون له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان داوامانكردوه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌مان پێ بدرێت، به‌ڵام ده‌بێت یه‌كێتی موافه‌قه‌ت بۆ ئه‌وه‌ بكات، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ بڕیاردراوه‌ بدرێته‌ یه‌كێتی".
وه‌رگرتنی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كلابوه‌ته‌وه‌

 

له‌باره‌ی وه‌رگرتنی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌ كوێستان محه‌مه‌د وتی، "وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌ پێشتر باسكراوه‌ و یه‌كلابوه‌ته‌وه‌، له‌ عێراقدا هه‌یئه‌یه‌ك دروستده‌كرێت و یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ ئه‌و هه‌یئه‌یه‌ پشكی گۆڕانه‌".

یه‌كێتی به‌ڵێنی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی وه‌رگرتوه‌ و ده‌ستبه‌رداری نابێت

 


یه‌كێتی كه‌ ئێستا به‌هۆی زۆری ژماره‌ی كورسییه‌كانی و بونی هێز و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ خۆی به‌ خاوه‌نی قه‌ڵه‌مڕه‌وی سلێمانی ده‌زانێت، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نابێت، هاوكات جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانیشی ده‌وێت، كه‌ رۆژی سێی ئه‌م مانگه‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی به‌ ته‌له‌فۆن دڵنیایی دایه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كه‌ كاندیدێكی یه‌كێتی له‌سه‌ر ئه‌و كورسییه‌ داده‌نیشێت. 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: رێككه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتییه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕان

 


فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بۆ خه‌ندان وتی، "رێككه‌وتنی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتییه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ گۆڕان، رێككه‌وتنی گۆڕانیش له‌گه‌ڵ پارتییه‌ نه‌ك له‌گه‌ڵ ئێمه‌، بۆیه‌ دو رێككه‌وتن هه‌یه‌ و پارتی پابه‌نده‌ به‌وه‌ی هه‌ردوكی جێبه‌جێ بكات".

ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت پێویسته‌ پارتی و گۆڕان خۆیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن

 

 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتوین هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا پڕۆژه‌یه‌ و ده‌بو دوشه‌ممه‌ی رابردوو واژۆمان بكردایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئێمه‌ بێت، ئه‌وكاته‌ی پارتی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كرد، رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌بو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌وباره‌یه‌وه‌ پێویسته‌ خۆیان چاره‌سه‌ری بكه‌ن".

ئه‌و پرسانه‌ نابێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و هێشتا ده‌رفه‌تمان له‌به‌رده‌مدایه

 

ئه‌سه‌سه‌رد وتیشی، "ئه‌گه‌ر ئێستا كێشه‌یه‌ك هه‌بێت ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ پارتی خراپ ئیداره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان كردوه‌"، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و پرسانه‌ نابێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و هێشتا ده‌رفه‌تیان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بكه‌ن.
له‌باره‌ی دانانی جێگرێكی دیكه‌ بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت و پێدانی به‌ گۆڕان ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت، "ئێمه‌ پێشتر رێككه‌وتوین له‌گه‌ڵ پارتی، ئه‌گه‌ر به‌و جۆره‌ بێت ئه‌وا پێویسته‌ سه‌رله‌نوێ پێداچونه‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا بكه‌ینه‌وه‌".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP