عێراق: هەژماركردنی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا لەگەڵ ئارامی ناوچەكە ناگونجێت

- 4/10/2019 3:53:00 PM 1874 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

حكومەتی عێراق، لەبارەی بڕیارەكەی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران راگەیندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ناوچەكە پێویستی بە كۆمەڵە بڕیارێكە كە لە ئارامی ناوچەكەدا هاوكاربێت.

ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، "كۆتا بڕیاری ئەمریكا سەبارەت بە سوپای پاسدارانی ئێران و هەژماركردنی لە لیستی تیرۆردا لەگەڵ ئارامی ناوچەكە ناگونجێت".
ناوچەكەمان پێویستی بە كۆمەڵە بڕیارێكە كە لە ئارامی ناوچەكەدا هاوكاربێت

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ناوچەكەمان پێویستی بە كۆمەڵە بڕیارێكە كە لە ئارامی ناوچەكەدا هاوكاربێت، بەڵام بڕیارەكانی ئەمدواییەی  ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەو چوارچێوەیەدا نیە".
رێگەنادەین خاكی عێراق ببێتە بنكە یاخود رێرەو بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێی

 

سەحاف دوپاتیكردەوە، عێراق لەسەر هەڵوێستەكانی بۆ رەتكردنەوەی هەر بریارێك كە ببێتە هۆی زیانی دراوسێكەی پێداگرە و وتیشی، "لەسەر هەڵوێستەكەمان سورین و رێگەنادەین خاكی عێراق ببێتە بنكە یاخود رێرەو بۆ زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێكی دراوسێی".

راشیگەیاند، "ئێمە لە هیچ هاوپەیمانیەكی سیاسیدا نین و پشتی هیچ لایەنێك ناگرین، بەڵكو لە هەر دەستپێشخەریەك كە بە ئەرێنی لە ناوچەكەدا رەنگبداتەوە چالاكدەبین".
"تیرۆر لە عێراق شكستیهێناوە، شكستهێنانیش بە تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەمو لایەنەكانی ناوچەكە هەیە

 

لە درێژەی وتەكانیدا سەحاف وتی، "تیرۆر لە عێراق شكستیهێناوە، شكستهێنانیش بە تیرۆر پێویستی بە هەوڵی هەمو لایەنەكانی ناوچەكە هەیە و هەڵوێستی وڵاتانی هاوڕێی دەنرخێنێت كە هاندەری ئاشتی بون و لە جەنگی دژ بە تیرۆردا هاوكاریان پێشكەش بە عێراق كردوە لەكاتێكدا جەنگەكەمان دژ بە تیرۆر جەنگێكی درێژ بو و زۆرمان لەسەركەوت".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP