دوای رێککەوتن، ناکۆکی لایەنەکان دەستیپێکردەوە
خەندان هۆکارەکانی دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرادەکات

- 4/10/2019 2:10:00 PM 20841 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دواخرا، ئەوەش دوای ئەوەی لایەنەکان نەگەیشتنە رێککەوتن لەبارەی چۆنێتی هەموارکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

بڕیاربو کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتی، یەکێتی و گۆڕان کۆبونەوەکە دواخرا.

نیوەڕۆی ئەمڕۆش خەندان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەگەری بەهێز هەیە بۆ دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی لایەنەکانەوە.
بەهۆی ئەوەی گوایە راپۆرتی لیژنەی یاسایی تەواو نەبوە، داوا كراوه‌ كۆبونەوەكە دوابخرێت

 

روپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "بەهۆی ئەوەی گوایە راپۆرتی لیژنەی یاسایی لەبارەی پڕۆژە یاساکەوە تەواو نەبوە، داوا كراوه‌ كۆبونەوەكە دوابخرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا راپۆرته‌كه‌ ته‌واو بوه‌ تەنها رێكەوتنی لایەنەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆران هۆكارە بۆ دواخستنی كۆبونه‌وه‌كه‌".
ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی واژۆمان لەسەر ئەو پیشنیازە نەكردوە

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی واژۆمان لەسەر پیشنیازی دواخستنی کۆبونەوەکە نەكردوە، چونكە پێمان وایە دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمان پێشێلكاری یاساییە".
ناکۆکیەکان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە دروستبو کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم

 

ناکۆکیەکان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە دروستبو کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان کە پێشتر رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردبو بۆ وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم رەتیدەکاتەوە بەدانانی دو جێگر رازیی ببێت و لەبەرانبەردا داوای دو وەزارەتی سیادی یان جێگرێکی سەرۆکی حکومەت دەکات.  
بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم دو بژاردەی خستوەتە بەردەم پارتی

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات یەکێک لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ یان جێگرێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبدرێت و دەسەڵاتەکانی هاوشێوەی دەسەڵاتی جێگرەکەی دیکە بێت کە دەدرێت بە یەکێتی. 
بەپێی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێم زیادکراوە و دەدرێت بە یەکێتی

 

خەندان زانیویەتی، لە بەرامبەر ئەو داوایانەدا پارتی داواکاریەکانی گۆڕانی رەتکردوەتەوە و رایگەیاندوە، "رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی بەرکەوتەکانی گۆڕان نیە و تەنها جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیادکراوە و دەدرێتە یەکێتی".
یەکێتی دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت بە دو ئیدارەکردنی قەڵەمڕەوی سلێمانی دەزانێت

 

لەبارەی زیادکردنی یاریدەدەرێک یان جێگرێک بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێدانی بە گۆڕان، کە ئەو بزوتنەوەیە داوای دەکات، سەرچاوەیەک باڵای یەکێتی بە خەندان-ی وت، "یەکێتی دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت رەتدەکاتەوە، چونکە بە دو ئیدارەکردنی قەڵەمڕەوی سلێمانی دەزانێت".
دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەریەککەوتن لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دروستدەکات

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەریەککەوتن لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دروستدەکات، لەکاتێکدا یەکێتی دەیەوێت لەم چوارساڵەدا پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ گۆڕان هەبێت".
 دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ره‌هه‌ندێكى نیشتمانى هه‌یه‌، ده‌بێت هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌سه‌رى ڕێكبكه‌ون

 

دوای بڕیاری دواخستنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان، جه‌لال محه‌مه‌د، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مان به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت، "به‌هۆی ئه‌وه‌ى یاساى كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم ره‌هه‌ندێكى نیشتمانى هه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌مو لایه‌نه‌كان له‌سه‌رى ڕێكبكه‌ون".

ئەوەشی خستەڕو، "ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ یاساكه‌ له‌ هۆلى په‌رله‌مانى كوردستان گفتوگۆی له‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كاتى ته‌واومان نه‌بوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مان ئه‌و یاسایه‌ دابڕێژینه‌وه‌، بۆیه‌ داوامان كرد كۆبونه‌وه‌کە دوابخرێـت".

نیشانەکردن :

#پەرلەمانی کوردستان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP