کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان دو ئەگەردایە

- 4/10/2019 12:39:00 PM 27786 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تا ئێستا بەڕێوەچونی کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم یەکلانەبوەتەوە و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لە گفتوگۆدان و لیژنەی یاسایش بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەی پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمەوە لە کۆبونەوەدایە.

بڕیارە کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدان لەسەر  پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی هەریەکە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان تا ئێستا دیارنیە کۆبونەوەکە بەڕێوەدەچێت یان نا.
ناکۆکیەکان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە دروستبو کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم

 

ناکۆکیەکان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوای ئەوە دروستبو کە پارتی و یەکێتی رێککەوتن لەسەر دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان کە پێشتر رێککەوتنی لەگەڵ پارتی کردبو بۆ وەرگرتنی جێگری سەرۆکی هەرێم رەتیدەکاتەوە بەدانانی دو جێگر رازیی ببێت و لەبەرانبەردا داوای دو وەزارەتی سیادی یان جێگرێکی سەرۆکی حکومەت دەکات.  
بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرجی هەیە

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا دەکات پۆستەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوخۆ یان جێگرێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێبدرێت و دەسەڵاتەکانی هاوشێوەی دەسەڵاتی جێگرەکەی دیکە بێت کە دەدرێت بە یەکێتی.
رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی بەکەوتەکانی گۆڕان نیە

 

خەندان زانیویەتی، لەبەرامبەر ئەو داوایانەدا پارتی داواکاریەکانی گۆڕانی رەتکردوەتەوە و رایگەیاندوە، "رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی بەکەوتەکانی گۆڕان نیە و تەنها جێگرێک بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان زیادکراوە و دەدرێتە یەکێتی".
 یەکێتی دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە، چونکە ئەوە بە دو ئیدارەکردنی قەڵەمڕەوی سلێمانی دەزانێت

 

لەبارەی زیادکردنی یاریدەدەرێک یان جێگرێک بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێدانی بە گۆڕان، کە ئەو بزوتنەوەیە داوای دەکات، سەرچاوەیەک باڵای یەکێتی بە خەندان-ی وت، "یەکێتی دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت رەتدەکاتەوە، چونکە  بە دو ئیدارەکردنی قەڵەمڕەوی سلێمانییە".
دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەریەککەوتن لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دروستدەکات

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بەریەککەوتن لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دروستدەکات، لەکاتێکدا یەکێتی دەیەوێت لەم چوارساڵەدا پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ گۆڕان هەبێت".
لە ئێستادا فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن 

 

لە ئێستادا فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام ئەگەری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی کۆبونەوەی ئەمڕۆ دوابخرێت، چونکە ئەو پرسە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسی هەیە. 

دو سیناریۆ لەبەردەم کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندایە

سینارۆییەکانی کۆبونەوەکە ئەوەیە، یان ئەوەتا کۆبونەوەی پەرلەمان دەستپێدەکات و لە کۆبونەوەکە پێشنیازی دواخستنەکە دەدێت، یاخود پێش دەستپێکردنی کۆبونەوەکە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری دواخستنی کۆبونەەوەکە بۆ ماوەی 24 کاتژمێر دەدات.

شەوی رابردو خەندان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان  پێشنیازەكانی یەكێتی ئامادەكردوە و كردویەتییە ناو راپۆرتی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنەوەی سێهەمی یاساكەدا دەنگی لەسەر بدرێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە هەر پێشنیارێك كە دەكرێت، دو پەرلەمانتار پشتیوانی بكەن، دواتر دەبێت لە خوێندنەوەی سێهەمی پرۆژە یاساكاندا ئامادەكرابێت بۆ دەنگدان  و لیژنەی یاسایش بۆی نیە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری پێشنیارەكە بكات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP