ئێزیدیەكان داوای پەلەكردن دەكەن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكەی سەرۆك بەرهەم
باباشێخ: پشتگیری لە سەرۆك كۆمار دەكەین تا ئەو دەستپێشخەریە بخاتە سەر هەڵوێستە پرشنگدارەكانی

- 4/10/2019 12:32:00 AM 7446 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوای ئەوەی سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق پڕۆژە یاسای ژنانی ئازادكراوی ئێزیدی رەوانەی پەرلەمان كرد، مەرجەعی باڵای ئاینی ئێزدی جیهان دەڵێت:"ئێمە پشتگیری لەو هەڵوێستەی فەخامەتی سەرۆك كۆمار دەكەین تا ئەو دەستپێشخەریە بخاتە سەر هەڵوێستە پرشنگدارەكانی بەرامبەر قوربانیانی ئێزیدی".

لە پەیامێكدا (بابا شێخ) مەرجەعی باڵای ئێزیدیەكانی جیهان وێڕای سوپاسكردنی سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندوە:"مەرجەعی باڵای ئێزدی پێشوازی لەو هەڵوێستەی فەخامەتی سەرۆكی عێراق دكتۆر بەرهەم ساڵح دەكات، تا ئەو دەستپێشخەریە بخاتە سەر هەڵوێستە پرشنگدارەكانی بەرامبەر قوربانیانی ئێزیدی و بەتایبەتی ئازادكراوانی ئێزدی و سەرجەم لێقەوماوان و ستەملێكراوان لە هەمو رۆڵەكانی گەلی عێراق بێ جیاوازی".

داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی و ئەندامانی ئەنجومەنی پەرلەمان دەكەین لە جێبەجێكردن و كارپێكردنی یاساكەدا پەلەبكەن

 

مەرجەعی باڵای ئێزیدیەكان دەشڵێت:"داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی و ئەندامانی ئەنجومەنی پەرلەمان دەكەین لە جێبەجێكردن و كارپێكردنی یاساكەدا پەلەبكەن، چونكە ئەو یاسایە بەشێكە لە بەرپرسیاریەكانی وڵات بەرامبەر ئەو قوربانیانەی لەژێردەستی چەتەكانی داعش كە سەرجەم رۆڵەكانی گەلەكەمانی بێ جیاوازی كردبوە ئامانج ناڵاندویانە، سەرەڕای ئەوەی پشكی ئێزیدیەكان لەو كارەساتەدا زۆر زیاتربوە".

ئەم پرۆژە یاسایە رەچاوی دۆخەكەی ژنان و منداڵانی زەرەرمەند دەكات و شكۆمەندی مرۆڤایەتیان بۆ دەگێڕێتەوە

 

لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا رایگەیاندوە:"ژنان و منداڵان زەرەرمەندی سەرەكی ئەو كارە درندانەیە بون، هەر بۆیە ئەم پرۆژە یاسایە رەچاوی دۆخەكەیان دەكات و شكۆمەندی مرۆڤایەتیان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆ دوبارە گەڕانەوە و چاكبونەوەیان لەو ئازارە بەسوێیانە هەلێكی تەواو دەرەخسێنێت".

هەروەها پشتگیری مەرجەعیەتی ئێزیدیەكانی بۆ پرۆژە یاساكەی سەرۆك كۆمار دەربڕێوەو دەڵێت:"ئێمە وەكو مەرجەعی بالای ئێزیدیەكان پشتگیری لەو هەنگاوە دەكەین و بەرزی رادەگرین، و هەمو ئەو هەنگاوانەی كە بەهۆیەوە ئاشتی و ئارامی دەگەڕێنێتەوە بە هەمانشێوە".

داوا دەكەین هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ گەڕان بە شوێن چارەنوسین كچ و كوڕ و منداڵەكانماندا

 

سەبارەی بە چارەنوسی بێسەروشوێنانی ئێزیدی رایگەیاندوە:"بەو بۆنەیەوە رو لە حكومەتی عێراق و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین و دەڵێین  چڕكردنەوی هەوڵەكان بۆ گەڕان بەدوای كچ و كوڕ و منداڵەكانماندا تا لەبارەی چارەنوسیانەوە زانیاریمان دەستبكەوێت، كە تا ئێستاش نزیكەی 3 هەزار ژن ومنداڵمان لای چەكدارانی داعش بێسەروشوێنن".

لە كۆتایشدا داوای لەحكومەتی عێراق كردوە، دۆخەكە برەخسێنن تا  ئاوارەكان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان و گرنگە ئەو ناوچانەی داعش خاپوری كردون لە ئاكامی جەنگەكە بنیادبنرێنەوە.


نیشانەکردن :

#سەرۆککۆمارى عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP