گۆڕان چەند داواكارییەكی نوێی هەیە
خەندان هەڵوێستی فراكسیۆنەكان لەدانیشتنەكەی پەرلەمان ئاشكرادەكات

- 4/9/2019 10:51:00 PM 22027 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- بڕیار جەلال

بڕیارە سبەنێ كاتژمێر 2 ی پاشنیوەڕۆ، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی سێیەم و دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدات، بزوتنەوەی گۆڕان سێ داواكاری پێشكەشی كردوە بۆ رازیبون بە دانانی دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، خەندانیش هەڵوێستی فراكسیۆنە جیاوازەكان ئاشكرا دەكات. 

هێڤیدار ئەحمەد: پارتی هەوڵ دەدات یەكێتی و گۆڕان رازی بكات

 

هێڤیدار ئەحمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی بە خەندان-ی راگەیاند:"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبێت سبەینێ دانیشتنەكەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، ئێمە هێشتا هیچ بڕیارێكی نوێمان پێنەگەشتوە بۆ پێشنیاری هەبونی دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەلایەن پارتیەوە پێمانوتراوە كە لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان رێكدەكەوین و هەوڵ دەدەین هەردولا رازی بكەین".

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لەئەندامێكی ناو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەدەستیهێناوە، لیژنەكە پێشنیازەكانی یەكێتی ئامادەكردوەو كردویەتیە ناو راپۆرتی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنەوەی سێهەمی یاساكەدا دەنگی لەسەر بدرێت.

ئەگەر گۆڕان رازی نەبێت دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریی بكرێت، پارتی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە و ئاسایش دەداتە یەكێتی

 

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە هەر پێشنیارێك كە دەكرێت، دو پەرلەمانتار پشتیوانی بكەن، دواتر دەبێت لە خوێندنەوەی سێهەمی پرۆژە یاساكاندا ئامادەكرابێت بۆ دەنگدان  و لیژنەی یاسایش بۆی نیە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری پێشنیارەكە بكات.

خەندان ئەوەشی زانیوە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەبێت دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریی بكرێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە و ئاسایش دەداتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی هەوڵەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان چڕكردۆتەوە.

دابان محەمەد: هەتا ئێستا بۆچونێكی نەگۆڕمان هەیە لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە دەبێت سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت

 

دابان محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان بە خەندانی راگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتنێكی كۆنكرێتی ئەنجامداوە و خودی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی ئاگاداری وردەكاری رێكەوتنەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان وەك ئەركێكی ئەخلاقی پابەندی ئەو رێكەوتنە دەبێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا هەتا ئێستا بۆچونێكی نەگۆڕمان هەیە لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە دەبێت سەرۆكی هەرێم یەك جێگری هەبێت.

گۆڕان داوای وەزارەتی ناوخۆ یان پێشمەرگە یاخود جێگرێکی تر هاوشانی قوباد تاڵەبانی دەكات لەبەرامبەر رازیبون بە دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم

 

لە بارەی هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی کە چەند پێشنیارێکی لە خۆ گرتوە، لەوانە دو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم کە پێشنیاری یەکێتیە، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکرایکرد، "تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان سورە لەسەر ئەوەی دەبێت سەرۆکی هەرێم یەک جێگری هەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم پرسە هۆکارە بۆ ناکۆکی و زیاتر درێژەکێشانی پێکهێنانی حکومەت، بە بۆچونی بەندە  ئاساییە گۆڕان وەزارەتی ناوخۆ یان پێشمەرگە وەرگرێت یاخود جێگرێکی تر هاوشانی قوباد تاڵەبانی دابنرێت بۆ گۆڕان".

دابان محەمەد وتیشی:"بەبێ ڕێککەوتنی پێشوەختە ناگاتە ئەوەی دەنگ لەسەر دوو جێگر بدرێت، ئەگەر بێت و ئەوەش ڕوبدات قسەی ڕاشکاومان ئەبێت".

سیروان بابان:لە دانیشتنی سبەینێ دەنگ بەپرۆژەكەی گۆڕان و پارتی پێنادەین

 

لەلایەكی دیكەوە سیروان بابان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە خەندان-ی راگەیاند:"نەوەی نوێ پێشتر پرۆژەی خۆی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كردبو لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە پرۆژەكەمان پشتگوێخرا، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەو پرۆژەیەی پارتی و گۆڕان نین و لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی كوردستان دەنگی پێنادەین".

روپاك ئەحمەد: كۆمەڵی ئیسلامی داوای سیستمی پەرلەمانی تەواو دەكات

 

هەرچی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانە هێشتا هەڵوێستی خۆی لەسەر دەنگدانی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی نەكردۆتەوە، لەو بارەیەوە روپاك ئەحمەد ئەندامی لیژنەی یاسایی و پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی بەخەندان-ی راگەیاند:"فراكسیۆنی كۆمەڵ سبەینێ پێش دەستپێكردنی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدەدات و بڕیاریی كۆتایی لەبارەی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەدات".

وتیشی:"پێشنیارەكەی ئێمە وەكو كۆمەڵی ئیسلامی لەلایەن دو پەرلەمانتارەوە دەنگی پێدراوە و خراوەتە ناو راپۆرتی لیژنەی یاسایی كە تیایدا داوامان كردوە سیستمی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان پەرلەمانی تەواو بێت".

لەبارەی رێكەوتنی نێوان فراكسیۆنی كۆمەڵ و فراكسیۆنی یەكێتی لەسەر دەنگدان بە دوجێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند:"ئاگاداری رێكەوتنێكی لەو شێوەیە نیم و ئەگەر رێكەوتنێك هەبێت سبەینێ هەڵوێستی خۆمان رادەگەیەنین".

ئەبوبەكر هەڵەدنی: فراكسیۆنییەكگرتو كۆی پرۆژە یاساكە رەتدەكاتەوە و دەنگ بە هیچ ماددەیەكی نادات

 

 

لای خۆشیەوە ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتو بە خەندان-ی وت:"ئێمە لەفراكسیۆنی یەكگرتو كۆی پرۆژە یاساكە رەتدەكەینەوە، دەنگ بە هیچ ماددەیەكی نادەین و دەنگیش نادەین بەكۆی یاساكە، چونكە سیستەم نەبۆتە پەرلەمانی، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم زۆرە، لەسەر ئەو ئەساسە سبەینێ ئێمە دەنگ نادەین".

كۆی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەزیادە دەزانم

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی وتیشی:"من كۆی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەزیادە دەزانم، نەخوازە ئەوەی كە جێگرێك یاخود دوانی هەبێت".

كاتەكانی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدان و هەریەك لە نەوەی نوێ و یەكگرتوی ئیسلامی لە ئێستاوە رەتیانكردۆتەوە دەنگبدەن بە پرۆژە یاساكە، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش كە خاوەنی 7 كورسیە پێشتر نارەزایی خۆی لەسەر پرۆژە یاساكە راگەیاندبو، بۆیە پێدەچێت ئەوانیش هاوشێوەی یەكگرتو نەوەی نوێ دەنگ نەدەن بە پرۆژەكە، ئەوەی دەمێنێتەوە ئەوەیە ئایا پارتی و یەكێتی و گۆڕان وەك سێ هێزی زۆرترین كورسی پەرلەمان دەتوانن بگەنە رێكەوتنی كۆتایی و سبەینێ دەنگ بە پرۆژە یاساكە بدەن؟

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP