ئەمریکا هۆشیاری توند دەداتە تورکیا

- 4/9/2019 10:50:00 PM 32823 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەبارەی کرینی سیستمی بەرگری موشەکی ( ئێس 400) و فڕۆکەی ( ئێف 35) ئەمریکا هۆشیاری توند دەداتە تورکیا.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوە لەئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا هۆشیاری توندی داوەتە تورکیا لەبارەی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ( ئێس 400) و فڕۆکەی ( ئێف 35) لەروسیا و رایگەیاندوە ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێت روبەروی سزای توند دەبێتەوە.

 نابێت سیستمی بەرگری موشەکی ( ئێس 400) و فڕۆکەی پێشکەوتوی ( ئێف 35)  بگەنە خاکی تورکیا 

لەمبارەیەوە چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی پیرانی سەربە پارتی کۆماری و دیموکراتەکان لەستونێکی هاوبەشدا لەنیۆرک تایمز نوسیویانە " بریاروایە تاکۆتایی ئەمساڵ سیستمی بەرگری موشەکی ( ئێس 400) و فڕۆکەی پێشکەوتوی ( ئێف 35) بگاتە خاکی تورکیا، بەڵام ناگەن و ئەوەش رونادات."

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران کە هەردو سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییە سەربازییەکان و پەیوەندییەکانی دەرەوەیان تێدایە توانای ناچارکردنی ئەنجومەنی پیران و کۆشکی سپییان هەیە بۆ سزادانی تورکیا و هەرەشەکەشیان مەترسیدارە.

ئەگەر تورکیا ئەو هەنگاوە بنێ ئەوا روبەروی سزای توند دەبێتەوە و سزاکەشیان زیانی گەورە بەئابوری تورکیا دەگەیەنێت

ئەندامانی ئەنجومەنی پیران راشیانگەیاندوە ئەگەر تورکیا ئەو هەنگاوە بنێ ئەوا روبەروی سزای توند دەبێتەوە و سزاکەشیان زیانی گەورە بەئابوری تورکیا دەگەیەنێت و رێگەی بازرگانی و وەبەرهێنەرانی بیانی لێ قەدەغە دەکرێت لەگەڵ سەپاندنی چەندین سزای توندی دیکە کە رەنگە تورکیا بەرگەیان نەگرێت.

دوێنێ دو شەممە رەجەب تەیب ئۆردوغانی سەرۆکی تورکیا و ڤیلادمیرپوتینی سەرۆکی روسیا لەکۆشکی کرملن کۆبونەوە و دواتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا رێکەوتننامەیەکی گەورەی بازرگانی و سەربازییان بەقەبارەی 5 ملیار دۆلار راگەیاند و سەرۆکی روسیاش وتی لەبارەی سیستمی بەرگری موشەکی ئێس-400 گفتوگۆی چڕیانکردوە و دەگەنە رێکەوتن.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP