پەرلەمان دەنگ لەسەر پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دەدات

- 4/9/2019 3:06:00 PM 2446 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانی کوردستان سبەی بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستور کۆدەبێتەوە.

بەپێی کارنامەی کۆبونەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە واژۆی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی لەسەرە، رۆژی چوارشەممە بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازی یاسای كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ـ عێراق و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور) کۆدەبێتەوە.

کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان کاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بەڕێوەدەچێت و تیایدا دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کارادەکرێتەوە.

سێی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان کۆبوەوە و خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كارا كردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم کرا، سەرجەم فراكسیۆنه‌كان سه‌رنج و تێبینیه‌كانیان له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكه‌ خسته‌ڕو.

لە کۆبونەوەکەی پەرلەماندا زۆرترین گفتوگۆی په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر مادده‌ی 3و مادده‌ 4ی پرۆژه‌ یاساكه‌ بو، به‌شێكی په‌رله‌مانتاران پشتگیریان له‌ مادده‌ 3ی پرۆژه‌ یاساكه‌ كرد كه‌ تیایدا هاتوه‌ په‌رلەمان سه‌رۆكێك بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵده‌بژێرێت به‌و ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ژماره‌ 1ی ساڵی 2005 دیاریی كردوە.

به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و رایه‌ بون ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌مبكرێنه‌وه‌ و سیستی پەرلەمانی تەواو بچەسپێت لە هەرێمی کوردستاندا.

له‌ گفتوگۆی بڕگه‌ی 5ی مادده‌ 4ی پڕۆژه‌ یاساكه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم، به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران پشتیوانیان له‌ ده‌قی پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌كرد، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ده‌نگدانی ئاشكرا و به‌ زۆرینه‌ی ره‌های ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵده‌بژێردرێت، كه‌ ده‌كاته‌ 56 په‌رله‌مانتار له‌ كۆی 111 په‌رله‌مانتار.

به‌شێكی دیکەی په‌رله‌مانتارانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌بون كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ ده‌نگدانی نهێنی به‌ دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP