سعودیە و ئیمارات لە رەمەزاندا 200 ملیۆن دۆلار پێشکەشی یەمەن دەکەن

- 4/9/2019 11:30:00 AM 1303 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزیری کاروباری هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، سعودیە و ئیمارات کە رابەرایەتی هاوپەیمانێتیەک دەکەن دژی حوسییەکان 200 ملیۆن دۆلار وەکو یارمەتی پێشکەشی یەمەن دەکەن لە مانگی رەمەزاندا.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، رەیم هاشمی، وەزیری کاروباری هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات  لە ئەبوزەبی بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاندوە، سعودییەکان و ئیماراتییەکان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا کار دەکەن بۆ دابەشکردنی یارمەتییەکان بۆ ئەو ناوچانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هەردوولای جەنگی یەمەندان کە ماوەی چوار ساڵە بەردەوامە.

یارمەتییەکان بەشێکن لەو پارەیەی کە وەکو یارمەتییەک دەدرێت بە یەمەن و لە مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا، بڕی پارەکەش 500 ملیۆن دۆلارە.

ئیمارات رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە ململانێکانی یەمەندا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی سەربازیی بە ڕابەرایەتی سعودیە دژی حوسییەکانی یەمەن، هاوپەیمانێتیەکە لە ساڵی 2015 دا چوە ناو جەنگی یەمەنەوە بەمەبەستی یارمەتیدانی حکومەتی یەمەن و گەڕاندنەوەی سەرۆکی یەمەن عەبد ڕەبە مەنسور بۆ سەر دەسەڵات.

ئامارەکانی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دەکەن، ئیمارات لە ماوەی نێوان مانگی نیسانی ساڵی 2015ەوە تاوەکو مانگی 12ی ساڵی 2018 پێنج ملیۆن دۆلاری تەرخانکردوە بۆ یارمەتییە مرۆییەکان و وزە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە یەمەن.

هەروەها گەورەترین سودمەند لەنێو رێكخراوە نێودەوڵەتیەکاندا بەرنامەی خۆراکی جیهانییە کە 287 ملیۆن دۆلاری وەکو یارمەتی لە ئیمارات وەرگرتوە.

جەنگی یەمەن بوەهۆی کوژرانی دەیان هەزاران هاوڵاتی یەمەنی، هەندێکیان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانێتی سەربازییەوە. 

هەروەها دەیان ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی ڕوبەڕوی برسێتی کردوەتەوە، لەو کاتەوەی جەنگ لە یەمەن دەستی پێکردوە، وڵاتەکە ڕوبەڕوی بڵاوبونەوەی نەخۆشی کۆلێرا بوەتەوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP