شێخ جەعفەر: جێگری سەرۆکی هەرێم لەپشکی گۆڕان ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان، بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم

- 4/9/2019 10:47:00 AM 23329 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

به‌رپرسی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند، ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزن، هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس، لەبەر ئەوە ئەو پۆستانەی پەیوەندی بەهێزی چەکدارەوەیە "یان دەبێت یا لەژێر دەسەڵاتی پارتی بێت، یاخود لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بێت".

ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و رێككه‌وتنه‌ی لەگەڵ پارتی کردومانە وه‌ك خۆیه‌تی و جێگیره‌، هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، به‌رپرسی هێزه‌كانی 70ی پێشمه‌رگه‌ و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا سه‌باره‌ت به‌ هۆكاری دواخستنی واژۆكردنی ڕێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی رایگەیاندوە، "ئه‌و لێكتێگه‌یشتن و ڕێككه‌وتنه‌ وه‌ك خۆیه‌تی و جێگیره‌، هیچ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا نه‌هاتوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی بزانم براده‌رانی پارتی ئێستا سه‌ردانی حیزبه‌كانی دیکە ده‌كه‌ن، ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك كێشه‌شیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ گۆڕاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ دواخرا".

ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزن، هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئێستا لەگۆڕەپانەکەدا پارتی و یەکێتی خاوەنی هێزن، هێزی ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیس لەبەر ئەوە ئەو پۆستانەی پەیوەندی بەهێزی چەکدارەوەیە یان دەبێت لەژێر دەسەڵاتی پارتی بێت، یاخود لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدا بێت، هەم بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکان و یەکخستنەوە و دروستکردنی سوپایەکی پێشمەرگەی یەکگرتو، ئاسایشی یەکگرتو، پۆلیسی یەکگرتومان هەبێت بۆ ئەم هەرێمە تا ئەم هێزانەمان بە یەکگرتووی هەبێت".

گۆڕان هێزی چەکداری نیە، هێزی چەکدار لەلای پارتی و یەكێتیە، لەبەرئەوە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن

 

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی نابێت بەرپرسیاری هێزی ئەمنی لای بزوتنەوەی گۆڕان بێت؟ کە بەشداری کابینەی نۆیەمی حکومەت دەکات شێخ جەعفەر دەڵێت، "لەبەر ئەوەی ئەوان هێزی چەکدارییان نیە، هێزی چەکدار لەلای پارتی و یەكێتیە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەوان بڕیار بدەن لەسەر هەنگاوەکانی یەکخستنەوە و یەکگرتن لەبەر ئەوە هەتا ئێوارە لایەنێکی دیکە بێت بڕیار لەسەر هێزی پێشمەرگە و هێزی 70 بدات من خۆم یەکێک لەوانەی گوێی لێ ناگرم".

ئەگەر رویدا جێگری سەرۆکی هەرێم لەپشکی گۆڕان ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان، بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم

 

رونیشیکردەوە، "ئەگەر رویدا جێگری سەرۆکی هەرێم لەپشکی گۆڕان ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەکدارەکان، بەهیچ جۆرێک گوێی لێ ناگرم، چونکە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی یەکێتی باسی بە دامەزراوەیی دەکات، کاتێک کەسێک لە پۆستێکدایە شێخ جەعفەر وتی، "حەقە لەو بابەتە تێبگەن، ئەمڕۆ واقیعێک هەیە هێزەکان لای پارتی و یەکێتین، دەبێت ئەوان بڕیار بدەن چۆن کەسێکی دیکە لەلایەنێکی دیکە لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبە بێت بڕیار لەسەر پارتی و یەكێتی بدات بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانیان، ئەمە واقیعە خۆ ئەوە بە زۆرە ملێ نابێت."

ئێمە لەگەڵ پارتی رێککەوتن دەکەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە نە قسە دەکەین نە ڕێککەوتن 

 

سەبارەت بە نیگەرانی گۆڕان بە پێدانی پۆستی جێگری دوەمی سەرۆکی هەرێم بە یەکێتی رایگه‌یاند، "ئێمە حەقی ئەوانمان نیە، ئێمە لەگەڵ پارتی رێککەوتن دەکەین لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە نە قسە نە ڕێککەوتن دەکەین، گۆڕانیش لەگه‌ڵ ئێمە ڕێکەوتنی نەکردوە، جا نەگۆران بێت ڕاوێژمان پێبکات بۆ پێکهێنانی حکومەت نە ئێمەش دەچین بۆ لای ئەوان هەردولامان بەجیا لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەت کە پارتی-یە رێکدەکەوین."

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی جه‌ختی كرده‌وه‌، "پارتی به‌ڵێنی پێداوین یه‌كێك له‌پۆسته‌كان جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ كاروباری هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ ته‌واو ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه‌ له‌گه‌ڵ پارتی وه‌ ده‌بێت له‌ هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش جێگیر بكرێت."



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP