یەكێتی رازی نیە و پارتی بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت
بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات لەبەرامبەر جێگری سەرۆكی هەرێم

- 4/8/2019 10:22:00 PM 22002 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر دەستبەرداربونی لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوایكردوە وەزارەتی پێشمەرگەی پێبدرێت، پارتیش بەدوای رێگاچارەسەردا دەگەڕێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست خەندان كەوتون، دوای رێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر بەشدارییكردنی یەكێتی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و داواكردنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لەلایەن یەكێتیەوە وەك بەشێك لە ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی، لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان داوای وەزارەتی پێشمەرگەی كردوە بۆ دەستبەرداربون لە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم.

بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە كە لەبەرامبەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی پێبدرێت

 

خەندان زانیویەتی، بزوتنەوەی گۆڕان داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردوە كە لەبەرامبەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان پۆستی وەزارەتی پێشمەرگەی پێبدرێت.

یەكێتی رەتیكردۆتەوە دەستبەرداری هیچ یەكێك لە بەركەوتەكانی ببێت وەك لایەنی كەمی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی

 

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی ئەو داوایەی گۆڕانی ئاراستەی یەكێتی كردوە و یەكێتیش رەتیكردۆتەوە دەستبەرداری هیچ یەكێك لە بەركەوتەكانی ببێت وەك لایەنی كەمی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆی.

پارتی بونی دو جێگری بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گونجاوترین بژاردە داناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە

 

خەندان ئەوەشی زانیوە كە پارتی لەئێستادا بەدوای رێگەچارەیەكی گونجاودا دەگەڕێت بۆ رازیكردنی بزوتنەوەی گۆڕان، بونی دو جێگریشی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گونجاوترین بژاردە داناوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە.

لەحاڵەتی ئامادەنەبونی گۆڕان بۆ دەنگدان بە دو جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەداتە یەكێتی

 

خەندان شەوی رابردوا بڵاویكردەوە كە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیارەكانی یەكێتی لە راپۆرتەكەی خۆیدا جێكردۆتەوە و لەحاڵەتی ئامادەنەبونی گۆڕان بۆ دەنگدان بە دو جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەداتە یەكێتی.

داوامان كردوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە دو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەڵبژێرێت و بە سێ لەسەر چواری ئەندامان متمانەی لێوەربگیرێتەوە

 

لەبارەی ئەو پێشنیارانەی یەكێتی بۆ هەمواری یاسا سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی لیژنەی یاسایی كردوە، لوقمان وەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە خەندان-ی راگەیاند: ئێمە داوامان كردوە كە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە دو لەسەر سێی پەرلەمانتاران هەڵبژێرێت و بە سێ لەسەر چواری ئەندامان متمانەی لێوەربگیرێتەوە، نەك متمانە بەخشین بە زۆرینەی رەها بێت.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێمانوابو كە پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی نهێنی بێت

 

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی راشیگەیاند:"بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێمانوابو كە پێویستە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە شێوەیەكی نهێنی بێت نەك بە ئاشكرا بێت".

سەقفێكی زەمەنی دیاریی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە جۆرێك كە هەڵبژاردنەكە تا كاتی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان بێت

 

لوقمان وەردی وتیشی:"وەكو خۆم پێشنیارمكرد كە سەقفێكی زەمەنی دیاریی بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بە جۆرێك كە هەڵبژاردنەكە تا كاتی نوسینەوەی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە واباشترە كە ماوەیەك دیاریی بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە نیوەی یەكەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا، رەشنوسی هەرێم ئامادە بكەین بۆ راپرسی و تیایدا سیستمی پەرلەمانی تێیدا جێگیربكرێت".

لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێشنیازەكانی یەكێتی ئامادەكردوەو كردویەتیە ناو راپۆرتی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنەوەی سێهەمی یاساكەدا دەنگی لەسەر بدرێت

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان كە لەئەندامێكی ناو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بەدەستیهێناوە، لیژنەكە پێشنیازەكانی یەكێتی ئامادەكردوەو كردویەتیە ناو راپۆرتی خۆیەوە بۆ ئەوەی لە خوێندنەوەی سێهەمی یاساكەدا دەنگی لەسەر بدرێت.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە هەر پێشنیارێك كە دەكرێت، دو پەرلەمانتار پشتیوانی بكەن، دواتر دەبێت لە خوێندنەوەی سێهەمی پرۆژە یاساكاندا ئامادەكرابێت بۆ دەنگدان  و لیژنەی یاسایش بۆی نیە بەهیچ شێوەیەك دەستكاری پێشنیارەكە بكات.

پارتی هەوڵەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان چڕكردۆتەوە

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان هەتا رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی واژۆ نەكرێت، كاتی دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان دیاریی ناكرێت.

خەندان ئەوەشی زانیوە ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان رازی نەبێت دو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاریی بكرێت، ئەوا پارتی دیموكراتی كوردستان جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە و ئاسایش دەداتە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش پارتی هەوڵەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان چڕكردۆتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP