هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان ناوی بەشێک لە کاندیدی لایەنەکان بۆ پۆستەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە

- 4/8/2019 8:26:00 PM 130945 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

تا دێت وادەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکدەبێتەوە و لە ئێستادا هەریەکە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان سەرقاڵی دیاریکردنی کاندیدانی پشک و بەرکەوتەکانیان کە لەکابینەی نۆیەمی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم وەریدەگرن.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە پشکی پارتی کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردوە پێکدەهێندرێت، تا ئێستاش بەشداریکردنی هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان و پێکهاتەی تورکمان لە کابینەکە یەکلایی بوەتەوە. 

پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەسەر بنەمای پێگەی حزبی و رەچاوکردنی ناوچە جیاوازەکانی ناو حزبەکان بەرکەوتەکانیان دابەشدەکەن

 

هەرچەندە پێشتر لایەنەکان رایانگەیاندبو، بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکان پشت بە خەڵکانی تەکنۆکرات و بێلایەن دەبەستن و لەسەر بنەمای سی ڤی و شارەزایی کاندیدانی پۆستەکان یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە ناو هەریەکە لە پارتی، یەکێتی و گۆڕان کە سێ هێزە سەرەکیە پێکهێنەرەکەی حکومەتن بەرکەوتە و پۆستەکان لەسەر ئەو بنەمایانە یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای پێگەی حزبی و رەچاوکردنی ناوچە جیاوازەکانی ناو حزبەکان بەرکەوتەکانیان دابەشدەکەن.
 
کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆربەی ستافی حکومەت لە کابینەی نۆیەم دەگۆڕێت، بەو پێیەی سەرۆکی کابینەکە مەسرور بارزانی دەبێت و ستافی ئێستای حزبەکە لە حکومەت سەر بە نێچیرڤان بارزانین، بۆیە کاندیدانی پڕکردنەوەی سەرجەم پۆستەکانی ئەو حزبە بە بژاردە و ئۆکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی کابینەکە یەکلایی دەبێتەوە. 

 ئەو تیمەی ئێستا لەسەر پشكی پارتی کاندیدن بۆ پۆستە حکومییەکانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان ئەوانەن کە ساڵانێکە ئەزمونی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیان هەیە

 

ئەو تیمەی ئێستا لەسەر پشكی پارتی کاندیدن بۆ پۆستە حکومییەکانی کابینەی نۆیەمی هەرێمی کوردستان ئەوانەن کە ساڵانێکە ئەزمونی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمیان هەیە، دیارنیە دوای بەجێهێشتنی ئەو دەزگایە بەکێ و چۆن پۆستەکانیان پڕدەکرێنەوە، بەتایبەت کە ئەو دەزگایە پێویستی بە کەسانی ئەمنی شارەزایە و گرنگییەکەی بە ئەندازەی گرنگی حکومەت خۆیەتی، بەوپێیەی ئەو دامەزراوەیە هاوشێوەی حکومەتێکی بچوکە لەناو حکومەتێکی گەورەدا.

بەهێزترین كاندید بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەیسی بارزانیە

 

خەندان زانیویەتی، هەریەکە لە نەزهەت حالی، وەیسی بارزانی و دڵشاد بارزانی، کاندیدن بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لەلایەن مەسرور بارزانی-یەوە بەڕێوەدەبرێت، بەڵام بەهێزترینیان وەیسی بارزانی-یە، کە زیاتر لە دو ساڵە لە روی پڕاکتیکییەوە مومارەسەی بەڕێوەبردنی ئەو دەزگایە دەکات.

هەروەها کەریم سنجاری و دڵشاد شەهاب، کاندیدن بۆ پۆستی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فرسەت سۆفی، پەرلەمانتاری پێشوی ئەو حزبە  و فەوزی ھەریری، کوڕی فەرەنسۆ هەریری کاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران یان پارێزگاری هەولێر، بەڵام ئەگەر ئەو دو کاندیدە پۆستی پارێزگاری هەولێر وەربگرن دەبێت بە وەکالەت بن، چونکە کێشەی یاساییان دەبێت بەهۆی ئەوەی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکە نین.

لەوبارەیەوە بەهار مەحمود، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانتاری ئێستای عێراق بە خەندان-ی وت، هەرکەسێک ببێتە پارێزگار دەبێت پێشتر ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت لەناو ئەنجومەن دەنگی لەسەر بدرێت.

رێباز حەملان داوای کردوە وەزارەتی ناوخۆ یان سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات

 

زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، رێباز حەملان، کە ئێستا وەزارەتی دارایی بەڕێوەدەبات و بەڵێنی پێدرابو لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی پێدانی ئەو پۆستە بە گۆڕان ناوبراو چانسی وەرگرتنی ئەو پۆستەی نەماوە، بۆیە داوای کردوە وەزارەتی ناوخۆ یان سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببات.

لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا سێ کەس بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کاندیدن

 

خەندان ئەوەشی زانیوە، لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا سێ کەس بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ کاندیدن کە پێکهاتون لە (د. محەمەد شوکری، بەرپرسی دەستەی چاکسازی کە دەستەکە لەلایەن مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دامەزرابو، رێبەر ئەحمەد بیری، کە ئێستا بەرپرسی نوسینگەی مەسرور بارزانی-یە و شەعبان عەلی شەعبان، کە کەسێکی نزیکی مەسرور بارزانییە.

نەوزاد هادی دو ئەگەری لەبەردەمە بۆ وەرگرتنی پۆست لە كابینەی نۆ

 

بەگوێرەی زانیاریەکانی خەندان، لە ئەگەری گۆڕینی نەوزاد هادی لە پۆستی پارێزگاری هەولێر ئەوا کاندید دەبێت بۆ وەرگرتنی یەکێک لە پۆستە وەزارییەکان کە پێدەچێت وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم بێت، بەهۆی نزیکیشی لە نێچیرڤانی بارزانی ئەگەری ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم یان پۆستی دیکەی باڵا لە سەرۆکایەتی هەرێم وەربگرێت.

کاندیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا قوباد تاڵەبانی، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەریەك لە(بێگەرد تاڵەبانی و رێواز فایەق)، بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا چاوڕەش بۆ وەزیری پێشمەرگە کاندیدن، هاوکات دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بۆ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عوسمان شوانی، بۆ وەزیری پلاندانان کاندیدن.

یەکلاییکردنەوەی کۆی پۆستەکانی یەکێتی لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدایە و بەدەنگدانی نهێنی کاندیدەکان یەکلایی دەکرێنەوە

 

زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، یەکێتی سەعدی پیرە، بۆ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و حەمەی حەمەسەعید بۆ وەزارەتی رۆشنبیری و شۆڕش ئیسماعیل بۆ وەزارەتی شەهیدان یان بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی نێوان هەرێم و بەغداد کاندید دەکات.

بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەناو یەکێتیدا ناوی ژمارەیەک کاندید دێن، کە پێکهاتون لە، حاکم قادر حەمەجان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز، بەڵام یەکلاییکردنەوەی کۆی پۆستەکانی یەکێتی لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدایە و بەدەنگدانی نهێنی کاندیدەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

لەبارەی پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە،  بەپێی زانیارییەكانی خەندان لە ئەگەری وەرگرتنەوەی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جاری دوەم لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە، ئەوكاتە وەزیری خوێندنی باڵا هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا ئەنجام نادرێت و یوسف گۆران لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە.

پۆستەکانی بزوتنەوەی گۆڕان

لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەریەکە لە مستەفا سەید قادر و محەمەد تۆفیق رەحیم و جەمالی حاجی محەمەد، بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندیدن، هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ چاکسازی کە (پۆستێکی نوێیە و گۆڕان داوای دەکات) جەلال جەوهەر کاندیدی بەهێزە بۆ ئەو پۆستە، کە لەگەڵ مستەفای سەید قادر بە دو کارەکتەری سەرەکی رێککەوتنی گۆڕان و پارتی دادەنرێن.

ئاواتی شێخ جەناب کاندیدی بەهێزە بۆ وەزیری دارایی

 

خەندان ئەوەشی زانیوە، ئاواتی شێخ جەناب کاندیدی بەهێزە بۆ وەزیری دارایی و هەروەها کوێستان محەمەد، کاندیدە بۆ وەرگرتنی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP