هێمن هەورامی: لەچەند كاتژمێری داهاتودا رێكەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی واژۆدەكرێت

- 4/8/2019 7:52:00 PM 6581 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، هێمن هه‌ورامی، لەچاوپێكەوتنێكی كوردستان24 رایگه‌یاند، بەخۆشحاڵیەوە ئێستا پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ قۆناغی كۆتاییدایه‌. تێگه‌یشتنێكی زۆرباش له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ك براوه‌ی دووه‌م هەیە، هەوڵی زۆر جددی ئەدەین له‌ چه‌ند كاتژمێری ئایندە رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی واژۆ بكەین.
رێككەوتنەكان كۆتاییان پێهاتوەو له‌ سه‌دا 98ی پۆسته‌كان یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه‌

 

وتیشی: پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان وه‌ك سێ پایەی سه‌ره‌كی براوەی هەڵبژاردنەكان، لەسەر شێوازی بەشداریان و بەرنامەی كارو كارنامەی حكومەت هاوفكری و تێگەشتنێكی باش هەیە،  له‌ سه‌ر پۆسته‌كانیش ئەتوانم بڵێم رێككەوتنەكان كۆتاییان پێهاتوەو له‌ سه‌دا 98ی پۆسته‌كان یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه‌.

چوارشه‌ممه‌ كاتژمێر 02:00ی خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ پێشنیازی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت

 

راشیگەیاندوە: ئه‌مڕۆ وەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بانگهێشتی په‌رله‌مانتارانمان كردوه‌، كە رۆژی چوارشه‌ممه‌ كاتژمێر 02:00ی خوێندنه‌وه‌ی سێیه‌م بۆ پێشنیازی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كرێت و ئومێد ده‌كرێت، پێش دانیشتنەكە رێككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی واژۆبكرێت.

روونیشیكرده‌وه‌، دوای په‌سندكردنی پێشنیازی هه‌مواره‌كه‌ له‌ 10ی ئه‌م مانگه‌دا، دوای سێ رۆژ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌رگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌، دواتر له‌ دو هه‌فته‌ی دواتر سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێردرێت.

پێشتر خەندان وەك یەكەمین دەزگای میدیایی ئاشكرای كردبو كە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، پێشنیارەكانی یەكێتی لە راپۆرتەكەی خۆیدا جێكردۆتەوە و لەحاڵەتی ئامادەنەبونی گۆڕان بۆ دەنگدان بە دو جێگر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەداتە یەكێتی، ئەوەش وەك بەشێك لەو رێككەوتنەی لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەنجامدراوە و تەنها واژۆكردنی ماوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP