واژۆكردنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دواخرا

- 4/7/2019 10:12:00 PM 75990 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هەرچەندە بڕیاربو ئەمڕۆ دوشەممە پارتی و یەكێتی رێككەوتنی نێوانیان لەسەر پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم واژۆ بكەن، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی خەندان واژۆكردنی رێككەوتنەكە دواخراوە.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، درەنگانی شەوی رابردو کەمال کەرکوکی، سەرۆکی شاندی دانوسانکاری پارتی پەیوەندی کردوە بە عیماد ئەحمەد، سەرۆکی شاندی دانوسانکاری یەکێتی و پێی راگەیاندوە، پارتی داوادەکات کۆبونەوەی واژۆکردنی رێکەوتنی نێوانیان دوابخرێت.
کەمال کەرکوکی هۆکاری دواخستەنەکەی رونکردوەتەوە

 

کەمال کەرکوکی هۆکاری دواخستنی کۆبونەوەکەی رونکردوەتەوە و وتویەتی، "پارتی ھێشتا بابەتی پێدانی جێگری سەرۆکی ھەرێمی بە یەکێتی لەگەڵ گۆڕان یەکلایی نەکردوەتەوە، بۆە پێویستی بەکاتی زیاترە بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە".
بڕیاربو ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی رێککەوتنەکەی نێوانیان واژۆبکەن

 

شەوی رابردو سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاندبو، "رۆژی دوشەممە لە شاری هەولێر رێکەوتنی بەشدارییكردنی یەكێتی لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی واژۆ دەکرێت".

سێی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی دوای ئەنجامدانی پەیوەندیەکی تەلەفۆنی لە نێوان  مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی گەیشتنە رێککەوتن، هەمان رۆژیش فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە تایبەت بو بە کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP