نادیە موراد: پێویستە یەزیدیەكان بەشێكبن لە دانوستانە سیاسیەكان

- 4/7/2019 7:12:00 PM 3929 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لە نوسراوێكیدا نادیە موراد، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاماژە بەوەدەكات "پێش هاتنی داعش وەكو عێراقیەكان زانیویانە داعش هەیە" و پێویستە یەزیدیەكان بەشێكبن لە دانوستانە سیاسیەكانی وڵات.

نادیە موراد، چالاكوان و داكۆكیكاری مافی قوربانیانی توندوتیژی سێكسی و جینۆسایدەكان، لە نوسراوێكیدا كە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوكراوەتەوە نوسیویەتی "عێراقیەكان، نەك بەتەنها یەزیدیەكان، بەڵكو كورد و عەرەب و سوننە و شیعەكانیش پێش هاتنی داعش و بێئەوەی ناوەكەی بزانین دەمانزانی ئەو ئایدیۆلۆژیا  و میراتی جەنگە بونی هەیە". 

 

تا دەنگمان نەبیسترێت برینەكانی عێراق و سوریا ساڕێژنابن


ئاماژەی بەوەشكردوە "یەزیدیەكان و رزگاربوانی دیكە ئەوە دەزانن كە تەنانەت ئەگەر داعش لاواز-یش بوبێت، ئەو برینانەی لە دوای خۆی بەجێیهێشتوە هێشتا هەر ماوە" و تا قوربانیانی توندوتیژیەكانی دەستی داعش دەنگیان نەبیسترێت و پشتگیریان لێنەكرێت و نەبنە بەشێك لە پرۆسەی ئاشتی، هەرگیز عێراق و سوریا برینەكانیان ساڕێژ نابێتەوە.

 

لەبارەی دۆخی ئێستای شنگالەوە نادیە دەڵێت شنگال پارێزراو نیە و "هێشتا میلیشیاكان بەڕێوەیدەبەن و دەسەڵاتی ناوەندی لەناوچەیەدا بونی نیە"، دەشڵێت "بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەكانی وەك خواردن و ئاوی پاك لەو ناوچەیە سنوردارە و ئەو شارۆچكانەی خوێندنگەكانیان ماونەتەوە بە رادەی پێویست مامۆستایان نیە، ئەو نەخۆشخانانەی لە جەنگەكەدا خاپوركراون دوبارە بنیادنەنراونەتەوە".

لەوبارەیەوە نادیە نوسیویەتی "پێویستە حكومەتی عێراق لەسەر گێڕانەوەی خزمەتگوزاریەكان بۆ شنگال كاربكات ، تا یەزیدیەكان بتوانن بڕۆنەوە ناوچەكانیان و پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبكاتەوە و دەبێت دەسەڵاتداران بە مەبەستی دوبارە بەدەستهێنانەوەی متمانە لە لایەن ئێمەوە كاربكەن و لە خەڵكی ناوچەكە هێزێكی ئاسایشی هەرێمی بۆ پارێزگاریكردنی شنگال دروستبكەن".

 

دەبێت بەشێكبین لە دانوستانە سیاسیەكان


سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە ناوچەكەدا نادیە موراد ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، گەڕانەوەی یەزیدیەكان بۆ زێدی خۆیان بەشێكی زۆر گرنگی پرۆسەكەیە و "ئەو پرۆسەیە پێویستی بە پابەندبونی سیاسیەوە هەیە كە سەرجەم قوربانیان بە یەزیدیەكانیشەوە دەبێـت بەشێكبن لە گفتوگۆ و دانوستانەكان".

لە درێژەی بابەتەكەیدا نادیە دەڵێت "لە ئێستادا نزیكەی لە سەدا 80ی یەزیدیەكان لە كامپەكانی باكوری عێراقدا نیشتەجێن، هەزاران رویانكردوەتە ئەوروپا و ژمارەیەكی دیكەش دەیانەوێت بڕۆن" بەوهۆیەوە هەندێك پێشبینی ئەوەدەكەن عێراق هاوشێوەی توركیا دانیشتوانی یەزیدی چالاك-ی تێدا نامێنێـت، ئاماژە بەوەشدەكات ئەو لەوبارەیەوە رەشبین نیە و"بڕوای وایە یەزیدیەكان رۆژێك دەگەڕێنەوە شنگال كە شوێنی زۆرینەی یەزیدیەكانی عێراقە و پێشتر 600 هەزار یەزیدی لەوێ نیشتەجێبون".

 

پێویستە بەڵگەكانی جینۆسیادكردنی یەزیدیەكان بپارێزرێت


لەبارەی تاوانەكانی رێكخراوی چەكداری داعش نادیە بە ئەركی هەریەك لە حكومەتی عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی دەزانێت "هاوكاربن لە پاراستنی بەڵگەكانی جینۆسایدكردنی یەزیدیەكان و هێرشەكانی دیكەی رێكخراوی داعش" و دەڵێت " نەك هەر لەسەر دۆسیەی كاری تیرۆریستی و توندڕەوی بەڵكو دەبێت لەسەر ئەو دەستدرێژیە سێكسیانەی لەكاتی هێرشەكانیاندا ئەنجامیاندەوە چەكدارانی داعش دادگایی بكەن". 

هەر سەبارەت بە دەستدرێژیەكانی داعش ئاماژە بەوەدەكات "هەتا بڕیارنەدرێ بەوەی دەستدرێژی سێكسی بەشێكبوە لە كۆیلایەتی یەزیدیەكان، یەزیدیەكان و قوربانیانی دیكە لە هەنگاونان بەرەوپێشەوە دەترسن".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP