بەپەلە

كۆسرەت رەسوڵ و نێچیرڤان بارزانی واژۆی دەكەن
سبەی پارتی و یەکێتی ڕێکەوتنەکەیان بەفەڕمی ڕادەگەیەنن

- 4/7/2019 6:40:00 PM 7844 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، سبەی رێکەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و چۆنێتی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەتدا واژۆ دەکرێت.

رێکەوتنەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لە شاری هەولێر واژۆ دەکرێت

 

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە خەندان-ی راگەیاند، رێکەوتنەکە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی و کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لە شاری هەولێر واژۆ دەکرێت، کە تایبەتە بە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم و چۆنێتی بەشداریکردنی یەکێتی لە حکومەتدا.

سەبارەت بەوەی کە ئایا گفتوگۆی دیکە ماوە بکرێت لەسەر رێکەوتنەکە ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی وتیشی:" ئەوەندەی من ئاگادار بم پێموانییە، گفتوگۆی دیکەی مابێت و سبەی راستەوخۆ واژۆ دەکرێت".

جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و شەش وەزارەت و جێگری وەزارەتە سیادییەكان بە تەواوی دەسەڵاتەكانیانەوە چەند پۆستێکی دیکەی بەردەکەوێت

 

بەپێی زانیارییەكانی خەندان، جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش و جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان و شەش وەزارەت و جێگری وەزارەتە سیادییەكان بە تەواوی دەسەڵاتەكانیانەوە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان و چەندین پۆستی دیكە وەك پشك و بەركەوتەی یەكێتی لەلایەن پارتیەوە رەزامەندی لەسەر دراوە.

هەرچەندە پێشتر و لە رۆژی دووشەممە (4-3-2019)  پارتی و یەکێتی رێکەوتنێکی دیکەیان واژۆکرد، بەڵام  بەهۆی ناکۆکی لەنێوان ئەو دو حزبەدا رێکەوتنەکە نەچوە بواری جێبەجێکردنەوە، گفتوگۆکان بەردەوامیان هەبو تا رۆژی 3-4-2019 رێکەوتنی کۆتایی نێوان ئەو دوو حزبە راگەیەندرا و بڕیارە سبەی واژۆ بکرێت.

دوێنێ هەریەک لە مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رێکەوتنی نێوان پارتی و یەکێتیان پەسەندکرد، ئەمڕۆش ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی پەسەندیکرد، وا بڕیارە سبەینێش لە شاری هەولێر رێکەوتنی کۆتایی نێوان ئەو دو حزبە واژۆبکرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP