خەندان ناوەڕۆکی کۆبونەوەی پارتی و گۆڕان لە سلێمانی بڵاودەکاتەوە

- 4/6/2019 2:55:00 PM 14882 جار خوێندراوەتەوە
کۆبونەوەی شاندی پارتی و گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا بەڕێوەچو

خەندان-

پارتی دیموکراتی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ لە سلێمانی کۆبونەوە و لەبارەی وردەکاری پشکەکانی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت و پلانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتوی فراکسیۆنەکانی هەردو حزب لە پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان کرد.

کۆبونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی و گۆڕان لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بەڕێوەچو، ئەوەش یەکەم کۆبونەوەى شاندى هەردولایە، دواى دەستپێکردنى هەنگاوەکانى پەرلەمان بۆ هەموارى پرۆژەیاساى سەرۆکایەتى هەرێم و دەستپێکردنى هەنگاوەیاساییەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت.

 

 شاندی پارتی و گۆڕان چونەتە ناو وردەکاری باسکردنی پۆستەکانی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت

 

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆدا شاندی پارتی و گۆڕان چونەتە ناو وردەکاری باسکردنی پۆستەکانی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات باسیان لە کارکردنی پێکەوەیی فراکسیۆنەکانی زەرد و نیلی کردوە لە پەرلەمانی کوردستان.

خەندان زانیویەتی، پارتی و گۆڕان لەبارەی رەشنوسی کۆتایی پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان کردوە، هاوکات باسیان لە دروستکردنی کۆدەنگی هەردو فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان کردوە لەسەر کۆی پرسەکانی دیکە لە چوار ساڵی ئایندەدا.

 

شاندی پارتی دوایین زانیاریەکانیان لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی داوەتە شاندی گۆڕان

 

زانیاریەکانی خەندان ئاماژە بەوەدەکەن، شاندی پارتی دوایین زانیاریەکانیان لەبارەی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی داوەتە شاندی گۆڕان، بەتایبەت لە پرسی دانانی جێگرێکی دیکە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان دەیەوێت دڵنیابێت لەوەی لە چوار ساڵی داهاتودا تێگەیشتنی جیاوازی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا بۆ دروست نەبێت، بەتایبەت کە هێشتا دودڵە لە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ئەوەش بەپێی زانیاریەکانی خەندان.


پارتی و گۆڕان لە ئێستا روئیای جیاوازیان هەیە لەسەر پێکهاتەی وەزارەتەکان کە دەدرێن بە گۆڕان

 
خەندان ئەوەشی زانیوە، پارتی و گۆڕان لە ئێستا روئیای جیاوازیان هەیە لەسەر پێکهاتەی وەزارەتەکان کە دەدرێن بە گۆڕان، ئەوەش لەکاتێکدایە لە 18ی شوباتی ئەمساڵ رێککەوتنێکی 18 خاڵیان لە پیرمام واژۆکرد.

شاندی پارتی و گۆڕان لە ماڵی نەوشیروان مستەفا کۆبونەوە

پێشتر عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامی شاندی دانوستانکاری گۆڕان رایگەیاندبو، زیاتر لە 50 پۆست لە کۆی جومگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەردەکەوێت، کە پێکهاتون لە جێگری سەرۆکی هەرێم و چەند وەزارەتێک و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی و چەند پۆستێکی دیکە.

بەڵام تا ئێستا پارتی و گۆڕان لەبارەی پشکەکانی گۆڕان لە پێکهاتەی وەزاتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی تەواویان نەکردوە و نەگەیشتونەتە رێککەوتنی کۆتایی.


زیاتر له‌ 500 سی ڤیمان به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ و لیژنه‌یه‌كیش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سی ڤییه‌كان دروستكراوه‌ 

 
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح راشیگەیاندبو، بزوتنه‌وه‌كه‌یان زیاتر له‌ 500 سی ڤی به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ و لیژنه‌یه‌كیش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سی ڤی-یه‌كان دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشك و به‌ركه‌وته‌كانی گۆڕانیان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت پێ پڕبكرێته‌وه‌.

شەوی رابردوش خەندان کاندیدانی بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ پۆستەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردبوەوە.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌نی 12ی كورسی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و له‌ 18ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆكرد بۆ به‌شداریكردنی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.

به‌پێی رێکكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان، جێگرێكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێده‌درێت و یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان سیادی ده‌بێت.


نیشانەکردن :

#پارتی #گۆڕان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP