خه‌ندان كاندیده‌كانی گۆڕان بۆ پۆسته‌ باڵاكانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌

- 4/5/2019 8:58:00 PM 100888 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند كه‌سێكی بۆ پۆسته‌ باڵاكانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاندید كردوه‌، كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ پشك و به‌ركه‌وته‌ی خۆی له‌ كابینه‌ی نوێ وه‌ریده‌گرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی  خەندان کە لە سەرچاوەیەکی باڵای ناو بزوتنەوەی گۆڕان زانیویەتی، له‌ ئێستادا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند كاندێكی بۆ پۆسته‌كانی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم و وه‌زاره‌ته‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م دیاریكردوه‌، كه‌ پێكهاتون له‌ محەمەد تۆفیق ڕەحیم، مستەفا سەید قادر، جەمال حاجی محەمەد، کوێستان محەمەد ئاواتی شێخ جەناب.

پێشتر عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندبو، بزوتنه‌وه‌كه‌یان زیاتر له‌ 500 سی ڤی به‌ده‌ست گه‌یشتوه‌ و لیژنه‌یه‌كیش بۆ جیاكردنه‌وه‌ی سی ڤی-یه‌كان دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پشك و به‌ركه‌وته‌كانی گۆڕانیان له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت پێ پڕبكرێته‌وه‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خاوه‌نی 12ی كورسی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و له‌ 18ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ رێككه‌وتنێكی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان واژۆكرد بۆ به‌شداریكردنی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت.

به‌پێی رێکكه‌وتنه‌كه‌ی گۆڕان، جێگرێكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌ و به‌ڕێوه‌به‌رێکی گشتی له‌كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێده‌درێت و یه‌كێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كان سیادی ده‌بێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP