پەرلەمانتارێك نیەتی حكومەت لەبارەی دانەوەی پاشەكەوتی موچە ئاشكرادەكات

- 4/5/2019 3:32:00 PM 86510 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پەرلەمانتارێكی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت، حكومەت ئامادە نیە پاشەكەوتی موچە بداتەوە.
دەستكردن بە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان ئاماژەیەكی رونە كە حكومەت ئامادەنییە پاشەكەوتی موچە بداتەوە

 

مەم بورهان قانع پەرلەمانتاری نەوەی نوێ رایگەیاند:" دەستكردن بە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیریی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، ئاماژەیەكی رونە كە حكومەت ئامادەنییە پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی كوردستان بداتەوە، یان لانیكەم ئەو قەرزانە لە بەشێكی ئەو پاشەكەوتە بدرێنەوە، یاخود حكومەت گوێی خۆی كەڕ دەكات لە دانەوەی ئەو پارە پاشەكەوتكراوە كەڵەكەبوانەی لەلایەتی".

ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ راشیگەیاندوە:" پرۆژەیان پێشكەشی پەرلەمانكردوە بۆ گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی موچە و دیاریكردنی میكانیزمەكانی گەڕاندنەوەكە".

پێویستە قەرزەكانی حكومەت لەسەر هاوڵاتیان لە موچەی پاشكەوتكراوەكان بدرێنەوە

 

مەم بورهان قانع دەشڵێت:" كاردەكەین بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە خوێندنەوەی یەكەم و دوەمی ئەم پڕۆژە یاسایە و زۆرینەی پەرلەمانتارانیش قانیع بكەین، كە لەخەمی پارە پاشەكەوتكراوەكانی موچەخۆراندابن و هیچ بارگرانییەكی دیكە نەخرێتە سەر موچەخۆران و قەرزەكانی حكومەت لەسەر هاوڵاتیان، لەو پاشەكەوتكراوانە بدرێنەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوای لابردنی پاشەكەوتی موچە وەزارەتی دارایی سەرلەنوێ وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەی خانوبەرە و هاوسەرگیری دەستپێكردەوە و لەمەودا ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر پێشینەیان وەرگرتوە لە موچەكانیان دەبڕدرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP