بەپەلە

جیاوازی نێوان دەنگەكان لە كەمبونەوەدایە
دوبارە جیاكردنەوەی دەنگەكانی ئیستانبوڵ بەردەوامە

- 4/5/2019 3:28:00 PM 9365 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوبارە ژماردنەوەی دەنگەكانی شاری ئیستانبوڵ بەردەوامە و كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) بۆ پۆستی پارێزگاری ئەو شارە رایگەیاند "جیاوازی دەنگەكان لەنێوان خۆی و كاندیدەكەی جەهەپە لە كەمبونەوەدایە".

 

جیاوازی دەنگەكان لە 29 هەزار بۆ 18 هەزار دەنگ كەمیكردوە

 

بینالی یڵدرم ، كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) بۆ پۆستی پارێزگاری شاری ئیستانبوڵ لە هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی راگەیاند: جیاوازی دەنگەكان لەنێوان ئەو و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، كاندیدی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بۆ هەمان پۆست "لە 29 هەزار دەنگەوە بۆ 18 هەزار دەنگ كەمیكردوە".


لەبارەی پرۆسەی دوبارە جیاكردنەوەی دەنگەكانەوە یڵدرم وتی "هەمو شتێك لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوەدەچێت"، وتیشی "بێجگە لە چاوەڕێكردنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكان شتێكی دیكەمان پێناكرێت"، ئاماژەی بەوەشكرد، كاروبارەكان لە بەردەوامیدایە و هێشتا ژمارەیەكی زۆر سندوق ماوە تا دەنگەكانیان جیابكرێتەوە.

 

بێجگە لە چاوەڕێكردن هیچمان پێناكرێت

 

هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا بۆ بەدەستهێنانی سەرۆكی شارەوانی 30 پارێزگای توركیاو هەزارو 351 ناوچەی باڵای ئیداری لە 31ی ئازاری ئەمساڵدا ئەنجامدرا و  12 پارتی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ كێبڕكێیانكرد.

 

 پێشوەخت سەركەوتنی خۆی راگەیاندوە

 

لە ئێستادا هەریەك لە كاندیدانی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكپارتی) كە پارتی دەسەڵاتداری توركیایە و پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری ئیستانبوڵ و پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بۆ پۆستی پارێزگاری ئەو شارە لە لایەن لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاوە بەردەوامە، هاوكات ئەكرەم ئیمامۆغڵو، كاندیدی جەهەپە پێشوەخت سەركەوتنی خۆی راگەیاندوە.

هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا پێنج ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت و لەمساڵدا 57 ملیۆن و 58 هەزارو 636 دەنگدەر لە 12هەزار و 784 خوێندنگە و لەسەر 194 هەزار و 390 سندوق مافی دەنگدانیان هەبو، هەزارو 250 پۆستى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا و 20 هەزار و 500 ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانى هەڵبژێردراون.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP