هەواڵی ئەمڕۆ

خەندان ناوی بەربژێرەكانی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكان بڵاودەكاتەوە
عەدنانی حەمەی مینا: یەكێتی بەفەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە

- 4/5/2019 10:38:00 AM 105194 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری یەكێتی ئاشكرای دەكات كە یەكێتی بەشێوەیەكی فەرمی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە، خەندانیش ناوی بەربژێرەكانی یەكێتی بۆ پۆستە باڵاكان بڵاودەكاتەوە.

عەدنانی حەمەی مینا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەتا ئێستا هیچ دانیشتن و گفتوگۆیەكی رەسمی نەكردوە بۆ دیارییكردنی كاندیدەكانی بۆ پۆستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان كە بەركەوتەی یەكێتین.
یەكێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە، بۆیە ئەگەر جێگرێكی دیكە زیادبكرێت یاخود نا ئەوە پەیوەندیی بە پارتیەوە هەیە

 

لەبارەی زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، عەدنان مینا كە هاوكات ئەندامی شاندی دانوستانكاری یەكێتیە بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت ئاشكرایكرد، "یەكێتی بەرەسمی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كردوە، بۆیە ئەگەر جێگرێكی دیكە بۆ پۆستی هەرێم زیادبكرێت یاخود نا ئەوە پەیوەندیی بە پارتیەوە هەیە".

یەكێتی بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی پارتی كردوە، داوای هەمو ئەو پۆستانەی كردوە كە بەبەركەوتەی خۆی دەزانێت

 

عەدنانی حەمەی مینا راشیگەیاند:" یەكێتی بە نوسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی پارتی كردوە، داوای هەمو ئەو پۆستانەی كردوە كە بەبەركەوتەی خۆی دەزانێت و ئەگەر ئەو پشكانەی وەرگرت بەشداری حكومەت دەكات و ئەگەر وەرینەگرت ئەو كاتە قسەی دیكەمان دەبێت".

ئەگەر لەگەڵ پارتی رێك بكەوین پێدەچێت لەم رۆژانە دابنیشین  و واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە بكەین

 

لەبارەی پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی، ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی وتی:"ئەو تەلەفۆنەی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت، هۆكار بو بۆ ئەوەی هەنگاوێكی دیكە بچینە پێشەوە، ئەگەر لەگەڵ پارتی رێك بكەوین پێدەچێت لەم رۆژانە دابنیشین  و واژۆ لەسەر رێككەوتنەكە بكەین و بۆ رای گشتی رابگەیەنین".

تا ئێستا چەند كەسێك بەربژێری بەهێزی یەكێتین بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی ئەو حزبە لە چوار ساڵی داهاتودا

 

لەلایەكی دیكەوە بەپێی زانیارییەكانی خەندان، تا ئێستا چەند كەسێك بەربژێری بەهێزی یەكێتین بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی ئەو حزبە لە چوار ساڵی داهاتودا.

هەر بەپێی زانیارییەكان ئەو بەربژێرانەی یەکێتی کە ھەتا ڕادەیەکی زۆر کۆدەنگیان لەسەرە و چانسی زۆریان لەبەردەمە بریتین لە حاکم قادر حەمەجان بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری ئاسایش و پێشمەرگە، قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت و رێواس فایەق بۆ سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP