چەند وەبەرهێنەرێك هەوڵیانداوە بیكەنە پرۆژەی بازرگانی
سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران باس لە چیرۆكی موڵکی کارگەی کولتوریی سلێمانی دەكات

- 4/5/2019 9:35:00 AM 8650 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران باس لە چۆنیەتی رێگریكردن دەكات لە موڵكیەتی كارگەی جگەرەی پێشوی سلێمانی، دەشڵێت: توانیمان ئەو پرۆپۆزەڵانە راگرین كە پێشكەشكرابو بۆ بنیاتنانی پرۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنان لەسەر ئەو موڵكە.

ئاگادار کرام کە چەند پڕۆپۆزەڵێک پێشکەشکراوە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی بازرگانیی وەبەرھێنان لە سەر موڵکی کارگەی جگەرەی سلێمانی

 

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران لە پۆستێكدا لەژێر ناونیشانی(چیرۆکی موڵکی کارگەی کولتوریی سلێمانی) نوسیویەتی:" لە سەرەتای ساڵی 2013 و لە کابینەی حەوتەمی حکومەتی ھەرێم، کە ئەوکات وەک ڕاوێژکاریی یاسایی کارم دەکرد و ھێشتا پۆستی سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانم وەرنەگرتبو، و ڕاستەوخۆش دوای دەرچوونی بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بە ژمارە 14 لە 4/ 12/ 2012 بە ناولێنانی شاری سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیری، ئاگادار کرام کە چەند پڕۆپۆزەڵێک پێشکەشکراوە بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی بازرگانیی وەبەرھێنان لە سەر موڵکی کارگەی جگەرەی سلێمانی کە لەسەر ھەردو پارچە زەوی ژمارە 2/ 197و 6/ 197 کەرتی مەڵکەندی/دەباشان بیناکرابو بە ڕوبەری 52531 مەتر دوجا، ئەو موڵکە زۆر چاوی لەسەر بو بە تایبەتیش کە زۆر لە موڵکانی ئەو شەقامە ستراتیژییەی سلێمانی کرابونە پڕۆژەی باڵەخانەی بازرگانی و ھۆتێل".

ڕاپۆرتێکم دا بە عیماد ئەحمەد کە جێگری سەرۆکوەزیران بو، داوامکرد کە پێش ھەمو شتێک بە زوترین کات ھێمای حجز و مامەڵەنەکردن بخەینە سەر ئەو دو موڵکە

 

ئامانج رەحیم دەشڵێت:"ئەو کات ڕاپۆرتێکم دا بە عیماد ئەحمەد کە جێگری سەرۆکوەزیران بو، داوامکرد کە پێش ھەمو شتێک بە زوترین کات ھێمای حجز و مامەڵەنەکردن بخەینە سەر ئەو دو موڵکە تا نەدرێت بە پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرھێنان، و دواتریش بڕیار بدرێت بە گواستنەوەی موڵکیەتی کارگەکە لە وەزارەتی پیشەسازییەوە بۆ سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری، و تۆمارکردنی بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەکارھێنانی تەنھا و تەنھا بۆ مەبەستی کولتوریی و ڕۆشنبیریی".

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەوەشدەخاتەرو كە ئەنجومەنی وەزیران/فەرمانگەی یاسایی بە نووسراوی ژمارە 2916 لە 31-3-2013 ئەو بڕیارەیدا و بەندەش لەگەڵ ھاوەڵەکانم جێبەجێکردنی گرتە ئەستۆ، تاوەکو لە ڕۆژی 8-8-2018 موڵکیەتی کارگەکە بە فەرمی و بە صورت قەید خرایە سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیریی لە سلێمانی.

ئاماژەی بەوەشكردوە كە ھەوڵەکانمان سەری گرت و 4-4-2019 بە فەرمی کارگەی جگەرە بوە کارگەی کلتوریی، دەشڵێ:"ھیوادارم ئەم کارگەیە ببێتە ناوەندێکی کولتوریی و ڕۆشنبیریی شایستە بە شار و ھەنگاوێک بێ بۆ بەکردار ناولێنانی سلێمانی بە پایتەختی ڕۆشنبیریی".


نیشانەکردن :

#حکومەتی هەرێم

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP