دوای نزیكەی 30 ساڵ، جارێكی دیكە باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا كرایەوە

- 4/4/2019 10:20:00 PM 2313 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وەزارەتی دەرەوەی عێراق كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە-ی لە پایتەختی وڵاتەكەی راگەیاند و نیازی عێراق-ی لەبارەی كردنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە ناوچە ڕۆژهەڵاتیەكانی سعودیە راگەیاند.

بە بەشداری محەمەد عەلی حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق  و ماجید ئەلقەسەبی، وەزیری بازرگانی و وەبەرهێنانی سعودیە ئەمڕۆ پێنجشەممە مەراسیمی كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا ئەنجامدرا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێكیدا سەبارەت بە كردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە رایگەیاندوە "ئەو هەنگاوە ئاماژەیەكی كرداریە بۆ بەرزڕاگرتنی پەیوەندیەكانی نێوان بەغدا و ریاز" و سوربونی هەردو وڵات لەسەر ئاسانكردنی خزمەگوزاریەكانی باڵیۆزخانەكانیان.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەشكردوە، كردنەوەی باڵیۆزخانە لەنێوان هەردو وڵاتدا كاری ئەو هاوڵاتیانە ئاسانتردەكات كە خوازیارن بە مەبەستی حەج و عومرە سەردانی سعودیە بكەن یاخود سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی عێراق بكەن.
سعودیە سێ كونسوڵخانە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق دەكاتەوە
هاوكات پێش كردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی و لەكاتی گەشتنیدا بۆ بەغدا، بە یاوەری شاندێكی گەورەی بازرگانی فەرمی  وڵاتەكەی ماجید ئەلقەسەبی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند: "سعودیە لە پایتەختی عێراق باڵیۆزخانەی خۆی دەكاتەوە" و كردنەوەی سێ كونسوڵخانەی دیكەی وڵاتەكەی لە پارێزگاكانی دیكەی ئەو وڵاتە دوپاتكردەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەحمەد ئەلسەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و سعودیە ستراتیژیە" و وتیشی "وڵاتەكەی باڵیۆزخانەی خۆی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سعودیە دەكاتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو هەنگاوانەی نێوان هەردو وڵات "پێگەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری و رۆشنبیری نێوان عێراق و سعودیە بەرزدەكاتەوە".

عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 1990 دوای ئەوەی رژێمی ئەوكاتەی عێراق، كوەیتی داگیركرد، هەمو پەیوەندیەكانی لەگەڵ حكومەتی بەغداد پچڕاند.

سەرۆك بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لەدوای دەستبەكاربونی سەردانی سعودیەی كردوە و چاوی بە شا سەلمان عەبدولعەزیز پادشای ئەو وڵاتە كەوتوە و هاوكات لە ماوەی رابردودا چەند دیدارو كۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئەنجامداوە و بەبڕوای چاودێرانیش سەرۆك بەرهەم رۆڵی گرنگی بینیوە لە سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی پەیوەندیە دیبلۆماسیەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە پێناو بەرژەوەندی هاوبەشی گەلی عێراق و گەلان.

نیشانەکردن :

#سعودیە #عێراق

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP