دەوام زیادکراوە و هێشتا موچە دابەشنەکراوە
خەندان هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی یەک ئاشکرا دەکات

- 4/4/2019 7:23:00 PM 88553 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- کۆچەر عەزیز

هەرچەندە لە ساڵی 2018 دا وەزارەتی دارایی رایگەیاند، مانگانە موچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت، بەڵام چوار مانگ بەسەر ساڵی 2019 دا تێپەڕیوە، تا ئێستا موچەی مانگی یەک دابەشنەکراوە.

وەزارەتی دارایی لە چەند مانگی رابردودا دابەشكردنی موچەی رێكخستەوە و بڕیاریدا هەمو 5ی مانگێك موچە دابەش بكرێت.
دابەشكردنی موچە بۆ 7ی نیسان دواخراوە

 

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە خەندان-ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی 5ی ئەم مانگە بەر رۆژی هەینی دەكەوێت، بڕیاربو موچە 3ی نیسان دابەشبکرێت، بەڵام دواخراوە بۆ رۆژی یەکشەممەی داهاتو کە دەکاتە 7ی نیسان.

بۆ خەرجکردنی پێشینەکان دەبێت وەزارەتی دارایی دوبارە رێنمایی تایبەت دەربکات

 

لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی موچەوە سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی:"بەشێک لە وەزارەتەکان لیستی موچەیان بەو شێوەیە ئامادەکردبو کە پێشینەکانیان لێبڕیبو، بەڵام وەزارەتی دارایی ئاگاداریکردنەوە کە دەبێت لیستی موچە بێ لێبڕینی پێشینەکان بنێرن بۆ دابەشکردنی موچە".

رونیشکردەوە، بۆ خەرجکردنی پێشینەکان دەبێت وەزارەتی دارایی دوبارە رێنمایی تایبەت دەربکات.


نیشانەکردن :

#موچه‌

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP