وەزارەتی کارەبا: پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان زیاد دەبێت

- 4/4/2019 2:49:00 PM 6131 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی زۆربونی ئاوی بەنداوی دوکان و دەربەندیخانەوە بەرهەمهێنانی کارەبا زیادبوە، بەوەش پێدانی کارەبا بە هاوڵاتیان بۆ 16 کاتژمێر زیاد دەبێت لە شەو رۆژێکدا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، لە ئەنجامی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و بەرزی ئاستی ئاوی هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان، رێژەی بەردانەوەی ئاو لەهەردو بەنداوەكە زیادیكردوە و بەم هۆیەشەوە توانراوە سەرجەم یەكەكانی كارۆئاوی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو دو وێستگەیە ئیشپێبكرێت.

بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمینجار دەگاتە سێ هەزار و 600 مێگاوات

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای هەرێم دەشڵێت، لەبەنداوی دوكان رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتۆتە 280 مێگاوات و لە دەربەندیخانیش 240 مێگاوات كارەبا، بەمەش بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمینجار دەگاتە سێ هەزار و 600 مێگاوات كارەبا بە پشتبەستن بەسەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا و لەم مانگەشدا ماوەكانی پێدانی كارەبا بۆ 16 كاتژمێر بەرزبوەتەوە.

 وەزارەتەکە رونیشیکردوەتەوە، وەزارەتی كارەبا بۆ سەلامەتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەردو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان بەوردی رەچاوی سەلامەتی وێستگەكە و كاری چاكسازیی تێیدا دەكات و هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا توانراوە هەمو یەكەكان ئیشیپێبكرێت.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP