لارا یەكێك لە قوربانیانی گێچەڵی سێكسی
ئەترسام ئەگەر دڵی ئەو کەسەی دەچمە لای ڕانەگرم، ناوبانگم خراپ بکات

- 4/3/2019 11:28:00 PM 85389 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شەیدا رەئوف

لارا محەمەد، 28 ساڵ، نیشتەجێی شاری سلێمانیە، بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کۆمپانیایەکی بازرگانی کاریکردوە و وەک خۆی باسی دەکات ئارەزوی زۆری بۆ کارەکەی بوە، دوای ئەو ساڵانەی کارکردن، بەهۆی ئاستەنگ و ڕەفتاری بێزارکەرەوە، دەستی لە کارەکەی بەرداوە. 

بیری لەوە نەکردبوەوە روبەڕوی ئەو هەمو ئاستەنگیانە ببێتەوە

 

ئەو بیری لەوە نەکردبوەوە روبەڕوی ئەو هەمو ئاستەنگیانە ببێتەوە کە بوەهۆی دورخستەوەی لە کارەکەی کە هەمویان لە گێچەڵی سێکسی و ئاستەنگی و بێزارکردن لەلایەن کۆمەڵێک کارمەندەوە لەو شوێنانەی کە سەردانی کردون و داوای ریکلامی بازرگانی لێ کردون ڕەنگ دەدەنەوە.

زۆر بێزاریان دەکردم و من دەمویست رێگەی کار بگرمەبەر و ئەوانەی کارم دەکەوتە لایان دەیانویست بە رێگەیەکی تردا بمبەن

 

لارا دەیگێڕێتەوە و دەڵێت:"زۆر بێزاریان دەکردم و من دەمویست رێگەی کار بگرمەبەر و ئەوانەی کارم دەکەوتە لایان دەیانویست بە رێگەیەکی تردا بمبەن". ئەو لە بەرامبەر ئەو ئاستەنگ و بەربەست و بێزارکردنانەدا، زۆرجار گەیشتوەتە ئەو ئاستەی رقی لە خۆی ببێتەوە و لەخۆی بپرسێت، " بۆچی من ئەم کارە دەکەم". لارا دەڵێت، "کاتێک بۆ وەرگرتنی ڕیکلام، دەچیتە لای ژمارەیەک لەو کەسانەی کە پێویسیان بە کڕینی کەرەستەکانە، لەوە تێناگەن کە تۆ کاڵا نیت، بەڵکو تەنیا بۆ کار هاتویت و کاڵایەکت پێیە دەتەوێ بیفرۆشێت، یان دەتەوێت ریکلامێک لەو کۆمپانیایە وەربگرێت نەک ئامانجێکی ترت هەبێت".  

خاوەن پێشانگەکەش سەفتەیەک دۆلاری خستە سەر مێزەکە و وتی ئەگەر مرۆڤ بیەوێ ڕێگەی ئاسانیش هەیە بۆ پارە پەیداکردن

 

رۆژانە لارا توشی حاڵەتی سەیر بوە وەك خۆی وتی:'' رۆژێک چومە شوێنێکی بازرگانی بۆ وەرگرتنی ریکلام، خاوەنی شوێنەکە لێی پرسیم کە چەند لە کارەکەم وەردەگرم؟ منیش پێموت ڕێژەی 20٪ قازانج دەکەم. خاوەن پێشانگەکەش سەفتەیەک دۆلاری خستە سەر مێزەکە و وتی ئەگەر مرۆڤ بیەوێ ڕێگەی ئاسانیش هەیە بۆ پارە پەیداکردن". ئەو باسی ئەوە دەکات کە چۆن خۆی گێلکردوە و وەک ئەوەی تێنەگەیشتبێت، چونکە ئەگەر لەسەر هەمو هەڵوێستێک شەڕ بکات و بەگژی بەرامبەرەکەیدا بچێتەوە، ئیتر کەس نامێنێتەوە کاری لەگەڵدا بکات و ڕوبەڕوی لەدەستدانی کارەکەش دەبیتەوە.

خاوەن کارەکەم نامەیەکی بۆ ناردم و داوای چونە دەرەوەی لێكردم

 

هەر لەم سیاقەدا، لارا باسی ئەوە دەکات کە ماوەیەک سەرپەرشتیاری بڵاوکردنەوەی ڕیکلام بوە و لە شوێنی کارەکەی لەگەڵ خاوەن کارێک بۆ بڵاوکردنەوەی ڕیکلامێک بۆ کارەکەی قسەی کردوە و لەسەر دیزاین و کاری ڕیکلامەکە ڕێککەوتون. درەنگانێکی شەوی دواتر، خاوەن کارەکە نامەیەکی بۆ دەنێرێت و داوای چونە دەرەوەی لێدەکات. وەڵامی ناداتەوە و ڕۆژی دواتر بۆ تەواوکردنی گرێبەستی ڕێکلامەکە دەچێتە لای، بەڵام خاوەن کۆمپانیا پێی دەڵێت کە ڕیکلامی بەلاوە گرنگ نیە، بەڵکو کچەکە خۆی بەلاوە گرنگە. لارا دەڵێت،"ئیتر لێرەوە کۆتاییم بەکارەکە لەگەڵ ئەو کەسەدا هێنا".

ئەم کچە باسی ئەوەش دەکات کە ئاستەنگ و بێزارکردن تەنها لەلایەن ئەوکەسانەوە نیە، بەڵكو زۆركات کۆمەڵگە ڕوبەڕوی ژنان دەبنەوە و دەڵێت: "ناوبانگێکی ئەوەندە خراپیان بۆئەم کارە دروست کردوە، کاتێک دەڵێیت ئەم کارە دەکەم، یەکسەر تێڕوانینێکی جیاواز و نامۆیان بۆت دەبێت".

بەردەوام ئەترسام لەوەی ئەگەر دڵی ئەو کەسەی کە دەچمە لای ڕانەگرم ناوبانگم خراپ بکات

 

لایەنێکی دیكەی کاریگەریی خراپی ئەم هەراسانکردنە، وەک لارا باسی دەکات، ئەوەیە،"بەردەوام ئەترسام لەوەی ئەگەر دڵی ئەو کەسەی کە دەچمە لای ڕانەگرم ناوبانگم خراپ بکات، یاخود کارەکەم لەدەست بدەم"، بەڵام بەلای ئەوەوە لەدەستدانی کار ئاسانترە لەوەی ناوبانگی مرۆڤ لەم کۆمەڵگەیەدا "خراپ بکرێت". لەپاڵ ئەم پاڵەپەستۆیەدا کە توشی لارا بوەتەوە، پاڵپشتیی نەکراوە و لەو شوێنەی کە کاریکردوە و دەڵێت:"هەندێک بەڕێوەبەر خەمی گیرفانی خۆیان بو، کاتێک کێشەکەم باس دەکرد، پێیان دەوتم کە بەردەوام بم و گوێ بەو هەراسانکردنانە نەدەم". 

ئەو وڵاتانەی دەرفەتی کارییان بۆ ژنان کەمە ئەوە کپکردنی بەشێکی گرنگە لە وزەو توانای ئابوری مرۆڤەکان

 

بەڕای ئابوریناسان نیگەرانی ژنان لە کار و لە دەرئەنجامدا دورکەوتنەوەیان لە بازاڕی کار زیانی گەورە بە ئابوری هەر وڵاتێک دەگەیەنێت، محەمەد رەئوف، ئابوریناس و مامۆستای زانکۆ، لەم بارەیەوە ئەڵێت:"ئەو وڵاتانەی دەرفەتی کارییان بۆ ژنان کەمە ئەوە کپکردنی بەشێکی گرنگە لە وزەو توانای ئابوری مرۆڤەکان، رەگەزی ژن کە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا نیوەی ئەو کۆمەڵگەیەیە ئەویش پاشەکشە بکات ئەوکات ئەو هێز و توانایەی تێیدا بەرجەستە بوە ئەیمرێنێت و ئەمەش زیانی گەورەیە بۆ ئابوری هەر وڵاتێک". 

ئەگەر ئاستی ئابوری هەر خێزانێک بەهۆی کارکردنی هەردو ڕەگەزەوە بەرزبێت، ئاستی خۆشگوزەرانی و ئاسودەییش بەرز دەبێتەوە

 

ئەم ئابوریناسە جگە لەوەی پێیوایە ڕێگریکردن لە ژنان ئاستەنگ دروستکردنە لە بەردەمیاندا، زەوتکردنی مافی ئابورییە، بەڵام دواجار نەبونی دەستی کاری ژن کاریگەری لەسەر ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگەش هەیە، چونکە نەبونی دەستی کاری ژنان یانی کەمبونی بەرهەم و خۆشگوزەرانیی. هەروەها رای وایە کە ئەمە کاریگەری لەسەر ئاسودەیی خێزانەکانیش دەبێت و دەڵێت: "ئەگەر ئاستی ئابوری هەر خێزانێک بەهۆی کارکردنی هەردو ڕەگەزەوە بەرزبێت، ئاستی خۆشگوزەرانی و ئاسودەییش بەرز دەبێتەوە.  

بەبڕوای توێژەرێکی کۆمەڵایەتی کاتێک ژنێک دەچێتە ناو بازاڕی کارو مافی ئابوری خۆی بەدەستدەهێنێت، ڕوبەڕوی دو تەحەدا دەبێتەوە؛ یەکەمیان ئەو ئاستەنگانەیە کە کۆمەڵگە دروستیان دەکات و ڕیگرن لەوەی ژن ببێتە خاوەن ئابوری سەربەخۆی خۆی، دوەمیش تەحەدایەکی خودییە، یانی تا چەند دەتوانێت ڕوبەڕوی ئاستەنگەکان بێتەوەو ئەو ئازادییە بەدەستبهێنێت.

نابێت ژن پاشەکشێ لە بەدەستهێنانی مافی ئابوری خۆی بکات

 

توێژەری کۆمەڵایەتی، وان جەبار، لەپاڵ ئەم بۆچونەشدا دەڵێت، "کۆمەڵگەیەک کە قۆناغە ئاساییەکانی گەشەکردنی نەبڕیبێت و تا رادەیەکی زۆر کۆمەڵگەی پیاوسالار بێت، بێگومان لە بازاڕی کاردا ئاستەنگ بۆ ژناندا دروست دەکات". بۆیە بەڕای ئەو نابێت ژن پاشەکشێ لە بەدەستهێنانی مافی ئابوری خۆی بکات و پێداگرتنی لەسەر مافەکانی دەیگەیەنێتە ئامانجەکانی، وتیشی:"ژن بۆ ئەوەی لەناو کۆمەڵگە و بازاڕی کاردا، شوێنی شایستەی خۆی هەبێت و ئاستەنگەکان تێپەڕێنێت، دەتوانێت پەنا بۆ یاسا ببات، ئەویش لەڕێگەی دامەزراوەی پۆلیسی کۆمەڵگەیی. 

خەڵک پێیوایە نابێت کچ ئەو ئیشانە بکات و داوای لێدەکەن واز لە ئیشەکە بهێنێت

 

لارا محەمەد زانیاری لەسەر ئەوە نیە کە فەرمانگەیەکی پۆلیس هەیە بە ناوی پۆلیسی کۆمەڵگەیی. لە دادگاش هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردوە، چونکە پێی وایە تۆمارکردنی سکاڵاو چونە دادگا ڕێکاری زۆری دەوێت و ناوی کەسەکەش دەزڕێت، بەتایبەتی لەبەردەم خێزان و کەسوکاریدا. لارا باس لەوەش دەکات کە دەوروبەر خەتاکە دەخەنە سەر ژن و خەڵک پێیوایە نابێت کچ ئەو ئیشانە بکات و داوای لێدەکەن واز لە ئیشەکە بهێنێت. 

لارا دەڵێت:"لای یەک پیاو کە هەڵەی بەرامبەر کردوی، بێدەنگ و بێ هەڵوێست لە بەرامبەر هەڵەکەیدا ببینرێت باشترە لەوەی هەمو کۆمەڵگە بیزانێت و بە خراپ سەیرت بکەن"

پۆلیسی کۆمەڵگەیی سلێمانی، ناوەندێک بۆ نەزڕاندنی ناوی هیچ کەسێک لە کۆمەڵگەدا

 

بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆمەڵگەیی سلێمانی، موقەدەم ڕەزا عەبدوڵا ئەحمەد، باسی ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکات، وەک گەڕاندنەوەی ماف بۆ مافخوراو، رێگرتن لە پەرەسەندنی کێشەکان و گەورە نەبونیان تا نەگەنە ئاستی تاوان. ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "ئەرکمان بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاساییە و ناوەندێکین لەنێوان هاوڵاتیان و ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ، هەروەها ناوەندێکین بۆ نەزڕاندنی ناوی هیچ کەسێک لە کۆمەڵگەدا". 

ئەو کێشانەی دێنە لای پۆلیسی کۆمەڵگەیی، کێشەی سوکن و مافی گشتییان تیا نیە، پێش گەیشتنیان بە قۆناغی تاوان بەشێوەیەکی نهێنی و پارێزراو چارەسەر دەکرێن

 

ئەو کێشانەی دێنە لای پۆلیسی کۆمەڵگەیی، کێشەی سوکن و مافی گشتییان تیا نیە، پێش گەیشتنیان بە قۆناغی تاوان بەشێوەیەکی نهێنی و پارێزراو چارەسەر دەکرێن، بۆ نمونە ئەگەر خانمێک لە کارەکەیدا، یان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵاتیەکانەوە، یان هەر ڕێگەیەکی ترەوە گێچەڵی پێ بکرێت، لەم بەڕێوەبەرایەتیەدا بەپێی رێکارە یاساییەکان رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر. 

زۆر کەس هەن حەز ناکەن کێشەکانیان بگەنە ناو دادگاکان و ناویان بڕوات و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن

 

ڕەزا عەبدوڵا وتیشی:"زۆر کەس هەن حەز ناکەن کێشەکانیان بگەنە ناو دادگاکان و ناویان بڕوات و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێن. لەم ڕوانگەیەوە، دروستکەری کێشەکە بانگ دەکرێ و قسەی لێ وەردەگیرێت بۆ دوبارە نەکردنەوەی ڕەفتارەکەی، ئەم ڕێکارە ئاسانکارییە بۆ ئەو کەسەی گێچەڵی پێکراوە کە ناوی ناڕوات، هەروەها بۆ لایەنی بەرامبەریش کە وایلێدەکات جارێکی تر ئەو ڕەفتارە دوبارە نەکاتەوە.

تێبینی: لارا محەمەد ناوی خوازراوە

ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە دوای بەشداریکردنی ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە هات لە خولێکی ڕێکخراوی "Internews" لەسەر شێوازی نوسینی ڕاپۆرتی هەستیاری جێندەری.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP