مناڵەکانی خاشقچی 70 ملیۆن دۆلار لەبەرامبەر بێدەنگبوندا وەردەگرن

- 4/3/2019 9:10:00 PM 7727 جار خوێندراوەتەوە


خەندان- 

خێزانی نوسەر و رۆژنامەنوسی بەڕەگەز سعودی، جەمال خاشقچی تا ئێستا ملیۆنان دۆلاریان وەرگرتوە و پێشبینیش دەکرێت نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوی لەناوبردنی باوکیان وەرگرن.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن، خێزان و مناڵەکانی نوسەر و رۆژنامەنوسی بەڕەگەز سعودی جەمال خاشقچی تا ئێستا قەرەبوی چەندین ملیۆن دۆلاریان بەرێگای وەرگرتنی موڵک و پارەی کاش وەرگرتوە و پێشبینیش دەکرێت نزیکەی 70 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوی لەناوبردنی باوکیان وەربگرن.

قەرەبوکردنەوەی خێزانی خاشقچی پاش دادگایکردنی تۆمەتبارانی کەیسی کوشتنی باوکیان دێت لەقونسوڵگەری سعودیە لەتورکیا.

لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو قەرەبوە زۆرەدا، سەرچاوەیەک کە لە خێزانی شاهانەی سعودیەوە نزیکە ئاشکرایکردوە، خێزانی خاشقچی چیتر بەئاشکرا رەخنە لە خێزانی شاهانە ناگرن و بێدەنگی هەڵدەبژێرن.
هەریەک لەمناڵەکانی خانویەکی گرانبەهایان لەریازی پایتەختی سعودیە وەرگرتوە کە بەهای هەریەکەیان نزیکەی چوار ملیۆن دۆلارە

 

خاشقچی خاوەنی چوار منداڵە و هەریەک لەمناڵەکانی خانویەکی گرانبەهایان لەریازی پایتەختی سعودیە وەرگرتوە کە بەهای هەریەکەیان نزیکەی چوار ملیۆن دۆلارە.

هەربەپێی زانیارییەکان، کوڕە گەورەکەی کە ناوی سەلاحە و کارمەندی بانقە لەشوێنی کارکردنی لەجدە خانویەکی گەورە و گرانبەهای وەرگرتوە، عەبدوڵا و دوخوشکەکەی دیکەشی لەناوچەیەکی دیکە خانوی گرانبەهایان پێدراوە.

جگە لەوانە، هەریەک لەمناڵەکان بۆ یەک جار بڕەپارەیەکی 276 هەزار دۆلاریان پێدراوە و بڕیاروایە موچەیەکی مانگانەی 10 بۆ 15 هەزار دۆلاریش وەرگرن.
  ئەو قەرەبوانە لەلایەن شا سەلمانەوە رەزامەندییان لەسەردراوە

 

سەرچاوەکەی سی ئێن ئێن ئەوەشی زانیوە ئەو قەرەبوانە لەلایەن شا سەلمانەوە رەزامەندییان لەسەردراوە.
 
جەمال خاشقچی رۆژنامەنوس و نوسەرێکی گەورەی بەرەگەز سعودی بو کە بەردەوام رەخنەی توندی لەدەسەڵاتدارانی سعودیە دەگرت و بەمدواییانەش بەناچاری لەئەمریکا دەژیا، رۆژی 2 ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردو پاش سەردانکردنی قونسوڵخانەی سعودیە لەتورکیا، لەلایەن تیمێکی ئامادەکراوی ئەو قونسوڵخانەیەوە بێسەروشوێن کراو دواتر زانیارییەکان ئەوەیان ئاشکراکرد کە هەر لەناو قونسوڵخانەکەدا بەشێوەیەکی دڕندانە کوژراوە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP