دەستپێكی قۆناغێكی نوێ دەبێت
بارزانی: خۆشحاڵم ئاگادارتان بكه‌م، یه‌كێتی دێن بۆ ناو حكومه‌ت

- 4/3/2019 5:50:00 PM 34107 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسعود بارزانی رایگەیاند: خۆشحاڵم ئاگادارتان بكه‌م، یه‌كێتی دێن بۆ ناو حكومه‌ت.
ئیتر په‌رله‌مان خه‌ریكی ئیشی خۆیه‌تی، ده‌ست ده‌كرێت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت

 

لە میانی وتارێكدا لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی رایگەیاند:"خۆشحاڵم ئاگادارتان بكه‌م، له‌ رێگه‌ بووم، پێیان وتم، یه‌كێتی دێن بۆ ناو حكومه‌ت و ئیتر په‌رله‌مان خه‌ریكی ئیشی خۆیه‌تی، ده‌ست ده‌كرێت به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت".

هەروەها بارزانی وتیشی: هیوادارین ئەمە دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بێت.

پێشتر هۆشیار زێباری، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبو"گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆر نزیکە".
 
لە چەند رۆژی رابردوشدا لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، فازیڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبو: "پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو رێککەوتن، بۆچونی ئێمە ئەوەیە کە هیچ کاممان بەدیلی ڕێککەوتنمان نیە، چونکە بەرپرسیاریتیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆماندایە".

بەرهەم ساڵح: پەیوەندی لە نێوان من و برایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، و ئینشائەڵڵا لێرەشدا ناوەستین

 

دوێنێش لە میانی چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەی بەناوبانگی شەرقولئەوسەت كە لەلەندەن دەردەچێت لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا هیچ دەستپێكێك هەیە بۆ توانەوەی ئەو چەقبەستنەی لەنێوان تۆ و مەسعود بارزانی سەرۆكی پێشوی هەرێمی كوردستاندا هەیە؟ ئایا هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشو لەو هەنگاوەدا رۆڵی هەیە؟". دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق رایگەیاندبو:"پەیوەندی لە نێوان من و برایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، و ئینشائەڵڵا لێرەشدا ناوەستین و وڵاتەكەش لەوە گەورەترە، ماوەیەك لەمەوبەر هاوڕێم هۆشیار لە بەغداد سەردانیكردم".

دواجار هەرواش بو، چونكە هەنگاوەكانی یەكێتی و پارتی وەك سەرۆك كۆماری عێراق و سەركردە باڵاكانی پارتی ئاماژەیان پێكردبو، لە شوێنێكدا نەوەستان و ئەو دو حزبە جگە لە رێككەوتن رێگەچارەیەكی دیكەیان نەبو.

دوای ئەنجامدانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لە نێوان مەسعود بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ، توانرا هەردو وەفدی یەكێتی و پارتی بگەنە لێكتێگەشتنی بنەڕەتی

 

راگەیاندنی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی، دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەی نێوان ئەمڕۆی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هات و وەك وتەبێژی یەكێتی رایگەیاندبو كە دوای ئەنجامدانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی دۆستانە و دڵسۆزانە و مشورخۆرانە لە نێوان مەسعود بارزانی  و كۆسرەت رەسوڵ، توانرا هەردو وەفدی یەكێتی و پارتی لەرێگەی پەیوەندیەوە بگەنە لێكتێگەشتنی بنەڕەتی هاوبەش بۆ پێگەی یەكێتی لە سیستمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا لە سەرۆكایەتیەكان و هەمو وەزارەتەكان و دەستەكاندا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP