پارتی بە ئۆفەرێکی نوێ لە یەکێتی نزیکدەبێتەوە
یەکێتی دوایین پاکێجی پارتی بۆ رێککەوتن لەکاتژمێرەکانی کۆتاییدا تاوتوێ دەکات

- 4/3/2019 10:51:00 AM 51991 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی دیموکراتی کوردستان پاکێجێکی نوێی بۆ رێککەوتن پێشکەشی یەکێتی کردوە، کە پێدەچێت رێگاکانی گەیشتنی ئەو دوحزبە بە رێکەوتن نزیکبکاتەوە، کە تا ئێستا  بەربەستی گەورە لە نێوان هەردوحزبدایە، ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی یەکێتی تاوتوێی ئەو پاکێجە نوێیەی پارتی دەکات.

پارتی پاکێجێکی نوێی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت پێشکەشی یەکێتی کردوە

 
بەپێی زانیاریەکانی خەندان، پارتی پاکێجێکی نوێی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی یەکێتی کردوە، بۆ ئەوەی رازیبکات ئۆکەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بکات، بەڵام هێشتا دیارنیە فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەشدار دەبێت یان نا.

 

لە چەند رۆژی رابردودا سەرکردە و کەناڵە نا فەرمییەکانی پارتی و یەکێتی لە گفتوگۆی بەردەوامدابون

 
خەندان زانیویەتی، لە چەند رۆژی رابردودا سەرکردە و کەناڵە نا فەرمییەکانی پارتی و یەکێتی لە دەرەوەی شاندی دانوستانکاری هەردولا لە گفتوگۆی بەردەوامدابون بۆ دۆینەوەی رێگاچارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانیان.

 

پارتی بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی و یەکێتی بە دروستکردنی ناوەندێکی بڕیار لە گفتوگۆدابون

 
لە چەند رۆژی رابردودا پارتی بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی و یەکێتی بە دروستکردنی ناوەندێکی بڕیار لە گفتوگۆدابون بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە دەرەوەی شاندی دانوستانکاری هەردوحزب پێشتر پێکیانهێنابو.

 

پارتی بە پێدانی شەش وەزارەت بە یەکێتی رازی بوە

بەپێی ئەو زانیاریە تایبەتانەی دەست خەندان کەوتوە، پارتی بە پێدانی شەش وەزارەت بە یەکێتی رازی بوە، کە سێ وەزارەتیان یەکلایی بوەتەوە، هەروەها یەکێتی سەرپشک کراوە لە نێوان چەند وەزارەتێکی دیکەدا سیانەکەی دیکەش هەڵبژێرێت.

خەندان زانیویەتی، پارتی رازیبوە هەریەکە لە وەزارەتەکانی پێشمەرگە، پلاندانان، کشتوکاڵ بدرێت بە یەکێتی، هاوکات سەرپشکی کردوە لە هەڵبژاردنی یەکێک لە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، هەروەها لە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و وەزارەتی شەهیدان وەزارەتێک وەک پشکی خۆی هەڵبژێرێت.

خەندان ئەوەشی زانیوە، پێشتر بڕیاربو وەزارەتی تەندروستی بدرێتە بە یەکێتی، بەڵام لە پاکێجە نوێکەدا، پارتی پێشنیازی بۆ یەکێتی کردوە وەزارەتێک بۆ کاروباری هەرێم وەربگرێت کە "وەزارەتی کردەیی نین".

تا ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەو جێگرانە لە گفتوگۆدایە کە دەدرێن بە یەکێتی

لە پاکێجە نوێکەی پارتیدا بۆ یەکێتی سێ دەستەش وەکو پشکی ئەو حزبە دیاریکراوە، ئەوە جگە لە پێدانی جێگرانی وەزیری دارایی و سامانەسروشتیەکان و ناوخۆ و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە یەکێتی، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتەکانی ئەو جێگرانە لە گفتوگۆدایە و مشتومڕی لەسەرە و دیارنیە ئەو جێگرانە ئەو دەسەڵاتانەی دەبێت کە یەکێتی داوای دەکات، بەتایبەت لە پاکێجە نوێکەی پارتیدا ئەو دەسەڵاتانە باسنەکراوە.

 

یەکێتی پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ ئەگەری رێکنەکەوتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان

 
بۆ تاوتوێکردنی پاکێجە نوێکەی پارتی، مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و هاوکات خەندان زانیویەتی، کە ئەو حزبە پلانی جێگرەوەی هەیە بۆ ئەگەری رێکنەکەوتنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

لەتیف شێخ عومەر، وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی کوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی له‌ سلێمانی كۆده‌بێته‌وه‌ و لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتەوە گفتوگۆ دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "مه‌كته‌بی سیاسی ده‌یه‌وێت له‌ڕێی شاندی دانوستانكاره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاگاداربكاته‌وه‌ له‌ ئاڕاسته‌ و رێڕه‌وی دانوستانه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان".

 

پەیوەندی لە نێوان من و برایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە

 

هاوکات شەوی رابردو د. بەرهەم ساڵح، سەرۆکی کۆماری عێراق و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق الاوسط کە شەوی رابردو خەندان دەقەکەی بڵاوکردەوە، لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی قسەی کردوە و رایگەیاند، "پەیوەندی لە نێوان من و برایان لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە، ئینشائەڵڵا لێرەشدا ناوەستین و وڵاتەكەش لەوە گەورەترە، ماوەیەك لەمەوبەر هاوڕێم هۆشیار لە بەغداد سەردانیكردم".


گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆر نزیکە

 
هەروەها هۆشیار زێبار، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە تویتێکدا نوسیویەتی، "گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان پارتی و یەکێتی زۆر نزیکە، بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان".


زۆر ئاراممان گرت و دەرفەتی زۆرمان دا بە هەموو لایەنەکان

 
ئەمڕۆش مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی وتارێکیدا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، "زۆر ئاراممان گرت و دەرفەتی زۆرمان دا بە هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی حکومەت لە هەموو لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن پێکبێت، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێک ناکرێت چاوەڕێ بکەین و هیچ موبەریرێکیش نییە".


کاتی چاوەڕوانی کۆتایی هاتوە و پەرلەمان دەستدەکات بە رێوشوێنی پێویست

 
ئاماژەی بەوەشکرد، "کاتی چاوەڕوانی کۆتایی هاتوە و پەرلەمان دەستدەکات بە رێوشوێنی پێویست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و راسپاردنی سەرۆک وەزیران، هیواخوازین حکومەت لەلایەن هەموو لایەنەکان پێکبێت، بەڵام بە راشکاوانە دەڵێم لەمڕۆوە یەک چرکە ساتی دیکە چاوەڕێ ناکەین".

کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکاتێکدایە هەرئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، کە لەلایەن پارتی، گۆڕان و پێکهاتەی تورکمان و کلدان و ئاشوری پێشکەشکراوە.

لەتیف شێخ عومەر وتیشی، "بەشداریکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا پەیوەستە لە رێککەوتنمان لەگەڵ پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP