بەپەلە

پاشماوەكانی داعش لە ئەشكەوتەكانی نزیك باغۆز-دان
شەڕڤانان بەردەوامن لە پاككردنەوەی باغۆز لە پاشماوەی داعش

- 4/3/2019 9:32:00 AM 3956 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، تا ئێستا پاشماوەی چەكدارانی داعش لە باغۆز و دەوروبەری ماون و شەڕڤانانیش لە گەڕان و پشكنینی بەردەوامدان بۆ دۆزینەوەیان.

موستەفا بالی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندوە، "تا ئێستاش ژمارەیەك تیرۆریست ماون كە لە ئەشكەوتدا لە نزیك شاخەكانی باغۆز خۆیان حەشارداوە" و لە ئێستادا هێزەكانی سوریای دیموكرات بە مەبەستی دۆزینەوەی پاشماوە و شانە نوستوەكانی داعش بە بەردەوامی باغۆز و ناوچەكانی دەوروبەری دەپشكنن.

بالی ئاماژەی بەوەشكردوە، لەمیانی پشكنینەكانیاندا شەڕڤانان بۆمب و مینی چێندراو پوچەڵدەكەنەوە كە لە لایەن چەكدارانی داعش وەكوو داو لەو ناوچەیەدا نراونەتەوە.

رۆژی شەممە 23ی ئازار، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرکەوتنی تەواوەتی شەڕڤانانی بەسەر داعشدا لە باغۆز راگەیاند، چەکدارانی داعش لە باغۆز تێکشکێندراون و کۆتاییان پێهێنرا.

هاوكات شەوێك پێش راگەیندراوەكەی بالی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رێكخراوی چەكداری داعش لە خاكی سوریا لەسەدا 100 تێكشكێندرا.

ترەمپ لەمیانی لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، رێكخراوی چەكداری داعش لە خاكی سوریا لەسەدا 100 شكستیهێناوە و پێش لێدوانەكەی ترەمپ-یش، كۆشكی سپی رایگەیاندبو، سەرجەم ئەو خاكانەی لەژێردەستی پاشماوەكانی داعشدا بون لە سوریا لە چەكدارانی داعش پاككراونەتەوە. 


نیشانەکردن :

#شەڕڤانان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP