بوکەکەی داعش پەشیمانە

- 4/2/2019 10:52:00 PM 28183 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

شەمیمە ئەو کچە خوێندکارە بریتانیەی لەقوتابخانەیەکی بریتانیاوە ڕۆیشت و پەیوەندی بەداعشەوە کرد، پاش ماوەیەکی کەم بوە بوکی داعشێک، ئەو دەڵێت مێشکیان شتوەتەوە و داوادەکات دەرفەتی دوەمی پێببەخشن.

ژنە گەنجەکەی داعش وتی پێش ئەوەی پەیوەندی بەداعشەوە بکات لەلایەن ئەو گروپەوە مێشکی شۆراوەتەوە و داوای گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی دەکات، دەشڵێت" پەشیمانە لەهەمو شتێک کەلەریزەکانی داعشدا کردویەتی".

شەمیمە پەشیمانە و دەڵێت مێشکی لەلایەن رێکخراوی داعشەوە شۆراوەتەوە و راستییەکانیان لێونکراوە

 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی  ئیندیپێندنت-ی بریتانی، شەمیمە ئەو ژنە گەنجە داعشە بریتانیە ناوی تەواوی شەمیمە بیگوم کاتێک خوێندکاری ئامادەیی بوە پەیوەندی بەداعشەوە کردوە و بەڵێنیداوە هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی، بەڵام ئێستا پەشیمانە و دەڵێت مێشکی لەلایەن رێکخراوی داعشەوە شۆراوەتەوە و راستییەکانیان لێونکراوە.

شەمیمە کە ئێستا تەمەنی 19 ساڵە، باسلەوەدەکات بەماوەیەکی کەم پاش گەیشتی بۆناو داعش، لەگەڵ چەکدارێکی بەڕەگەز هۆڵەندی بەناوی ( یاگۆ ریدجیک) هاوسەرگیریکردوە و دو منداڵیان لەوێ مردوە و مانگی ئاداری رابردوش مناڵی سێیەمی گیانیلەدەستداوە.
شەمیمە سەرەتای ئەمساڵ پاش چڕبونەوەی هێرشەکان لەناوچەی باغۆزی سوریا هەڵهاتوە، لەلایەن ساجید جاڤدی وەزیری ناوخۆی بریتانیاوە مافی هاوڵاتیبونی لێسەنراوەتەوە

شەمیمەی هەرزەکار کە بەڕەگەز بەنگلادیشییە و سەرەتای ئەمساڵ پاش چڕبونەوەی هێرشەکان لەناوچەی باغۆزی سوریا هەڵهاتوە، لەلایەن ساجید جاڤدی وەزیری ناوخۆی بریتانیاوە مافی هاوڵاتیبونی لێسەنراوەتەوە.
 
لەلێدوانێکیدا بۆ تایمزی بریتانی، شەمیمە وتویەتی لەوەتەی لەباغۆز دەرچوە پەشیمانە لەهەمو شتێک کەکردویەتی و داواشیکردوە دەرفەتی دوەمی لەژیاندا پێببەخشنەوە و رێگەی بدەن بگەڕێتەوە بریتانیا.

شەمیمە کە لەکامپی ئاوارەکانی ئەل هاول لە سوریا نیشتەجێبوە و، مانگی شوباتی رابردو لەچاوپێکەوتنێکی دیکەدا بەوجۆرەی ئێستا پەشیمانی بۆ چونە نێوداعش دەرنەبڕیوە، واشی نیشاندەدا کە هێرشە تیرۆرستییەکەی مانچستەر بەکارێکی پەسەندکراو لەقەڵەم بدات کە بەهۆیەوە 23 ژن و منداڵ بونە قوربانی.
بریتانیا وەک ھاوڵاتی خۆی ئەژماری ناکات

 

لەوەڵامدا وەزیری ناوخۆی بریتانیا رایگەیاندوە، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو کاتێک دەتوانێت داوای گەڕانەوە بۆ بریتانیا بکات کە وڵاتێک نەبێت تێیدا مافی هاوڵاتیبونی پێببەخشێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەرەگەز بەنگلادشییە ئۆتۆماتیکی دەبێتەوە هاوڵاتی ئەو وڵاتە بۆیە بریتانیا وەک ھاوڵاتی خۆی ئەژماری ناکات و ئێستا ئەو بەنگلادیشییە.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP