بە ڤیدیۆ.. بەنداوی دوکان سەرڕێژبو

- 4/2/2019 7:00:00 PM 93026 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 بۆ دوەمجار لە مێژوی دروستبونیدا ئێوارەى ئەمڕۆ بەنداوى دوکان سەرڕێژ بو، دوای ئەوەی بۆ یەکەمجار لەساڵی 1988دا سەرڕێژبو.

ئەمساڵ زۆرترین رێژەى باران بارین لە هەرێمى کوردستان باریوە لە چاو ساڵانی رابردودا، بەشێوەیەک لە زۆربەى شار و شارۆچکەکان نزیکەى سێ هێندەى ساڵى رابردو باران باریوە و بوە هۆی دروستبونی لافاو لە هەندێ ناوچەدا، جگە لەوەش زۆربەی بەنداو و دەریاچەکان سەرڕێژبون.

لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رایانگەیاند، رێکاری پێویستیان گرتوەتەبەر، بۆئەوەى سەرڕێژبونى ئاوى بەنداوەکە زیانى لێنەکەوێتەوە، لەبارەیەوە رێنمایى دەدەنە هاوڵاتیان و خەڵکى ناوچەکە نزیک دەرچەى ئاوى بێل ماوسەکە و ئەو ناوچانە نەبنەوە کە ئاوەکەى پێدا تێپەڕدەبێت، بەوپێیەى ئاستى ئاوەکە بەرز دەبێتەوە.

دەرچەی بێل ماوس یان سپیڵ وەى، ئەو ڕێرەوەیە لەکاتی بەرزبونەوەی ئاو لەنێو بەنداوەکان بەکاردێت بۆ دەرچونی ئاوی زیادەی بەنداوەکە و ئاوەکە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی دیکە بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکان.

بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959ـەوە وەك یەكەم بەنداو لەسەر ئاستی عێراق دروستكراوە، حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت، لەكاتی دروستكردنی بەنداوەكەشدا تاوەكو ئێستا یەكجار لە ساڵی 1988سەرڕێژبوە.

 

 

 



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP