قوباد تاڵەبانی بەڵێنی دوسایدکردن و چراخانکردنی رێگای دوکان- خەلەکان دەدات

- 4/2/2019 5:48:00 PM 4875 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بۆ دوكان و سەرجەم دەڤەرەكانی پرۆژە و بەرنامەی تایبەتیان هەیە، وەك چاککردنی رێگاکانی دەوروبەری دوکان و دوسایدکردن و روناککردنی شەقامی سەرەکی ناحیەی خەلەکان.

ئەمڕۆ لەشارۆچکەی دوکان بە ئامادەبونی بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی ئاڵوگۆڕی پۆستی قائیمقامی قەزای دوکان کرا و لە جێگەی شاهۆ عوسمان، سیروان سەرحەد وەک قائیمقامێکی نوێ دەستبەکاربو.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی" لەم مەراسیمەدا لەسەر گرنگی دوكان بۆ بوارەكانی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ هەڵوێستەمان كرد كە دو كەرتی گرنگ و بنەڕەتین لە رەخساندنی هەلی كارو بوژاندنەوەی ئابووری كوردستان لەقۆناغی داهاتودا". 

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت" نەک هەر بۆ دوكان بەڵكو بۆ سەرجەم دەڤەرەكە پرۆژە و بەرنامەی تایبەتمان هەیە وەك چاککردنی رێگاکانی دەوروبەری دوکان و دوسایدکردن و روناککردنی شەقامی سەرەکی ناحیەی خەلەکان".

باسیلەوەشکردوە" بەدڵنیاییەوە ئەوەی لەتوانادا بێت درێغی ناكەین بۆ ناوچەكە لەپێناو ئەوەی دوكان و دەریاچەكەی ببنە روگەیەكی سەرەكی گەشتیاریی لەسەر ئاستی هەمو عێراق، ئەمەش بەشێكە لەو ئەركە بنەڕەتیانەی كە دەكەونە سەرشانی حكومەتی داهاتوی هەرێم، چونكە خەڵكی كوردستان شایستەی خزمەتی زیاترن و بەڵێنمان بەدانیشتوانی دەڤەرەكەدا ئەگەر لەئەركدا ماینەوە بەردەوام بین لەگەڵیان".


نیشانەکردن :

#دوکان #قوباد تاڵەبانی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP