بەپەلە

"پارتی و یەکێتی دەگەنە رێكه‌وتن"
پەرلەمانتارێکی پارتی: فرسه‌تێكی باش بۆ رێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی هاتوەته‌ پێش

- 4/2/2019 3:27:00 PM 26287 جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان - شه‌وكه‌ت قادر
 
ئه‌ندامێكی فراکسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی كوردستان رایگەیاند، دوای دواخستنی کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ئێستا فرسه‌تێكی باش بۆ رێكه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی هاتوەته‌ پێشەوە.

بڕیاربو ئەمڕۆ کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دوەم بۆ پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبونەوەکە بۆ سبەی چوارشەممە دواخرا.


پێمان خۆش نه‌بو کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ یەکێتی بەڕێوەبچێت

 
هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامێكی فراکسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی كوردستان لەبارەی بڕیارەکەوە بە خەندان-ی راگەیاند، "پێمان خۆش نه‌بو بۆ بابه‌تێكی وا گرنگ په‌رله‌مان بەبێ بەشدریکردنی هێزی دوەم كۆببێته‌وه‌، کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە". 

فرسه‌تێكی باش هه‌یه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ ئەوەی بگه‌نه‌ رێكکه‌وتن

 
ئاماژەی بەوەشکرد، "فرسه‌تێكی باش هه‌یه‌ له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی بۆ ئەوەی بگه‌نه‌ رێكه‌وتن، ئه‌وه‌ی ئێمه‌ تێگه‌یشتوین، پارتی و یەکێتی دەگەنە رێكکه‌وتن، بۆیه‌ په‌رله‌مان 24 كاتژمێر كۆبونه‌وه‌کەی دواخست، بۆ ئه‌وه‌ی فراکسیۆنی یەکێتی به‌شداربن له‌و پرسە گرنگه‌دا".

پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن پەرلەمانتارانی پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکانی ناو پەرلەمانی کوردستانەوە پێشکەشکراوە، کە ژمارەیان 68 پەرلەمانتارە، بەڵام تا ئێستا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، نەوەی نوێ و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی لەگەڵ پڕۆژەیاساکەدا نین.

 

فراكسیۆنه‌كانی یه‌كگرتو و نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ نه‌یانوتوه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ناكه‌ین

 

پەرلەمانتارەکەی پارتی وتیشی، "فراكسیۆنه‌كانی یه‌كگرتو و نه‌وه‌ی نوێ و كۆمه‌ڵ نه‌یانوتوه‌ به‌شداری كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ناكه‌ین، ره‌نگه‌ تێبینیان هه‌بێت، فرسه‌ت به‌هه‌مولایه‌ك ده‌درێت تێبینی و سه‌رنجی خۆیان بخه‌نه‌ڕو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پرۆژه‌كه‌".

هێڤیدار ئه‌حمه‌د رونیشیکردەوە، "پرۆژه‌كه‌ ته‌نها هی پارتی نیه‌ و ته‌نها هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێك نیه‌ بۆ پارتی بێت، بەڵکو ده‌رگا ده‌كرێته‌وه‌ بۆ خۆكاندیدكردن، كاندیدی ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی پارتی نێچیرڤان ئیدریس بارزانیه‌، هه‌ر هه‌ركه‌سێك مه‌رج و پێوه‌ره‌كانی خۆكاندیدكردنی تێدابێت ده‌توانێت خۆی كاندید بكا".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP