بەپەلە

زیندانییەکی سیاسى لە تورکیا گیانی لەدەستدا

- 4/2/2019 10:35:00 AM 5189 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

یۆنجا ئاکجی، زیندانیى سیاسیى لە زیندانێکی تورکیا گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی هەفتەی رابردو هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بەسەختی برینداربوە.

بەپێی فورات نیوز، یۆنجا ئاکجی، رۆژی 29ی ئازار لە زیندانى ژنان لە شاکران لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بەهۆیەوە بە قورسی برینداربوە، بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە ئێوارەى دوێنێ گیانی لەدەستداوە.

یۆنجا ئاکجی زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندانى ژنان لە شاکران دەستگیکرابو

 
یۆنجا ئاکجی بە تۆمەتى ئەندامێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندانى ژنان لە شاکران دەستگیکرابو، ئەو 29ی ئازار بۆ ئیدانەکردنى گۆشەگیریى قورسی سەر عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە زینداندا هەوڵی داوە کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت، بەڵام بەسەختی برینداربوە.

ئەوە دوەم روداوی "خۆکوشتنە" بەهۆی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلانەوە، دوای ئەوەی 20ی مانگی شوباتی ئەمساڵ ئوغور شاکار، بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکییەکانی مانگرتن و تێکشکاندنی گۆشەگیری ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و لە ئەنجامدا رۆژی 22ی ئازار لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

 

پەکەکە، کەجەکە و پاژک و لەیلا گوڤەن و دوران کاڵکان داوایان کردوە، هیچ کەسێک چالاکی گیانبازیی ئەنجام نەدات

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەریەکە پەکەکە، کەجەکە و پاژک و لەیلا گوڤەن و دوران کاڵکان داوایان کردوە، هیچ کەسێک چالاکی گیانبازیی ئەنجام نەدات، بەڵام دژی حکومەتی تورکیا چالاکی ئەنجامبدەن.

 لە ئێستادا لە باکوری کوردستان و لە بەشێک لە زیندانەکانی تورکیا مانگرتن لە خواردن دژی گۆشەگیری ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت

هاوکات لە ئێستادا لە باکوری کوردستان و لە بەشێک لە زیندانەکانی تورکیا مانگرتن لە خواردن دژی گۆشەگیری ئۆجەلان بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حکومەتی تورکیا لە 27ی تەموزی ساڵی 2011ەوە رێگەیان بە پارێزەرەکانی ئۆجەلان نەداوە سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکەن.

تا ئێستاش زیاتر لە 789 جار، داواکاری بینینی ئۆجەلان رەتکراوەتەوەو بە شێکی زۆری داواکارییەکان بە بیانووی خراپی کەش و ھەواو ھۆکاری کێشە لە کەشتییەکان و دۆخی نائاسایی تورکیاوە رەتکراوەتەوە، کۆتا جاریش لە 27ی مانگی تەموزی 2011 پارێزەران چاویان بە ئۆجەلان کەوتوە.

بەڵام دوای نزیكەی سێ ساڵ، 12ی مانگی رابردو رێگا بە محەمەد ئۆجەلان درا بۆ چەند ساتێک سەردانی ئۆجەلان بکات لە زیندانی ئیمراڵی.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP