"کاک مەسرور تەلەفۆنی بۆ د. بەرهەم کردوە"
فازیڵ میرانی: پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن

- 4/1/2019 6:44:00 PM 46075 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، پێیان باش نیە یەکێتی بایکۆتی پڕۆسەیەکی وەک کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بکات، كه‌ ڕەهەندی نیشتمانیان هه‌یه‌، دەشڵێت، پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن.
پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو رێککەوتن، هیچ کاممان بەدیلی ڕێککەوتنمان نیە 

 

فازیڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاندوە، "پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو رێککەوتن، بۆچونی ئێمە ئەوەیە کە هیچ کاممان بەدیلی ڕێککەوتنمان نیە چونکە بەرپرسیاریتیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی لە ئەستۆماندایە".

واجوانترە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشداربن، چونکە سەرۆکی هەرێم هی هەرێم دەبێت بەتەنها سەرۆکی پارتی و گۆڕان و تورکمان و ئاشور نابێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "بایکۆتکردنی پڕۆسەیەکی وەک کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم كه‌ ڕەهەندی نیشتمانیان هه‌یه‌ بۆ بەملی ئێمەدا بێت؟ بۆ خەڵکی دیکە تاوانبار نەبێت کە بەشداری تێدا ناکەن؟!، واجوانترە برادەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بەشداربن، چونکە سەرۆکی هەرێم هی هەرێم دەبێت بەتەنها سەرۆکی پارتی و گۆڕان و تورکمان و ئاشور نابێت".

ئێمە حسابی کورسی لەگەڵ یەکێتی ناکەین، نابێت یەکێتیش چاوەڕێی پەنجا بەپەنجای جاران بێت

 

میرانی ئەوەشی خستەڕو، "ئێمە حسابی کورسی لەگەڵ یەکێتی ناکەین، بەڵام نابێت یەکێتیش چاوەڕێی پەنجا بەپەنجای جاران بێت، یەکێتی پێی خۆشە موڕاعات بکرێت نەک بە قەبارەی 21 کورسی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت".

بەبێ یەکێتی باش نیە حکومەت پێکبهێنین

 

سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی، "بەبێ یەکێتی باش نیە حکومەت پێکبهێنین، بەڵام بەبێ یەکێتیش دەکرێت، وەک جاری پێشو".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا تێپەڕاندنی یاساکان و کاراکردنەوەی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ یەکێتی لە ئایندەدا کێشە دروست ناکات؟، میرانی وتی، "لە روی جەوهەرەوە بەڵێ کامڵ و یاساییە، بەڵام لە روی مەزهەرەوە بەڵێ واجوانترە برادەرانی یەکێتی بەشداربن".

بە یەکێتیمان وتوە حەق نیە ئێوە لە بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری نەکەن، چونکە ئێمە شەش مانگە وەستاوین

 

رونیشیکردەوە، "بە یەکێتیمان وتوە حەق نیە ئێوە لە بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم بەشداری نەکەن، چونکە ئێمە شەش مانگە وەستاوین لە پاڵ ئەوەشدا دەستمان کردوە بە پڕۆسەکە، داواش لە شەریکەکانی خۆمان دەکەین بێن لەگەڵمان بەشداربن، لە پێش هەمویانەوە یەکێتی، گەشبینیشین کە بێن بەشداری بکەن لە پڕۆسەی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بۆ بەشداریش لە حکومەت بەهەمان شێوە گەشبینین".

هۆشیار زێباری چوەتە لای د. بەرهەم، کاک مەسرور-یش تەلەفۆنی بۆ کردوە

 

لەبارەی پرسیاری مامەڵەنەکردنی پارتی لەگەڵ د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق فازیل میرانی وتی، "کێ دەڵێت ئەوان مامەڵەیان لەگەڵ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق نەکردوە؟، "کاک هۆشیار چوەتە لای د. بەرهەم، کاک مەسرور-یش تەلەفۆنی بۆ کردوە".

لە مەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌فه‌رمی کاک بەرهەم بانگهێشت ده‌كه‌ین

 

راشیگەیاند، "کێ دەڵێت ئێمە مامەڵەمان لەگەڵ د.به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق نەکردوە؟، کاک هۆشیار چوەتە لای د. بەرهەم، کاک مەسرور-یش تەلەفۆنی بۆ د.بەرهەم کردوە، لە مەراسیمی دەستبەکاربونی سەرۆکی هەرێم و پێكهێنانی حكومه‌ت به‌فه‌رمی کاک بەرهەم بانگهێشت ده‌كه‌ین و ئامادە دەبێت و ئێمەش پێشوازی لێدەکەین".

د. بەرهەم بوەتە سەرۆک کۆماری عیراق، ئێمە عیراقین و دەبێت قبوڵی بکەین

 

میرانی دەشڵێت، "تەواو د. بەرهەم بوەتە سەرۆک کۆماری عیراق، ئێمە عیراقین و دەبێت قبوڵی بکەین، دوو برا لە ماڵێکدا عاجزییان دەبێت ئاساییە، کاک بەرهەم دوو جار مافی هەیە لەو مەراسیمە بەشداربێت، جارێک وەک هاوڵاتی ئەم هەرێمە، جارێک وەک سەرۆک کۆمار، لە بۆنەیەکی نیشتمانی وا گەورە بەدڵنیایی سەرۆک کۆماری عیراق و سەرۆک وەزیران و بەرپرسان و سەرکردە سیاسیەکان و نوێنەری وڵاتانیش بانگهێشت دەکەین".



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP