پارتی وەڵامی یەکێتی دایەوە
یەکێتی: پارتی داخوازیەکانمان جێبەجێ ناکات

- 4/1/2019 2:24:00 PM 28778 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی داواکاریەکەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە حکومەت دایەوە، وتەبێژی یەکێتیش رایگەیاند، پارتی داخوازیەکانیان جێبەجێ ناکات.

 

وەڵامی وەفدی دانوستاندکاری پارتی بۆ ئێمە ئەوەیە، پارتی داخوازیەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات

 

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە نوێترین لێدوانیدا بۆ کوردسات نیوز و پیوکەی میدیایی سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاندوە، "وەڵامی وەفدی دانوستاندکاری پارتی بۆ ئێمە ئەوەیە، پارتی داخوازیەکانی ئێمە جێبەجێ ناکات".

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، لە دوایی کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتی ئەو حزبە بەڕێوەچو، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردە باڵاکانی یەکێتی ئامادەبون، تاوتوێی ئەو وەڵامەی پارتیان کردوە کە تیایدا وەڵامی دواین پاکێجی پێشنیارکراوی یەکێتیان داوەتەوە.

وەڵامەکەی پارتی بۆ بەرکەوتەکانی یەکێتی مایەی رەزامەندی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە نەبوە

 
خەندان زانیویەتی، وەڵامەکەی پارتی بۆ بەرکەوتەکانی یەکێتی مایەی رەزامەندی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە نەبوە، سەرکردەکانی ئەو حزبە باوەڕیان وابوە ئەو بەرکەوتانە شایستەی حزبەکەیان نیە، بۆیە پاکێجی پێشنیازکراوی پارتیان رەتکردوەتەوە، بەوەش ئەو دوحزبە جارێکی دیکە بەرەو خاڵی سەرەتای ناکۆکیەکانیان لەسەر پشک و بەرکەوتەکانیان گەڕانەوە.

بەپێی زانیاریەکانی خەندان، یەکێتی داوای سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری پێشمەرگە و ئاسایش و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و شەش وەزارەت و جێگرانی وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتیەکان و فەرمانگەکانی دەرەوە و ئەنجومەنی ئاسایش و شارەوانی کردوە.

شاندی دانوستانکاری یەکێتی هەروەها داوای دابەشکردنی هاوسەنگانەی پێکهاتەی سەرەکی وەزارەت و دەستەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتیان کردوە، کە بریتین لە بەڕێوەبەر گشتی و راوێژکارەکان.

 

پارتی ئامادەنەبوە جێگری یەکەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بداتە یەکێتی

 

بەڵام پارتی لە پاکێجە وەڵامەکەیدا، ئامادەنەبوە جێگری یەکەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری پێشمەرگە و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بداتە یەکێتی.

پارتی تەنانەت رازی نەبوە، دەسەڵاتی تەواو بدات بە جێگری ئەو وەزارەتە سیادیانەی کە دەدرێنە یەکێتی، هەروەها پارتی رەزامەندی لەسەر دابەشکردنی پۆستی بەڕێوەبەرە گشتی و راوێژکارەکان کە پێکهاتەی سەرەکی وەزارەتەکانن دەرنەبڕیوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا رایگەیاندوە، "پارتی و یەکێتی لە ڕێگادان بەرەو ڕێککەوتن، بۆچونی ئێمە ئەوەیە کە هیچ کاممان بەدیلی ڕێککەوتنمان نیە".


نیشانەکردن :

#یەکێتی #پارتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP