وەزارەتی خوێندنی باڵا: پشتگیری تەواوی داواکانیان دەکەین
خوێندکاران گردبونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامداو داوای خەرجکردنی دەرماڵەکانیان دەکەن

- 4/1/2019 12:54:00 PM 3598 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- شەوکەت قادر

 

خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكان داوای پێدانی ده‌رماڵه‌كانیان ده‌كه‌ن، كه‌ زیاتر له‌ 4 ساڵه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ پێیان نادرێت و وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاش وه‌ڵامیان ناداته‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ گردبونه‌وه‌یه‌كیان له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدا. له‌ سلێمانیش هێزه‌كانی ئاسایش رێگرییان له‌ خوێندكاران كرد و نه‌یانهێشت كۆببنه‌وه‌. 

ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی هه‌ولێر گردبونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زاییان له‌به‌رده‌م وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ئه‌نجامدا، لە سلێمانیش لەبەردەم زانکۆی سلێمانیدا گردبونەوە و داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ و پێدانه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانیان دەکرد.

خوێندکارە ناڕازییەکان لەشاری هەولێر یاداشتێکیان پێشکەشی خوێندنی باڵا کردو رایانگەیاند:" داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ی خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ ساڵانی رابردو به‌ بیانوی نه‌بونی بودجه‌ و پاشه‌كه‌وت له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم بڕدراوه‌ كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا قوتابیان و خوێندكارانی زانكۆ به‌سه‌ختترین قۆناغدا تێپه‌ڕیوین و بۆته‌ هۆكاری دابڕانی ده‌یان خوێندكار له‌ خوێندن".

 

له‌ یاداشته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌ پێشتر چه‌ندین جار ئه‌و داوایه‌مان ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كردوه‌، به‌ڵام به‌بیانوی قه‌یرانی دارایی گوێمان لێنه‌گیراوه‌، بۆیه‌ له‌ ئێستادا و دوای باشبونی دۆخی دارایی هه‌رێم هیچ بیانویەك نه‌ماوه‌ بۆ نه‌دانی ده‌رماڵه‌كانمان.

سێ خوێندكاریان ده‌ستگیركردوە و مۆبایلی بەشێک لە خوێندکارەکانیشیان بردوە

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ گمۆ محه‌مه‌د نوێنه‌ری خوێندكارانی ناڕازی لە زانکۆی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، ئه‌مڕۆ به‌شێكی زۆری خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی سلێمانی به‌شداربون له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا، به‌ڵام هێزێكی ئاسایشی سلێمانی خێمه‌ی مانگرتوانیان تێكدا و سێ خوێندكاریشیان ده‌ستگیركردوە و مۆبایلی بەشێک لە خوێندکارەکانیشیان بردوە، سه‌رجه‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیان دورخسته‌وه‌ بۆ روماڵکردن.

نوێنه‌ری خوێندكارانی ناڕازی ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ داواكردنی مافی خۆیان و شه‌و له‌به‌رده‌م كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی ده‌مێننه‌وه‌و كۆڵ ناده‌ن له‌خۆپیشاندان بۆ داواكردنى خه‌رجكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندكارانی زانكۆ و په‌یمانگاكانی كوردستان.

ئاسایشی سلێمانی ئاگاداری بابەتەکە نین

 

سەبارەت بە دەستگیرکردنی ئەو خوێندکارانە خەندان پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ئاسایش رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو بابەتە نین.

 

لەبارەی گردبونەوەی ئەو خوێندکارانەوە، عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە خەندان-ی راگەیاند، پشتیوانی تەواوی داواکارییەکانی ئەو خوێندکارانە دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران، لەناو بودجەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا دەرماڵە جێگیرکراوە، بەڵام بودجە پەسەند نەکراوە.

داوایان لە زانکۆکان کردوە ژمارەی خوێندکاران بنێرن، وەزارەتی دارایی دەرماڵەی خوێندکارانی نەناردوە

 

عەباس ئەکرەم وتیشی، داوایان لە زانکۆکان کردوە ژمارەی خوێندکاران بنێرن، بۆئەوەی بینێرن بۆ وەزارەتی دارایی، پێشتریش ناوی خوێندکارانیان ناردوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام ئەوان وەڵامیان نەداونەتەوە و بودجەیان بۆ دابین نەکردون.

بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راگیراوە و پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە نیە

 

خەندان لەسەر ئەو پرسە پەیوەندیکرد بە وەزارەتی دارییەوە و سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکە وتی" بڕیاری خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی وەزیراندایە و بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران راگیراوە، وەزارەتی دارایی تەنها بڕیار جێبەجێدەکات.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP