
نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلیەکان بۆ مانگی ئازار دیاریکرا
-
4/1/2019 10:53:00 AM
103345 جار خوێندراوەتەوە
خەندان-
نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدەی ئەهلی بۆ مانگی رابردو دیاریکرا و نرخەکەی لەنێوان (8.250) بۆ (9.250) دیناردایە.
سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی رایگەیاند؛ نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە (39) دینار و (150) فلس بۆ مانگی ئازار دیاریكرا، و مۆلیدەكانیش بەتێكڕایی لەنێوان (210) بۆ (240) كاتژمێر كاریان كردوە، نرخی ئەمپێرێكیش لە نێوان (8.250) بۆ (9.250) هەزار دینار دەبێت و نرخەکە لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیکە جیاوازە.
سەبارەت بەبەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی نیسان، وتەبێژی كارەبای سلێمانی رایگەیاند: بەرنامەی مۆلیدە ئەهلییەكان رۆژانە لە کاتژمێر 2:00ی دوانیوەڕۆ بۆ 1:00ی شەو، و بەیانیانیش کاتژمێر 7:00 بۆ 8:30ی بەیانی دەبێت، هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی نەبو لەو كاتانەدا مۆلیدە ئەهلییەكان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابین دەكەن، بەڵام رۆژانی هەینی بەیانیان كار ناكەن و لەبری ئەوە پێشنیوەڕۆ کاتژمێر 11:30 كار بە مۆلیدەكان دەكەن.
وتیشی: پێویستە دوای كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر دابینكردنی كارەبای مۆلیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.
سەبارەت بە نرخی كارەبای یەكەكانی نیشتەجێبون و سیتییەكان، نرخی كیلۆواتێك بە 203.5 دینار دیاریكرا، بەڵام ئەگەر سیتییەكان وێستگەكانیان 11 كەیڤی بو ئەوا پێنج دینار و وێستگەكەی 33 كەیڤی بو 10 دیناری بۆ زیاد دەكرێت.
