بەڤیدیۆ:لایەنگرانی هەدەپە لە ئامەد كەوتنە ئاهەنگ گێڕان
ئەردۆغان: لە هەندێك لە شارەكانی توركیا پاشەكشەمان كردوە

- 3/31/2019 10:21:00 PM 14569 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو جیاكردنەوەی دەنگدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا ئەنجامدرا و لە وتارێكیشدا ئەردۆغان رایگەیاند: پارتی داد و گەشەپێدان لە چەند ناوچەیەكی توركیا پاشەكشەی كردوە، لەلایەكی دیكەوە بەهۆی سەركەوتنی لە شاری ئامەد لایەنگرانی هەدەپە كەوتنە ئاهەنگ گێڕان.

بەپێی ئەنجامی بەرایی جیاكردنەوەی لە 91٪ ی دەنگەكان لە هەریەك لە پارێزگاكانی باكوری كوردستان( ماردین، ئامەد، باتمان، سرت، جولەمێرگ، وان، ئیدیر، قەرس) پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە پێشەنگدایە و دوای ئەویش ئەكەپە لە پلەی دوەمدایە.

هەروەها لە سەرتاسەری توركیا بە جیاكردنەوەی لە 91٪ ی دەنگەكان، پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە) 44.96٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و بەدوایدا پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) 30.25٪ ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و پاشان ئی پارتی دێت كە 7.39٪ ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە و پارتی نەتەوە پەرستی توركیا(مەهەپە) لە پلەی چوارەم دێت 6.79٪ی بەدەستهێناوەو  پارتی دیموكراتی گەلان 4.1٪ ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

ئەردۆغان لە وتارێكدا رایگەیاند:"دەزانین  لەو ناوچانەی براوە بوین دڵی خەڵكی توركیامان بەدەستهێناوە، هەرەوەك لە 3ی11ی 2002 تا ئێستا وەكو هەمیشە هەر یەكەمین حیزب بوین".

ئەردۆغان وتیشی: "هەر بردنەوەیەك و هەر دۆڕانێكیش هەڵبژاردەی گەلە، لەو شوێنانەی كە بردومانەتەوە تێدەگەین كە دڵی خەڵكی ئەو ناوچانەمان بەدەستهێناوە و لەو شوێنانەی كە نەمانبردوەتەوە دەبێت قبوڵی بكەین لەو بابەتەدا بەپێی پێویست نەمانتوانیوە سەركەوتو بین و لەمەودوا بەو پێیە شێوازی جوڵەكانمان دیاریدەكەین".

لەبەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا (ئەكەپە) رایگەیاند: "ئەنجامی هەلبژاردنەكان لە ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشوری ڕۆژهەڵات و ئەنادۆڵ زۆر بۆ من گرنگە".

وتیشی:"لەمەودوا سەیری بەردەممان دەكەین و هەوڵدەدەین بزانین لە بوارەكانی ئابوری و سیاسەت و پەروەردە و بەتایبەتی لە پیشەسازی بەرگری و وەبەرهێناندا چۆن كار بكەین، تەركیز لەسەر هەمو ئەوانە دەكەین و بەپێی ئەوانە هەنگاوەكانمان دەنێین".

رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند:"لەمەودوا هەوڵدەدەین وەكو توركیا بێئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئابوری سەربەخۆی جیهانی، بەپێی رێنماییەكانی خۆمان پرۆگرامێكی بەهێزی ئابوری پەیڕەو بكەین، لەمەودوا تەركیز دەكەینە سەر دروستكردنی ئابوری توركیایەكی مەزن و بەهێز".

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمشەو بەهۆی سەركەوتنی لە شاری ئامەد، لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) رژانە سەر شەقامەكان و دەستیانكرد بە ئاهەنگ گێڕان.

 


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP