لوتكەی عەرەبی: بڕیارەكەی ترەمپ لەبارەی جۆلان هیچ بەهایەكی یاسایی نییە

- 3/31/2019 8:52:00 PM 3964 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ بە بەشداری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی، کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی بەڕێوەچو.

لە راگەیەندراوێكدا كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی دژی بڕیارەكەی سەرۆكی ئەمریكا وەستایەوەو رایگەیاند: "بڕیارەكەی ترەمپ لەبارەی جۆلان هیچ بەهایەكی یاسایی نییە".

 

سەروەری ئیسرائیل لە خاكی جۆلان رەتدەكەینەوە

 

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، "بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، جۆلان خاكی سوریایە و داگیركراوە، بڕیارەكەی ترەمپ لەبارەی جۆلان-ەوە هیچ لەبارەی جۆلان وەكو خاكی داگیركراوی سوریا ناگۆڕێت و سەروەری ئیسرائیل لە خاكی جۆلان رەتدەكەینەوە".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا گرنگی رۆڵی دەوڵەتانی عەرەبی بە مەبەستی هێنانە دەرەوەی سوریا لەو قەیرانەی ئێستا تێیدایە دوپاتكراوەتەوە تا بتوانێت پێگەی خۆی لە مەیدانەكەدا بەدەستبهێنێتەوە.

هەروەها كۆنگرەی لوتكەی  عەرەبی داوای كردوە لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا هەولەكان چڕبكرێنەوە.

لەبارەی دۆخی یەمەن لوتكەی عەرەبی پشتگیری خۆی بۆ هەمو هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان كردوە بۆ گێڕانەوەی شەرعیەت لەو وڵاتە، هاوكات لوتكەكە رایگەیاندوە كە ئەو دۆخە ناهەموارە لە دلەڕاوكێ و ململانێ كە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگوازرێتەوە قبوڵناكرێت.

 

سەروەری ئیمارات لەو سێ دورگەیەدا كە ئێران كۆنترۆڵیكردوە دوپاتدەكەینەوە

 

هۆشداریش دراوەتە ئێران و لەو روەوە داوا كراوە كە ئێران دوربكەوێتەوە لە دەستخستنە ناو كاروباری ناوخۆی وڵاتانی عەرەبی و سەروەری ئیمارات لەو سێ دورگەی لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە دوپاتكراوەتەوە.

 

هەمو هەنگاوە یەكلایەنەكانی ئیسرائیل بۆ گۆڕینی دۆخی قودس رەتدەكەینەوە

 

سەبارەت بە دۆخی فەلەستین، كۆنگرەی لوتكەی عەرەبی داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە پارێزگاری پێویست لە گەلی فەلەستین بكات و پیرۆزیەكانی فەراهەم بكات، پابەندبونی لوتكەی عەرەبیشی بۆ هاوكاری ماددی بۆ خەڵكی فەلەستین دوپاتكردۆتەوە بەمەبەستی خۆڕاگری ئەو گەلە و هەمو هەنگاوە یەكلایەنەكانی ئیسرائیلیش بۆ گۆڕینی دۆخی یاسایی شاری قودس رەتكراوەتەوە.



Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP