بەپەلە

شەڕڤانان: توركیا لە چونە ناو مەنبەج شكستیهێناوە

- 3/31/2019 7:06:00 PM 1199 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەرپرسێكی باڵای هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریكیانەی بڕیارە لە خاكی سوریا بمێننەوە گرەنتی سەرلەنوێ سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەكەدا ناكات.

مەزڵوم كۆبانی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند "مانەوەی 400 سەربازی ئەمریكی لە سوریا بە رادەی پێویست گرەنتی شكستهێنانی داعش و دوبارەنەبونەوەیان لە ناوچەكە ناكات". 

كۆبانی راشیگەیاند، ھێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بە گرنگی دەزانن لەبارەی ناوچەكانی رۆژئاڤا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق چارەسەری جددی بدۆزنەوە. 

لەبارەی توركیاوە كۆبانی وتی "ئەنقەرە لە بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوز بۆ چونە ناو مەنبەج شكستیهێناوە" و ئەوەی دوپاتكردەوە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات "نایانەوێت دژ بە توركیا بجەنگن".

لەكاتێكدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكان رایگەیاند، هێزەكانی وڵاتەكەی لە خاكی سوریا دەكشێنێتەوە، لە لایەن كوردەكانی ئەو ناوچەیەوە روبەڕوی رەخنە بوەوە و توركیا ئەوەی بە هەل زانی تا لەبارەی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هەڕەشە لە هێزە كوردیەكانی رۆژئاڤا بكات و ئەوەش بوە هۆی نزیكبونەوەی هێزە كوردیەكان لە حكومەتی دیمەشق.

دوای شەش مانگ لە هێرش و روبەڕوبونەوە فراوانەكانی شەڕڤانان بە یارمەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بە پێشڕەوی ئەمریكا لە ناوچەی باغۆز بۆ سەر كۆتا پاشماوەكانی داعش، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، لە بەرواری 23ی ئازاری ئەمساڵدا توانیان بە تەواوەتی چەكدارانی رێكخراوی داعش لە سوریا تێكبشكێنن و دوای شكستی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە ناوچەی باغۆز لە سوریا "سەركەوتنی سەربازی تەواوەتی" خۆیان راگەیاند.




Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP