داهێنەری فەیسبوک داوای رێکخستنەوەی یاساکانی ئینتەرنێت دەکات

- 3/31/2019 3:06:00 PM 3235 جار خوێندراوەتەوە

خەندان- 

مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک داوادەکات یاسای باشتر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئینتەرنێت دابنرێت.

بەپێی هەواڵێکی DWی ئەڵمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، "پێیوستە حکومەتەکان و یاسادانەرانی جیهان یاسای باشتر بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئینتەرنێت دابنێن".

ئەو داوایەی زوکەربێرگ لەمیانەی وتارێکیدا هات، لە واشنتن پۆست بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتوە، "ئەمڕۆ ئینتەرنێت بوە بە بەشێک لەژیانی رۆژانەمان و ئێمە وەک کۆمپانیای فەیسبوک بەرپرسیارێتیمان لەسەر شانە بەرامبەر ئەو بابەتانەی بڵاودەکرێنەوە، بەڵام پێویستە حکومەتەکان و یاسادانەرانیش وردتر لەبابەتەکە بڕوانن و یاسای باشتر بۆ پاراستنی بەکارهێنەران لە هێرشی هاککەران بۆ دزینی زانیاری تایبەتی دابنێن".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە رۆژانە بڕیاری نوێ لەبارەی چۆنێتی رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی وێنەی ڤیدیۆیی و ئەو بڵاوکراوانە دەردەکەین کە بێزارکەرن یان تۆمەت و ناوزڕاندنیان تێدایە، بەڵام هێشتا پێویستمان بە یاسای باشتر هەیە".

زکەربێرگ ئەوەشی وت، ئەوان هاوکاردەبن بۆ رێکخستنەوەی یاساکانی ئینتەرنێت و هاوکاریش دەبن بۆ رێگرتن لە پێشێلکارییەکان.

نیشانەکردن :

#فەیسبوک

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP