بێگانەیەک لە گۆڕستان

- 3/30/2019 9:59:00 PM 2572 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

نووسینی: شوان عەباس بەدری

ئەم شەویش ناخودئاگا ڕێم کەوتۆتە گۆڕستانی شارەکەمان و وەک پیشەی هەمیشەییم یەک یەک کێلی سەر قەبرەکان ئەخوێنمەوە و بەهێمنی هەنگاو ئەنێم نەوەک ئارامی میوانەکانی ژێر خاک تێک بەم و زیزیان بکەم، هەمیشەش کە ئەگەمە سەر گۆڕی ژمارە 107 و ناو و ساڵڕۆژی لە دایک بوون و ڕۆژ و چۆنییەتی مەرگی ئەخوێنمەوە ووشک ئەبم و چاوانم فرمێسکی بە خۆڕی پیا یەتە خوارەوە ! هەست ئەکەم خاوەنی گۆڕەکە ئەناسم و کەسێکی زۆر نزیکی خۆم بووە بەڵام هەر چەند بیر ئەکەمەوە نایەتەوە یادم کە کێیە و کێ بووە و بۆچی بەم جۆرە دڵتەنگی ئەبم !؟.

نەرمە بارانێک ئەبارێت و بۆنی خاک مەستی کردووم، بەڵام نازانم بۆچی هەرگیز بە دڵۆپەکانی باران تەڕ نەبووم سەدان جار شۆستە باران دایکردووە و خەڵکی هەریەکەو بەجۆرێ پەنای بۆ شوێنێ بردوە و خۆی لە تەڕ بون پاراستوە کەچی من لە ژێر ئەو بارانە بەبێ ئەوەی تەنانەت دڵۆپێکیشم بەرکەوێ پیاسەم کردووە و گۆرانیم بۆ خۆم وتووە! چەند هەنگاوێکم ماوە بگەمە سەر گۆڕی ژمارە 107 و دیسان هەست بە دڵتەنگیەکی بێ ئەندازە سامناک و سەیر ئەکەم.

دەمێ ساڵە لە پووچی ژیان ڕائەکەم و پەنا ئەبەمە بەر میوانەکانی ژێر خاک و کردوومن بە هاودەم و هاوڕێی خۆم ! ئاخر من گەیشتوومەتە پلەیەک لە پووچی و بێزاری و نائومێدی کە ئیتر خەڵکی شار و هاوڕێ و کەس و کارم من نابینن و وون بووم لە بەر چاویان ، چەند شەوێک لەمەوبەر کە کەس و کارم نانی ئێوارەیان ئەخوارد و خەریکی قسه و پێکەنین بوون منیش خۆم کرد بە ماڵا و لە سەر سفرە دانیشتم و سەلامێکم لێ کردن، بەڵام کەسیان وەڵامیان نەدامەوە و وەک هەمیشە بە دڵساردی خۆم کرد بە ژوورەکەما، سەیرە وەڵامی سەلام و پرسیارەکانم نادەنەوە و لە گەڵما نادوێن کەچی ژوورەکەمیان لە چاوی خۆیان زیاتر خۆش ئەوێ!.

باش ئەزانم ژیان لە ناو خۆیا هاڕیومی و سەرگەردانی کردووم تەنانەت جێگەکەشمیان لە زانکۆ بەخشیوەتە کەسێکی تر و لە یادمە ئەو ڕۆژە هەر چەند هاوارم ئەکرد ئەمە جێی دانیشتنی منە کەچی ئەوان بە قسەکانم پێئەکەنین و گوێم لە مامۆستاکەمان بوو کە ئەیووت : کەس نازانێ ئەو داماوە خەریکی چییە و ئێستا کاتەکانی خۆی چۆن پڕ ئەکاتەوە لە گەڵ ئەو هەموو جڕ و جانەوەرە !.

تەنها کەسێک کە هەستم پێ ئەکات و هەمیشە باسم ئەکا و لە گەڵما ئەدوێت دایکمە ، ئەوە کە هەمیشە هەست بە دڵتەنگی و ئازارەکانم ئەکا و یەتە ژوورەکەم و لێم ئەڕوانێ و بە هێمنی و بە دەنگێکی میهرەبان لە بەر خۆیەوە و بە بێ ئەوەی من گوێم لێ بێت چەند قسەیەک ئەکات و فرمێسک بە چاوانیا یەتە خوارەوە و منیش باوەشی پیا ئەکەم و فرمێسک ئەڕێژم و لە ئامێزیا هەموو دڵتەنگی و ئازارەکانم لە یاد ئەکەم.

گۆڕستانی شارەکەمان لە سەر گردێکی بەرزە ئەمەندە بەرز کە هەموو شارت لێوە دیارە و شەوانە چراخانێکی ئارام و بێ دەنگە و بە ڕۆژیش لە بەر ژاوەژاو و هات و چۆ مێشکت جام و کاس ئەبێت بەڵام من هەمیشە ئەم شارە نەفرەتییە بە ڕەنگی خۆڵەمێشی و پڕ لە مڕۆڤی نەخۆش و گێل و نەزان و بێ خەبەر لە دنیا ئەبینم، کۆمەڵە کەسێکی نەخۆش کە خۆیان لە هەموو شتێکی دەوروبەریان هەڵئەقوڕتێنن و هەر ئەمەش بووە هۆکارێکی سەرەکی پەنابردنم بۆ گۆڕستان و دوورخستنەوەی خۆم لە هەموو نەخۆشیزمەکانی چواردەورم.

لە لای گۆڕی ژمارە 107 بە چەند هەنگاوێک بۆ خوارەوەی چەند قەبرێک بۆ میوانی تازە ئامادە کراوەو منیش وەک هەمیشە بە ناخێکی لێوانلێو لە خەمۆکی سەیریان ئەکەم و وەک هەمیشە ئاهێکی حەسرەت ئاسا هەڵئەکێشم و لە سەر بلۆکی بەردەم گۆڕی ناسیاوە نەناسراوەکەم دائەنیشم و لێی ئەڕوانم و وەک پیشەی هەمیشەییم دەست ئەکەم بە گفتۆگۆ لە گەڵیا!.

-دیسان هاتمەوە لات ئەی بێگانەی لە ناو گۆڕدا نووستوو ، ئەزانم ساڵەهای ساڵە لە ژێر ئەو خاکە بوویتەتە هاودەم و هاوڕێیەکی خامۆشی و تاریکی بەڵام بڕوات هەبێت شتێکی ئەوەندە گرنگ و بە نرخت لە دەست نەداوە، هەر هیچ نەبێ ئاسودەی کە مڕۆڤت وەک خۆی نەناسیوە و ژیان یەخەی پێ نەگرتووی و بە زۆر لە ناو قەفەسە ژەنگاوییەکەی خۆیا دیلی نەکردووی!، خۆزگەم بە خۆت کە خەنجەری بێ وەفایی و خیانەت و دوڕوویی و تەماع و تانە و تەشەری مڕۆڤت نەچەشتووە و وەک سیسێرکێک لە ژێر قورساییەکی پووچ و بێ مانا پان نەبوویتەتەوە. 

منی سەرگەردان و خۆدوورەپەرێز لە چواردەورم ببینە، ئەمەنە خۆم لە نەخۆشیزمە ناسیاو و نەناسیاوەکانم دوور خستەوە کە دەمێ ساڵە منیش وەک تۆ تەنها ناو و ناونیشانێکم لێ ماوەتەوە و هیچی تر! کەس نامبینێ، کەس لەگەڵما نادوێ ، جگە لە دایکم و خوشکەکەم کەس بیرم ناکا، هەنێ جاریش گەر گوزەرا باوک و براکانم سەرزارەکی باسێکم بکەن و فرمێسکێکی تامەزرۆییم بۆ بڕێژن.

ئەوەندە ئازارم چەشتووە بە دەست ژیانمەوە کە ئیتر وەک مۆمە خۆشەیەکم لێ هاتووە و ژیانیش بە ئارەزووی خۆی هەر ڕۆژەو بە شکڵێ گەڕم پێ ئەکا. 

من لە ناو بێ چارەنووسیەکی سامناکدا ئەخولێمەوە و جگە لە ئارامی دوای مەرگ هەموو ئارامییەکم لە یاد کردووە.

خۆزگە ئەوتوانی وەڵامم بدەیتەوە و بزانم تۆ کێی کە هەمیشە فرمێسکی حەسرەتت بۆ ئەڕێژم و دڵتەنگتم !؟

لە ناکاو گوێم لە دەنگی مناڵێک ئەبێت کە پێم ئەڵێت :من تۆم و تۆش منی !
بە بیستنی ئەم ڕستەیە ترسێک سەرتاپای دەروونم داگیر ئەکا ، ئەو مناڵە کێیە کە بەرامبەرم دانیشتووە و سەرتاپای خۆڵاوی و بەرگێکی زەردی داڕزاوی لە بەرایە ؟!.

خودایە ساڵەهای ساڵە سەردانی ئەم گۆڕستانە ئەکەم و دەمێ ساڵە لە سەر ئەم گۆڕە دائەنیشم بەڵام ئەوە یەکەمجارە کەسێ لە گەڵما بدوێت ! تۆ بڵەی کابوس ببینم! تۆ بڵەی دوچاری سکیزوتایپال بوبێتم و مێشکە نەفرەتییە تاریک پۆشەکەم ئەم ڕستەیەی بە گوێمدا دابێت؟! نە ... نە ئەی ئەوە نییە مناڵێکی بەرگ داڕزاوی دەم بە پێکەنین بەرامبەرم دانیشتووە و بە پێکەنینە زیقنەکەی ئازارم ئەدات و پەنجەی ئاماژەی بۆ دڕێژ کردووم!.

ئەوەندە ترساوم کە توانای ئەوەشم نییە جگەرەکەی دەستم فڕێ بدەم و ڕاکەم ، بە ترسەوە ئەڕوانمە سیما خەمناکەکەی کە ڕەنگی خۆڵی لێ نیشتووە و لە چەند شوێنێکەوە چەند قڵیشاوییەکی کەمی پێوە دیارە. لە شوێنی خۆم ووشک بوومە، زمانم تەتەڵە ئەکا و دەنگی هەورە تریشقەو لێزمەی باران ترسەکەمی سەد ئەوەندە کردووە، لێی ئەپرسم: ت...ت....تۆ ک....ک...ێ....ی؟

هەر بە پێکەنینە زیقنە ئازار بەخشەکەی وەڵامی دامەوە : ئەی پێم نەووتی من تۆم و تۆش منی.

هێزم دایە بەر خۆم و وتم : تۆ چۆن منی منیش چۆن تۆم ؟ تۆ نزیکەی سی ساڵێکە مردووی و منیش هێشتا زیندووم ! تۆ مناڵێکی شەش ساڵانی و منیش وا ئەبم بە سی و شەش ساڵ !.

وەڵامی دامەوە : من مناڵی تۆم و تۆش ئاوێنەی هەڵکشانی تەمەنی منی ، دەمێ ساڵە یەیتە سەردانم و بۆم ئەگریت بە بێ ئەوەی بزانی کێم ، لە ڕاستیا تۆ بۆ خۆت فرمێسکت ئەڕشت و نەتئەزانی کە خۆت لێرە نێژراوی ، تۆ سی ساڵ لەمەوبەر لە ئێوارەیەکی خۆڵەمێشیا مردی و لێرە نێژرای.

- نە... نە درۆ ئەکەی من تۆ نیم و تۆش من نیت ، باشە گەر من مردبێتم چۆن هەناسە ئەدەم ؟ چۆن لە گەڵ کەس و کارم ئەدوێم و بەشداری هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانم ؟ چۆن خوێندنگەم تەواو کردووە و چوومەتە زانکۆ و چۆن دایکم هەمیشە یەتە ژوورەکەم و قسەم لە گەڵدا ئەکات و لە خۆشەویستیا فرمێسکم بۆ ئەڕێژێ و منیش سەر ئەخەمە سەر کۆشی و نازم ئەکا ؟ من نەمردووووووووم ،من زیندووووووم.

دیسان گوێم لە پێکەنینە زیقنە ئازار بەخشەکەیەتی ، ئەمجارە بە دەنگێکی بەرزتر پێ ئەکەنێت بە جۆرێ کە پەردەی گوێم لە بەر پێکەنینەکەی خەریکە ئەدڕێت ، هەر بەو کەنینە ئازار بەخشەی وەڵامی دامەوە : ئەو کاتەی لە مناڵیا مردی و نێژرای ژیانت وەک خودی خۆت لە شەش ساڵیا وستا و کۆتایی پێ هات بەڵام تۆ هێشتا ئەوە نازانی کاتێ مناڵێ ئەمرێت ڕۆحی بە بەردەوامی لە گەشە کردنایە و هەموو ئەو ڕووداوانەی کە ئەبوایە بیبینیایە و گشت ئەو ئازارانەی کە ئەبوایە بیچەشتایە و مەرگ بووە بەربەستێک لە بەر دەمیدا بە جۆرێکی تر و بە هەمان شێوە ئەیانبینێت ! من خۆم لێرە بە جێ هێشتووە و لە ڕێی ئاوێنەکەی هەڵکشانی تەمەنم کە تۆی هەموو ئەو شتانەم بینی کە ئەبوایە بمبینیایە . تۆ جگە لە ئاوێنەی تەمەنێکی ژەنگاوی بە باچوو هیچی تر نیت.

تۆ هەناسە نادەی بەڵکو تەنها لاسایی ئەو کەسانە ئەکەیتەوە کە هەناسە ئەدەن ، تا ئێستا لە کاتی هەناسە دان هەڵم لە دەمتا هاتۆتە دەرەوە ؟ تا ئێستا هەناسەت تەنگ بووە؟ تا ئێستا کۆکیوی؟

- نەخێر !
- تەواو کردنی خوێندنگە و زانکۆ تەنها و تەنها لە ناو جیهانە تایبەتەکەی تۆدا بوونی هەیە و لە ناو جیهانە ڕاستەقینەکەی مڕۆڤ تۆ تەنها مڕۆیەکی لە بیرکراوی مردووی ناو دۆسیەی سەر ڕەفەکانی ئەرشیفی خەستەخانە و فەرمانگە حکومییەکانی و هیچی تر ...

قسەکەی پێ ئەبڕم و هاواری بە سەرا ئەکەم : ئەی ئەوە نییە دایکم هەموو ڕۆژێ یەتە ژوورەکەم و نازم ئەکااااااا ؟؟؟.

بە چاوە سامناکەکانی بۆ ساتێ لە سەرتاپام ئەڕوانێ و بە بزەیەکی تاڵەوە پێم ئەڵێ :- ئەوە ژووری تۆ نییە ، ئەوە ئەو ژوورەیە کە تۆ تێدا لە دایک بووی و دایکیشت بە یادت کە ماڵەوە کەسی لێ نەبێ یەتە ژوورەکە و ئەتلاوێنێتەوە و فرمێسکی تامەزرۆییت بۆ ئەڕێژێت..

دیسان قسەکانی پێ ئەبڕم و هاوار ئەکەم : بەڵام من کە سەر ئەخەمە سەر کۆشی ئەو نااااااااازم ئەکاااااااااا.

- نە ، ئەو تۆ ناز ناکات ئەو وێنەکەی تۆ لە ئامێز ئەگرێ و دەستە میهرەبانەکانی بە سەر وێنە زەردهەڵگەڕاوەکانی تۆیا ئەهێنێت و تۆش لەو کاتەیا کە سەرت لە سەر کۆشیەتی وادەزانی نازت دەکا و دەست دێنێت بە سەرتا، ئەو هەست بە بوونی تۆ ناکا و تۆش تا ئێستا هەستت بە ئێش و ئازار و جەرگ سووتانی ئەو نەکردووە، تا ئێستا لە ناو وەهمێکی قووڵا ژیاوی ، وەهمێک بە ناوی ژیان و زیندوویەتی .

- باشە گەر ژیانی من وەهم بووبێت ئەی خۆ من خۆم بە چاوی خۆم سەدان مڕۆڤم بینیوە کە لە تاو پووچی ژیان و نائومێدی و بێ چارەنووسی و حەسرەت خۆیان هەڵواسیوە و کۆتاییان بە چەرمەسەری و بەدبەختییەکانیان هێناوە و لە گەڵ کەس و کارما لە پرسەی زۆربەشیاندا بەشدار بووم.

- ئەی کەس بەرەو پیری هاتووی و پێشوازی لێ کردووی؟
-نەخێر.

-وەک پێم وتی تۆ ئاوێنەی هەڵکشانی تەمەنی پاش مەرگی منی ، من ئەو ژیانەی کە ئەبوایە بمبینیایە نەمتوانی بیبینم لە ڕێی تووە بە ڕێم کردووە و کەس هەست بە بوونی تۆ ناکات ، جیهانی تۆ و جیهانی مڕۆڤێکی زیندوو وەک یەکەو هیچ جیاوازییەکی نییە تەنها ئەوە نەبێت کە تۆ ئەوان ئەبینیت و ئەوان تۆ نابینن ، گەر نا وەک شتی تر بە مردوو و بە زیندوو هەموومان لە ناو بازنەیەکی پووچ و بێ مانای پڕ لە ئازار و بەدبەختی ئەخولەینەوە و ئەم بەدبەختییەش تەنها مەرگ چارەسەریەتی و تەنها مەرگە کە ئەتوانێ چکێ لە مەینەتییەکانی مڕۆڤی زیندوو کەم بکاتەوە.

- کەواتە هەموومان هەر یەکەو بە جۆرێ دوای وەهمێکی تایبەت بە خۆمان کەوتووین.

-بەڵێ بەڵام ئەوە لە یاد نەکەی زیندووەکان زۆر لە کەسە مردووەکان بەدبەختترن ، کەسی مردوو هەموو ڕۆژێ تەنیاییەکانی خۆی ئەژمێرێ و لە ئامێزیان ئەگرێ و ئەخەوێ بەڵام مرۆی زیندوو شەو و ڕۆژ بە دەست ئازاری تەنیایی ئەتلێتەوە ، تەنیایی لە جیهانی زیندواندا دوو جۆرە ، تەنیاییەکی بنیاتنەر و تەنیاییەکی ڕووخێنەر کە زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی بە دەست تەنیاییەوە گیرۆدە بوون بە دەست تەنیاییە ڕووخێنەرەکەوە ئەناڵێنن . ئەوانە ئەو جۆرە کەسانەن کە ئەمەندە تەنیابوون ئیتر هەموو جۆرە چێژ و خۆشییەکیان لە بیر کردووە و کاتەکانی خۆیان بە دیار جاجاڵۆکەی ناو ژوورەکەیان بە سەر ئەبەن و دواجار تەنیایی ئەمەندە تینیان بۆ دێنێ کە ئیتر لە هەموو شتێکی جیهان دائەبڕن و جیهانێکی تایبەت بە خۆیان لە ناو هزر و مێشکیاندا ئەخوڵقێنن . هەر وەک تۆ یا باشترە بڵێم هەر وەک من کە گەر زیندوو بوومایە ئەگەیشتمە ئەوپەڕی بێزاری و پووچی و دوورەپەرێزی و خۆکووشتن .

چاو ئەبڕمە ناو چاویو بە دەنگێکی خەمبار و سیمایەکی خەمۆکەوە پێی ئەڵێم:

- خۆکووشتن سامناکترین ئەنجامە کە مڕۆڤ پەی ئەگات ، ئاخۆ من لە چ شوێنێ و لە چ کاتێ و بە چ شێوەیەک خۆم ئەکوژم !؟.

- بیرت نەچێت کە تەنها کەسانی زیندوو خۆیان ئەکوژن ، تۆ خۆت مردووی وەک پێم ووتی تۆ دەمێ ساڵە بووی بە ژمارەی ناو دۆسییەکی سەر ڕەفەی فەرمانگە حکومییەکان ، ناوت لە هەموو شوێنێ خەتی بە سەردا هێنراوە و خۆکووشتنەکەشت تەنها ڕەنگدانەوەی خۆکووشتنی منە ، لە ڕاستیا ئەوە منم کە خۆم ئەکوژم نەک تۆ. 

- ئەکرێت ئەمەندە نەڵەی تۆ منی و تۆ هیچ شتێ نیت جگە لە من و ئەمەنە ئەم قسەیە دووبارە نەکەیتەوە ؟

دیسان بە پێکەنینە زیقنەکەی ئازارم ئەدا و مێشکی کاس کردووم.

- نە ، نابێ ڕاستی تاڵە و تۆش ئیتر کاتیەتی کە تامی ئەو ڕاستیە بچێژی.
- چۆن مردی؟.
- لە کاتی گەڕانەوەم لە خوێندنگە ئۆتۆمبیلێک لێی دام و تا گەیاندمیانە خەستەخانە مردم . 
- مەرگ ترسناکە ؟.

- نە ، هیچ ترسناک نییە و بگرە زۆر زۆریش ڕووخۆش و میهرەبانە. 
- مەگەر مەرگ سیمای هەیە و ئەتوانی سیمای ببینی ؟.
- نە ، بەڵام ئەوە باش ئەزانم و لەوە تێگەیشتووم کە بە پێچەوانەی ژاوەژاو و دڵڕەقی و شەتەکەکانی ژیان مەرگ هاوڕێیەکی بێ دەنگ و ئارام و بەوەفایە. 

- خۆزگەم بە خۆت کە توانیوتە مەرگ ببینی و لە ئامێزیا بخەوی، ئاخر من چەند بەدبەختم ئەم هەموو ساڵە بە دەست دڵڕەقییەکانی ژیانەوە ناڵاندومە و خەنجەری چواردەورم خواردووە و دڵی خۆم بەوە خۆش کردووە کە دواجار لە ڕێی مەرگەوە لە دەست ئەم هەموو ئازارە ڕزگارم ئەبێت کەچی ئێستا بۆم دەرکەوت کە تەنانەت ناتوانم خۆشم بکوژم و تا هەتایە ئەبێت بە دەست ئەم خەمەوە تامی حەسرەت بچێژم. 

- کێ وتوویەتی تۆ نابێ بمری؟
- ئەی خۆت نەتووت من ئاوێنەی تەمەنی نەبینراوی تۆم ؟
- ئەی خۆ منیش لە ڕێی تۆوە ڕۆژێ لە ڕۆژان هەر ئەبێت بمرم لە مەرگ ناترسی ؟
- نە من خۆم کە هەر مردبێتم ئیتر چ باکێکم لە مەرگ هەبێ ؟!
- ئەی خۆ یەکەمجار هاوارت بە سەرا ئەکردم و ئەتوت من نەمردوم من زیندووم .
- ئاخر قبوڵ کردنی قورس بوو ، لەوە ناخۆشتر نییە چەندین ساڵ وەک کەسێکی زیندوو و زیتەڵە ژیابیت و لە ناکاو یەکێ بێتو ئەو جادووە بشکێنێت و تێبگەی ژیانت جگە لە وەهم و درۆیەکی گەورە هیچی تر نەبووە بەڵام دڵخۆشم کە ئەزانم ڕۆژێ دادێ کۆتایی بەم هەموو ڕاکەڕاک و ماندوویەتی و ژیانە بێمانایەم دێ.

سەیرە من تەنها بیرەوەرەییەکانی شەش ساڵی سەرەتای تەمەنم نایەتەوە یادم ئەی خۆ تۆ ئەڵەی من ئاوێنەی تۆم ئەی چۆن ئاگاداری ئەو ڕووداوانەی پێش مەرگت نیم؟
- ئاخر تۆ تا پێش مەرگی من بوونت نەبوو ، ڕووداوەکانی ژیانی تۆ لە شەش ساڵییەوە و دوای مەرگی من دەست ئەکات.

- ئێستا تێئەگەم کە بۆچی لە سەر دیوار و لەسەر ڕەفەی ماڵەکەمان تەنها وێنەی مناڵی منیان هەڵواسیوە و هیچ وێنەیەکی نوێم نییە ، ئەم بابەتە زۆر ئازاری ئەدام وامدەزانی ماڵەوەمان ڕقیان لە گەورە بوون و بیروباوەڕ و دنیا بینی منە ، هەمیشە کە وێنەیەکی بە کۆمەڵیان لە ناو ئەلبومی یادگارییەکانیان دائەنا بە خۆمم ئەووت ئەوەندە بێزراوم لە لایان کە تەنانەت ئامادە نین وێنەیەکم لە گەڵدا بگرن خۆزگە هەرگیز گەورە نەبومایە و هەر لە مناڵیا بمردمایە ، گەورە بوون و تەمەن هەڵکشان ژانێکی بێ کۆتا و بە سوێیە ، گەورە بوون واتە وونکردنی چێژەکان و جێ هێشتنی میهرەبانی و پاکی.

- باشە خەم مەخۆ و چێژ لە دەنگی ئەو لێزمە بارانە بگرە کە زەوی ئەشوات و جارکی تر زیندووی ئەکاتەوە.
سەرم بەرەو ئاسمان بەرز ئەکەمەوە و تاوێ ڕائەمێنم و بە دەنگێکی خەمگینەوە بە مناڵەکە ئەڵێم : لە کاتی بارانا هەمیشە خەمەکانی من دوو ئەوەندە ئەبن.
- بۆچی؟
- ئەوە چەندین ساڵە حەسرەتی تەڕ بوون لە ژێر بارانا لە سەر دڵم ماوە ، زۆر حەز ئەکەم کە دڵۆپەیەک باران ماچم بکا و سەر و مل و هەموو گیانم بخوسێنێت . باران هەموو شتێک ئەشوات جگە لە من .
- نە ، من پێم وایە جگە لە مرۆڤ باران هەموو شتێکی سەر ئەم زەمینە پاک ئەکاتەوە ، هەر چەندە دەمێ ساڵە مردووم و گۆشت و پێست و ئێسک و پرۆسکم بۆتە خۆراک و هاودەمی مار و مێرووی ژێر زەوی بەڵام لە گەڵ هەموو ئەمانەشدا من هێشتا وا ده زانم هه وره بروسكه ده نگی كۆكه ی یەزدانێكه کە ئه م ڕۆژانە زیاد له ئه ندازه جگه ره ئه كێشێت و بۆ تەنیایی خۆی ئەگری!!!

وەڵامی ئەدەمەوە - مرۆڤ خۆی لە خۆیا بوونەوەرێکی پیس و فێڵباز و ترسناکە ، ئااااە چەند خۆشبەختم کە سەر بە دنیای مرۆڤە زیندووەکان نیم و لە ناو ژیانە پڕ لە زەلکاوەکەیاندا ناژیم و دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکم پێوەیانەوە نییە . 
مناڵەکە تاوێ بە نوکی پەنجەکانی یاری بە خاکەکەی بەردەمی ئەکا و دواتر پێم ئەڵێت : نە مڕۆڤ زیاتر بوونەوەرێکی داماو و کۆیلەیە ، بە بێ ئەوەی بە خۆی بزانێ کۆیلەی دوو شتە لە ژیانیا .
لێی ئەپرسم : ئەو دوو شتە چییە؟
وەڵامم ئەداتەوە - مرۆڤ کۆیلەی پارە و مەرگە .
بە وتنی ئەم ڕستەیە خەمێکی قووڵی بێ کۆتاییم لە چاوەکانیا بەدی کرد دواتر بە دەنگێکی خەمناکتر لە خەمی چاوەکانی درێژەی بە قسەکانی داو وتی : هەموان هەر یەکەو بە جۆرێ بە دوای پارەدا وێڵن و سەرگەردان ئەمەندە وێڵن تا دواجار ئەگەنە مەرگ و دەبن بە کۆیلەیەکی هەمیشەیی عەدەم ! لە هیچەوە دێنە ناو پووچی و لە پووچیش دەگەرێنەوە ناو هیچ ، داماو و پەرێشانن و کۆششێکی بێ پایان ئەکەن بۆ بە دی هێنانی خەون و ئارەزوەکانیان کاتێکیش ئەگەنە ئارەزوەکانیان تێ ئەگەن ئەو هەموو خۆشی و خەونەی کە بۆ خۆیان هۆنیبوەوە جگە لە سەرابێک هیچ شتێکی دیکە نەبووە ، نائومێدی جمکی مرۆڤە .

پێکەنینی مرۆڤە خەمۆک و خەمگینەکان لە فرمێسک و هەنێسکەکانیان بە سوێتر و ئازاربەخشترە . مرۆڤ ئەو بوونەوەرە بەدبختەیە کە لە ناو بن بەستێکی تاریکا گیری خواردووە و سات لە دوای سات تەنافی نائۆمێدی زیاتر بە دەوری ملیا تووند ئەبێتەوە.
بە هێمنی ئەچمە تەنیشتی دادەنیشم و بە گوێیدا ئەچڕپێنم : - مرۆڤەکان کە باسی خۆکووشتن ئەکەن هەندێکیان ئەو کارەیان بە لاوە شتێکی سەیرە و نازانن کە کەسی خۆکوژ گەیشتۆتە دوا لووتکەی ئازاری دەروونی و لەوە تێناگەن کە ئیتر ئەو کەسە ناتوانێ بەرگەی ئەو هەموو شەتەکە دەروونیە بگرێت و لە ناو ئۆقیانووسی نائومێدی و مۆتەکەی بێ چارەنووسیدا نغرۆ بووە. ئەوە تەنها مرۆڤە هۆشیارەکانن کە لە پەیوەندی عاشقانەی نێوان ژیان و ماهیەتی خۆکوشتن تێگەیشتوون و ئەوانی تر تەنها چاوەڕێی مەرگ ئەکەن و هیچی تر .
- مرۆڤ هەموو تەمەنی لە ناو چاوەڕوانی بە سەرئەبات و دواجاریش تێئەگات چاوەڕوانییەکانی چاوەڕوانگەلێکی ئەبەدی و ئەزەلین و هەرگیز ناشکێن. 
- وەک پرسیارەکانی.
- بەڵێ وەک پرسیارەکانی . 
- ئەی چار چییە؟
- دانیشێت و بە خۆی و بە ژیان و بە چوادەوری پێبکەنێت !
- ئاخر ئەمە ڕێگە چارە نییە .
- تۆ پرسیارت لێ کردم و منیش بە دیدی خۆم وەڵامم دایتەوە .
- ئەزانی پێش بینینی تۆ هەمیشە شارەکەم وەک زەلکاو و دۆڵێکی دۆزەخی بێ سنوور و بێ کۆتایی ئەهاتە بەر چاو ... هەستم دەکرد کۆمەڵێ مردووی جەهەنەمی بە بێ ئەوەی کە هەست بکەن مردوون بە چواردەورما هات و چۆ ئەکەن و ئازارم ئەدەن و لە هەموویان بێزار و وەڕز بووم ، بێ ئاگا لەوەی مردووی ڕاستەقینە خودی خۆم بووم ، ئەوە من بووم گۆڕە تاریکەکەی دەروونم هەڵتەکاندبوو و هەوڵم ئەدا لاسایی کەسە زیندووەکان بکەمەوە، پێ ئەکەنیم بە بێ ئەوەی قاقاکانم هیچ چێژێکم پێببەخشن ، ئەوەی هەبوو تەنها مردوویەک بوو کە وەک تارماییەک بە ناو کوچە و شەقام و پارکەکانی شارەکەدا پیاسەی ئەکرد بە بێ ئەوەی کەس هەست بە بوونی بکات و لە خەم و حەسرەتەکانی تێبگات . 
- بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانەش سبەی ڕۆژێکی ڕووناک و نوێیە بۆ تۆ.

- ڕووناک و نوێ ! ئەی ئەوە ئێمە دوو سەعاتە باسی چی ئەکەین ؟
- ژیان هەمیشە بەو جۆرە نییە کە ئێمە بیری لێئەکەینەوە ، هەندێ جار خەوێک یا ڕووداوێک یا بینینی کەسێک سەرتاپای ژیانمان ئەگۆڕێت و دنیابینیمان بەرگێکی دیکە ئەپۆشێت . من ماندوو بووم ئەڕۆمەوە ناو جیهانە بێدەنگ و خامۆشەکەی خۆمەوە و تەنیاییەکانم لە ئامێز ئەگرم .
- ئەی ناتبینمەوە ؟
- ئیتر هەرگیز نامبینیتەوە.

خەمبارانە دەست درێژ ئەکەم تا بۆ دواجار ماڵئاوایی لە سیما و چاوە خەمۆکەکانی بکەم بەڵام لە ناکاو لەبەر چاوانم وون بوو و منیش لە ژێر ئەو لێزمە بارانە وەک هەمیشە بە تەنیایی مامەوە .

٭٭٭٭٭٭ ٭٭٭٭٭٭٭

لە نێوان خەو و هۆشیاریا گوێم لە دەنگێکە کە ئەڵێت : دکتۆر دکتۆر خەریکە دێتەوە هۆش خۆی. 

- باشە بیگوازنەوە بۆ ژوورێکی تر.

پاش کەمێک تەنها ئەوەندە ئەزانم کە لە سەر دەستە بەرێک پاڵیان خستووم و پاڵم پێوە ئەنێن ، چاوەکانم کردۆتەوەو گڵۆپە شیرییەکانی بن مێچی ڕاڕەوەکە یەک یەک وەک شریتی ژیانم لەبەر چاوانما دێن و ئەچن و لەو دوورەشەوە گوێم لە دەنگی کەس و کارمە و منیش بیرم لە ژیان و گۆڕی ژمارە 107 ئەکردەوە !


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP