فراكسیۆنی یه‌كێتی بایکۆتی کۆبونەوەی پەرلەمانی كرد
یه‌كگرتو و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ی نوێ بایكۆتی پرۆژه‌كه‌ی پارتی و گۆڕانیان كرد

- 3/30/2019 5:55:00 PM 2007 جار خوێندراوەتەوە


خه‌ندان- شه‌وكه‌ت قادر 

له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ تایبه‌ت بو به‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كانی پارتی و گۆڕان و هاوپه‌یمانه‌كانیان پێشكه‌ش كرابو، فراكسیۆنەکانی یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو و نه‌وه‌ی نوێ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌كه‌یان كرد.
پرۆژه‌ی ئێمه‌ پێشكه‌شی لیژنه‌ی یاسایی نه‌كراوه‌

 

عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا راگه‌یاند:" ئێمه‌ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانمان كرد دوای ئه‌وه‌ی داوای رونكردنه‌وه‌مان كرد سه‌باره‌ت به‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم پێشكه‌شمان كرد، چونکە پرۆژه‌كه‌ی ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌كی هاوسه‌نگه‌ و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانی له‌به‌رچاو گرتوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هه‌بێت، به‌ڵام پرۆژه‌ی ئێمه‌ پێشكه‌شی لیژنه‌ی یاسایی نه‌كراوه‌.

سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ رەخنەی لە پرۆژەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەیە و دەڵێت، پرۆژەکەی ئەوان پێشکەشی لیژنەی یاسایی نەکراوە و ئه‌و پرۆژه‌ی هێنراوه‌ته‌ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ 28ی مانگ به‌په‌له‌ پێشكه‌ش كراوه‌ و لیژنه‌ی یاسایی تاوتوێكردوه‌ە لە کاتێکدا ئەوان پرۆژەکەیان لە 26 ی ئەم مانگەوە پێشکەشکردوە.
ئەو پرۆژەیەی کە ئێستا هەیە ئێمە لێی بەرپرسیارنین

 

وتیشی:" ره‌خنه‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هه‌یه‌ كه‌ داوای رونكردنه‌وه‌مان كرد سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رونكردنه‌وه‌ی دڵنیاكه‌ره‌وه‌یان پێنه‌داین، بۆیه‌ ئێمه‌ نامانه‌وێت ببینه‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌یه‌ك كه‌ قسه‌ی ئێمه‌ی تێدا وه‌رنه‌گیرابێت و پرۆژه‌ی ئێمه‌ پشتگوێ خرابێت و ئەو پرۆژەیەی کە ئێستا هەیە ئێمە لێی بەرپرسیارنین".

هاوکات شێرکۆ جەودەت، سەرۆکى فراكسیۆنی یەکگرتو له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" ئێمه‌ ئه‌مڕۆ به‌ رۆژێكی كاره‌ستباری له‌ مێژوی حوكمڕانی كوردستانی ده‌زانین، ره‌خنه‌ی خۆمان له‌وشێوازه‌ ئیداره‌كردنی كاری پرۆژه‌كان راده‌گه‌ینین و ناڕازین تاكڕه‌ویانه‌ی هه‌ڵبژاردنی پرۆژه‌ یاسایانه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌، پێویسته‌ ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌سه‌ر ئاستێكی نیشتیمانی تاوتوێ بكرێت نه‌ك به‌و شێوازه‌ تاكڕه‌ویه‌ بێت".

دیاری ئه‌نوه‌ر ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:" وه‌ك فراكسیۆنی نه‌وه‌ێ نوێ بایكۆتی كۆبونه‌وه‌یەی په‌رله‌مانمان كرد، چونكه‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ و یاسا شكێنراوه‌، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ماده‌كانی 79 و 80 له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ پێشێل كردوه‌، له‌ 25ی مانگ پرۆژه‌ی هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێممان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كردوه‌، كه‌چی پرۆژه‌كه‌ی پارتی و گۆڕان له‌ 28ی مانگ پێشكه‌ش كراوه‌، پرۆژه‌كه‌ی ئه‌وان ئاڕاسته‌ی لێژنه‌ی یاسایی ده‌كرێت و ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كار و خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ی فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ ناكرێت.
لەهیچ شوێنێكی دونیا نەبوە پەرلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت و نەشتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات

 

وتیشی:"لە پرۆژە یاساکەماندا داوامانکردوە دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم تەشریفاتی بێت و بەم دەسەڵاتە زۆرەوە نەمێنێتەوە و لەهیچ شوێنێكی دونیا نەبوە پەرلەمان سەرۆک هەڵبژێرێت و نەشتوانێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات"
فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌هۆی نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنی حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی بایکۆتی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانیان كرد

 

هه‌رچی فراكسیۆنی یه‌كێتیه‌ به‌هۆی نه‌گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنی حزبه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ پارتی بایکۆتی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانیان كرد.


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP