"مامجەلال خەمی گۆڕان و ئاوی بەنداوەکانی بو"
یەکێک لەپزیشکەکانی یادەوەریەکی مامجەلال دەگێڕێتەوە

- 3/29/2019 9:31:00 PM 112157 جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

پزیشکێکی مامجەلال، یادەوەرییەکی مامجەلال دەگێڕێتەوە و دەڵێت" مام دوبارەبونەوەی ئەستەمە، ئەو لەکاتی نەخۆش کەوتنیدا خەمی گۆڕانی بوە، خەمی جوتیارانیشی بوە و پێی وتوە: من بە خەبەری باشی وڵات زوتر باشدەبمەوە لە دەرمانەکانی تۆ".

دکتۆر محەمەد خۆشناو، پزیشکی مامجەلال لەکاتی یەکەم نەخۆشکەوتنیدا لە عەممان لەگەڵیدا بوە، یادەوەرییەکی مام دەگێڕێتەوە و دەڵێت" شەوی یەکەم لە نەخۆشخانە تا درەنگی شەو تا نەخۆشیەکەی دەستنیشانکراو نەشتەرگەریی بۆکراو نێردرایە بەشی چاودێری چڕ تەندروستی زۆر خراپ بو".

لەدرێژەی وتەكانیدا دەڵێت "کاتژمێر 5:00 بەیانی مامجەلال هاتەوە هۆش خۆی و وتی: شکور بۆخوا ئەم جارە نەمردم، من لە مردن ناترسم، بەڵام بۆ ئەوەی بتوانم دڵی برادەران چاک بکەمەوە نامەوێت جارێ بمرم".

پزیشکەکەی مامجەلال دەڵێت، منیش لەبارەی ئەو برادەرانەوە پرسیارم لێ كردوە و لە وەڵامدا مام وتویەتی "کاک نەوشیروان و برادەرانی دیكەمان"، محەمەد خۆشناو  نوسیویەتی منیش بە مام-م وتوە  "مامە تۆ دەزانیت كە من ئاگاداری هەمو شتەکانم کەی تۆ ئەوانت توڕە کردوە؟ کەی خەتای تۆیە؟"

مام لە وەڵامدا زۆر لە سەرخۆ وتویەتی" کوڕم ئەگەر خەتای ئەوانیش بێت، هەر خەتای منە! دەزانی بۆ؟ چونکە دەبێ برا گەورە هەمیشە دەست بەسەری براکانیدا بهێنێت و دڵنەواییان بکات، تۆ نازانی من و کاکەنەوە چ ژیانێکی تاڵ و ناخۆشمان پێکەوە بەسەربردوە".
 
من باشم کە گەڕامەوە یەکەم کارم ئاشتکردنەوەی ئەو برادەرانە دەبێ، ئەگەر نەشگەڕامەوە پێیان بڵێ ئەوان لە ناو دڵی مندان

 


محەمەد خۆشناو دەڵێت "من وتومە مامە تۆ ماندوی پشو بدە، لە وەڵامدا وتویەتی، نەخێر من باشم کە گەڕامەوە یەکەم کارم ئاشتکردنەوەی ئەو برادەرانە دەبێ، ئەگەر نەشگەڕامەوە پێیان بڵێ ئەوان لە ناو دڵی مندان".

لە بەشێکی دیکەی یادەوەرییەکانیدا ئەو پزیشکە نوسیویەتی "شەوی دوەم تەندروستی هەر باش نەبو، بەسکرتێرەکەی وت تەلەفون بۆ سلێمانی بکات و بزانێت ئایا باران باریوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان گەیشتوەتە چەند"چونكە ئەو کاتە وشکە ساڵی بو، دەشڵێت  "من خۆمم نەگرت وتم: مامە گیان تۆ نەخۆشی پێویستت بە پشوە".
کوڕم تۆ نازانی هەزاران جوتیار ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر باران و ئەو بەنداوانەیە، جگە لە کارەباش، خەمی ئەوانە لە ئەستۆی منە 

 

لە وەڵامدا مام پێی وتم" کوڕم تۆ نازانی هەزاران جوتیار ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان لەسەر باران و ئەو بەنداوانەیە، جگە لە کارەباش، خەمی ئەوانە لە ئەستۆی منە و ئەگەر خەبەری خۆشم بۆ بێنن من زوتر چاک دەبمەوە خەبەری باشی وڵات لە دەرمانەکانی تۆ باشترە بۆ من".


Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP