خۆپیشاندانەكانی جەزائیر تاودەسێنێت
هەزاران خۆپیشاندەر لە شەقامەكاندا گردبونەتەوە

- 3/29/2019 7:13:00 PM 1848 جار خوێندراوەتەوە

 خەندان-

سەدان هەزار هاوڵاتی بە مەبەستی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی  دژ سەرۆك و حكومەتی وڵاتەكەیان ڕژاونەتە سەر شەقامەكانی جەزائیر و پۆلیسی ئەو وڵاتەش بە مەبەستی بڵاوەپێكردنیان ئاو  و بۆمبی غازی بەكاردەهێنێـت.

بە مەبەستی چڕكردنەوەی فشارەكان لەسەر عەبدولعەزیز بوتەفلیقە-ی سەرۆكی وڵات و تەواوی دەسەڵاتی حكومڕانی، خۆپیشاندانەكانی هاوڵاتیانی جەزائیر بەردەوامە و ئەمڕۆ هەینی سەدان هەزار هاوڵاتی ڕژانە سەر شەقامەكانی ئەو وڵاتە و پۆلیس بە بەكارهێنانی ئاو و بۆمبی غازی بڵاوەی بە خۆپیشاندەران كرد.


ئەوە لەكاتێكدایە، فەرماندە ئەحمەد قاید ساڵح، فەرماندەی باڵای هێزە سەربازیەكانی جەزائیر لە بەردەم لیژنەی دەستوری پەرلەماندا پرسی"ئایا سەرۆكێكی نەخۆش كە تەمەنی 82 ساڵە شایەنی ئەو پێگەیەیە؟"

دواتر ئەو لێدوانەی قاید ساڵح، لە لایەن پارتی ڕزگاری نیشتیمان" كە پارتی دەسەڵاتداری وڵاتەكەیە و پارتی"یەكێتی كرێكاران" پشتگیری لێكرا و ئاماژەیان بەوەكرد، حوكمڕانی بوتەفلیقە ماوەی 20 ساڵە درێژەی كێشاوە و لە كۆتایی نزیكبوەتەوە.

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی جەزائیر و پارتی دەسەڵاتدار، ئاماژەبو بۆ دەسەڵات گرتنەدەستی سوپا تا بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو وەكو ماوەیەكی تێپەڕاندن كاروباری وڵات رابپەڕێنن.

دوابەدوای لێدوانەكەی قاید ساڵح، سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكانی جەزائیر كە ماوەی پێنج هەفتەیە بەشێوەیەكی هێمنانە خۆپیشاندانەكان بەڕێوەدەبەن، پلانی دەسەڵات گرتنەدەستی سوپای وڵاتەكەیان رەتكردەوە و داوایانكرد چینی حوكومڕانی وڵات بەیەكجاری بگۆڕدرێت.

هاوكات، عەلی حەداد، یەكێك لەو گەورە بازرگانانەی هاوپەیمانی بوتەفلیقە بو و لە زۆرینەی كاروبارەكانی وڵاتدا هاوكاریكردوە، دەستی لە سەرۆكایەتی "دیداری سەرۆكی دامەزراوەكان"ی جەزائیر كێشایەوە.

عەبدولعەزیز بوتەفلیقە، لە تەمەنی 82 ساڵیدایە و ماوەی 20 ساڵە سەرۆكی وڵاتی جەزائیرە، لە ساڵی 2013 دا توشی جەڵتەی مێشك بوە و لەدوای ئەو روداوە دۆخی تەندروستی بە تەواوی تێكچوە و هاوڵاتیانی جەزائیر پێیانوایە چیتر توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی نەماوە.


نیشانەکردن :

#جەزائیر #خۆپیشاندان

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP